ئینستیتیوتی هێڵە نوێكان بڵاوی كردەوە، لە چوارچێوەی پێشهاتە نوێیەكان و پلانەكانی ئیدارەی ئەمریكا بۆ “دابڕانی” خۆی لە ململانێ سەربازییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێزەكانی ئەمریكا لە هەوڵی كشانەوەن لە عێراق و سووریا، بەجۆرێك ڕەنگە ئەمریكا “كشانەوەی لەناكاو” لەو دوو وڵاتە ئەنجام بدات، هاوشێوەی ئەو كشانەوەیەی لە ئەفغانستان ئەنجامیدا.
ئاوێنە: پەیامانگای ئینستیتیوتی هێڵە نوێكان ناوەندێكی ئەمریكییە و كاری توێژینەوەی ستراتیژیی دەكات و نزیكە لە حكومەتی ئەمریكا، سەبارەت بە كشانەوەی خێرایی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و كاریگەرییەكانی ڕاپۆرتێكی بڵاوكردەوە.
لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، ڕەنگە حكومەتی ئەمریكا “كشانەوەی لەناكاو” لە عێراق و سووریا ئەنجام بدات، هاوشێوەی ئەو كشانەوەیەی لە ئەفغانستان ئەنجامیدا، هەروەها بەپێی زانیارییەكانی كۆشكی سپیی ئیدارەكەی ترەمپ بەنیازە لەبری بەڕێوەبردنی ململانێكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ ئیسرائیل بكشێتەوە.
پەیمانگاكە هۆشداری داوە لە دەرئەنجامەكانی كشانەوەی خێرایی ئەمریكا بەتایبەت لە عێراق، ئەمە لەكاتێكدایە، لەم ماوەی دواییدا پێگەی ئێران لە عێراق كەم بووەتەوە، ئەمەش دەرفەتێك بۆ ئەمریكا دەڕەخسێنێت بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییەكانی خۆی، ئەگەر هێزەكانی ئەمریكا لە خێرا بكشێنەوە، ئەگەری هەیە ئەم دەرفەتە لەدەست بچێت .
پەیمانگاكە كۆمەڵێك ڕاسپاردەی بۆ ئیدارەی ئەمریكا بڵاوكردەوە، دیارترینیان:
-دواخستنی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٩ لەبری كشانەوەی بەپەلە.
-بەهێزكردنی هاوكاری سەربازی لەگەڵ حكومەتی عێراق بەتایبەتی لە بابەتەكانی پەیوەست بە دەستەبەركردنی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا، بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان، دەستەبەركردنی ئارامی سنوورەكان و دەستەبەركردنی بێلایەنی و پیشەیی بوونی هێزە ئەمنییەكانی عێراق، دوور لە كاریگەریی سیاسی.
-هەماهەنگی لەگەڵ یەكێتیی ئەورووپا و ئەركە مەدەنییەكەی بۆ پاڵپشتیكردنی هەوڵەكان بۆ بەرەوپێشبردنی دیموكراسی لە عێراق، ئەگەر واشنتۆن كشانەوەیەكی كتوپڕ ئەنجام بدات، لەوانەیە ئەم هەوڵانە تێكبشكێنرێت.
جێگای ئاماژەیە، هۆشدارییەكەی ئینستیتیوتی هێڵە نوێیەكان لە كاتێكدایە باس لەوە دەكرێت، كۆشكی سپی بەنیازە نێردە دیپلۆماسیەكانی خۆی لە عێراق كەم بكاتەوە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی بەردەوامی پۆستی بەتاڵی باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا، دوای چەند مانگێك لە پێكهێنانی حكومەتی نوێی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ.