میدیاکانی ئێران بەشێوەیەکی بەرفراوان لێدوانێكی "سەیر"یان بڵاوکردەوە، کە خستویانه‌ته پاڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و تۆمەتباریان کردوه بە "هێرشکردنە سەر سەردانکەرانی ئێرانی"، گوایه سودانی وتویه‌تی، "سه‌ردانكه‌ران بەخۆڕایی دەخۆن و دەخۆنەوە، هیچ خەرجیەک لە عێراقدا ناکەن"، به‌ڵام ئه‌و ده‌نگۆیانه ڕه‌تده‌كه‌رێته‌وه و به "درۆ، دروستكراو و ئامانجدار" ناوده‌برێت.
ئاوێنە: چەند میدیایەکی ئێرانی لە زاری محەمەد شیاع سودانییەوە بڵاویانکردەوە، "به‌گشتی سه‌ردانكه‌رانی ئێرانی، ئەفغانستانی و پاکستانی دێنە عێراق، چونکە بەخۆڕاییە، هه‌ندێك كه‌س پێیانوایه كه ملیۆنان دۆلار دەهێننە عێراق، بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کە زۆربەیان به‌بێ به‌رامبه‌ر دەخۆن و ده‌خۆنەوە و بە خۆڕایی شوێنی نیشته‌جێبونیان بۆ دابین ده‌كرێت و یەک دۆلاریش نادەن".
به‌گوێره‌ی ئه‌و میدیایانه‌ی ئێران كه هه‌واڵه‌كه‌یان بڵاوكردوه‌ته‌وه، سودانی وتویه‌تی، "سه‌ردانكه‌رانی ئێرانی، ئەفغانستانی و پاکستانی ئەگەر شتێکیان لە زبڵدا دۆزیەوە لەگەڵ خۆیان دەیبەن و هەروەها بە فرۆشتنی هەندێک داهات بەدەستدەهێنن".
بەڵام پلاتفۆڕمی پشکنینی ڕاستییەکانی ئێران باسی له‌وه‌كردوه، ئه‌و لێدوانه‌ی هه‌ندێك میدیای ئێرانی بڵاویاكردوه‌ته‌وه هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی نییه و سودانی له هیچ یه‌كێك له‌و چاوپێكه‌وتنانه‌ی ئه‌نجامیداوه لێدوانی له‌وجۆره‌ی نه‌داوه.
پلاتفۆڕمی پشکنینی ڕاستییەکان دەڵێت، "هیچ بنەمایەک بۆ ئەو بانگه‌شانه نییە و ڕون نییە لەسەر چ بنەمایەک بڵاوكراوه‌ته‌وه"، پێده‌چێت هه‌ڵمه‌تێكی سیاسی ئامانجدار بێت دژی سودانی ده‌ستپێكرابێت.
بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌نگۆیانه له‌كاتێكدایه كه 16ی ئه‌م مانگه محه‌مه‌د شیاع سودانی له‌میانی پانێلێكدا له دیداری سلێمانی له زانكۆی ئه‌مریكی له عێراق سلێمانی، ڕایگه‌یاند، بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوی په‌رله‌مانی عێراق به‌شدار ده‌بێت و جارێكی دیكه خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌پاڵێوێت.