حەكیم: لەگەڵ دروستكردنی هەرێمی نوێداین لە عێراق
  2025-04-23       217       

عەمار حەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمە رایگەیاند، ئەوان لەگەڵ دروستكردنی هەرێمی نوێدان لە عێراق بەڵام لەسەر بنەمای ئیداری نەك تائیفی. دەشڵێت، كۆبونەوەكەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سوریا، هیچ پێشێلكارییەكی تێدا نییە.

ئاوێنە: عەمار حەكیم، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە كۆڕبەندی "سین بۆ دیالۆگ" رایگەیاند، بەرژەوەندیی عێراق لەوەدایە كە پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سوریادا هەبێت.

وتیشی، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان ئاگاداری كۆبونەوەكەی سودانی لەگەڵ ئەحمەد شەرع نەبوە، حكومەت بڕیار لەسەر پرەنسیپی پەیوەندی لەگەڵ سوریا دەدات، ئاگادارنەكردنەوەكەش بە مانای پشتگوێخستنی چوارچێوەی هەماهەنگی نییە.

جەختیشی كردۆتەوە كە كۆبونەوەكەی سودانی لەگەڵ شەرع، هیچ پێشێلكارییەكی تێدا نییە.

لەبارەی لوتكەی عەرەبیش كە بڕیارە لە بەغدا بەڕێوەبچێت، وتویەتی، عێراق ئەندامانی كۆمكاری عەرەبی هەڵنابژێرێت، بەڵكو ئەو وڵاتەی میوانداری لوتكەكە دەكات پابەندە بەوەی كە بانگهێشت بۆ هەر 22 وڵاتی ئەندام بنێرێت بۆ بەشداری لە لوتكەكە، سەرپشك نییە لەوەی كێ بانگهێشت دەكات. بانگهێشتكردنی سوریا بۆ لوتكەكە، بانگهێشتكردنێكی شەخسی نییە، بەڵكو سوریا ئەندامە لە كۆمكاری عەرەبی، ئەوەش ئەحمەد شەرع چۆن بۆتە سەرۆكی ئەو وڵاتە، ئەوە پرسێكی نێوخۆیی سوریایە.

لە بەشێكی دیكە قسەكانیدا سەرۆكی رەوتی حیكمە وتی، عەبدولعەزیز حەكیمی باوكم یەكێك بو لەوانەی پشتیوانی لە بیرۆكەی دروستكردنی هەرێمەكان دەكرد بەڵام لەسەر بنەمای ئیداری نەك تائیفی، بۆیە منیش لەگەڵ بونی چەند هەرێمێكی ئیداریدام و دەستوریش مافی داوە كە هەرێمەكان بە پێكەوەبونی سێ پارێزگا یان زیاتر پێكبهێنرێن.

لەگەڵ ئەوەش وتویەتی، پێكهێنانی هەرێمەكان لە قۆناغی رابردودا سودی بۆ هاوڵاتیان هەبو، بەڵام لە دۆخی ئێستادا دروستكردنی هەرێمی دیكە، پەیامی دیكە دەگەیەنێت.

هێمای بۆ ئەوەش كرد، پشتیوانیم لە بەپارێزگابونی هەڵەبجە كرد، بەڵام قسەكردن لە هێنانەكایەی پارێزگای دیكە، كێشەی ئیداری و دارایی لە عێراق دروست دەكات، لەگەڵ ئەوەش پرسی بە پارێزگاكردنی تەلەعفەر، زادەی ئەمڕۆ نییە بەڵكو دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی رژێمی پێشو.

لەبارەی ئەوەی كە دانوستانەكانی ئێران و ئەمریكا بۆ بە نێودەنگیری عێراق نەبون، عەمار حەكیم وتی، عێراق ناتوانێت خۆی سەربە ئەو دو لایەنەدا بسەپێنێت، ئێران بەدوای وڵاتێكی زیاتر بێلایەندا گەڕاوەو عومانی هەڵبژاردوە.

وتیشی، لە گەڕی یەكەمی دانوستانەكانی ئێران و ئەمریكادا باس لە پرسە ناوچەییەكان نەكراوە، ئەوەشی پەیوەستە بە گروپە چەكدارە عێراقییەكانەوە، ئێمە لە پڕۆسەی تێكەڵكردنی تەواوەتی ئەو گروپانەداین بە دەوڵەت.

لەبارەی تازەكردنەوەی خولێكی دیكەی سەرۆك وەزیران بۆ سودانی، وتی، خولی دوەم بۆ سودانی شەخسێك بڕیاری لەسەر نادات، بەڵكو پەیوەستە بە هەڵبژاردنەوەو لەدوای هەڵبژاردن گفتوگۆ دەكرێت و سەرۆكایەتییەكان دیاری دەكرێن.

لەبارەی بڕیاری سەدر بۆ بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردنی داهاتو، وتویەتی، بەرژەوەندی ئێمە لەوەدایە كە هەموان بەشداربن لە پڕۆسەی سیاسیدا بەڵام ئەگەر لایەنێكی سیاسی دیاریكراو بەشداری هەڵبژاردن نەكات لەبەر هەر هۆكارێك، پێویستە رێز لە بۆچونی بگرین و ناتوانین بۆچونی خۆمانی بەسەردا بسەپێنین.

ئەوەشی وتوە، بەشداریكردنی رەوتی سەدر كە خاوەن پێگەو جەماوەرە، رۆڵی دەبێت لە بەرزكردنەوەی رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەكەدا، موقتەدا سەدر بەرلەوەی هاوبەشێكی سیاسیمان بێت، براو دۆستمانە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×