ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری و لاهور شێخ جەنگی، سەرۆكی بەرەی گەل كۆبونەوە. نوسینگەی سەرۆكی كۆمەڵ دەڵێت، هەردولا هاوڕابون كە پێویستە لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن کاری باشتر و جیددیی تر بکەن بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نوێی نیشتمانی.
ئاوێنە: نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی كۆمەڵ، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەلی باپیر بە ئامادەبونی ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای حزبەكە، پێشوازیی كرد لە لاهور شێخ جەنگی، سەرۆكی بەرەی گەل و ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتی.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە كۆبونەوەكەدا بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە تاوتوێ كرا و، باس لەو پێشهات و گۆڕانكارییانە كرا كە چاوەڕێ دەكرێن بێنە ئارا.
بەپێی راگەیەندراوەكە، "لەو سۆنگەیەوە هەردولا هاوڕابون كە هەر چی پێویست بێ بۆ گەلی كورد بیكەن و، چی لە بەرژەوەندیی میللەتەكەماندایە لەسەری تەبا و هاوهەڵوێست بن. بۆ ئەوەش پیویستە لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن کاری باشتر و جیددیی تر بکەن بۆ وەگەڕخستنی دامەزراوەكان و پێكهێنانی حكومەتێكی نوێی نیشتمانیی كە لە خزمەت خەڵكی هەرێمی كوردستاندا بێت بەبێ جیاوازی، تاكو لەم بارودۆخە خراپەی تێیدان ڕزگاریان بێ."
لای خۆیشییەوە لاهور شێخ جەنگی لە پەیامێكدا لەبارەی كۆبونەوەكە رایگەیاند، لە کۆبونەوەکەدا، گفتوگۆمان کرد دەربارەی چەند پرسێکی گرنگ و هەستیاری پەیوەست بە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و دۆخی گشتی هەرێم و عێراق و ناوچەکەو ئەو پێشهات و گۆڕانکارییە نوێیانەی کە ئێستا لە ئارادان.