وەفدێكی دەم پارتی و دەبەپە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بۆ ئامادەبون لە كۆنگرەی نیشتمانی كورد لە سوریا كە بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتو بەڕێوەبچێت، گەیشتنە رۆژئاوای كوردستان.
ئاوێنە: بەپێی میدیاكانی رۆژئاوای كوردستان، وەفدەكە پێكهاتون لە کەسکین بایندەر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتییەكان (دەبەپە)، سەرحەد ئەرەن، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی پارتی یەکسانی و دیموکراستیی گەلان (دەم پارتی)، ساڵیحە ئایدەنیز، گوڵجان کاچماز و محەمەد کاماچ، پەرلەمانتارانی دەم پارتی.
ئاماژە بەوەشدراوە، وەفدەكەی باكوری كوردستان، لەڕێگەی دەروازەی فیشخابور و لە باشوری كوردستانەوە، چونەتە رۆژئاوای كوردستان.
ئەوەش خراوەتەڕو، ئامانج لە سەردانی وەفدەكە بۆ ئەنجامدانی چەند كۆبونەوەیەك و ئامادەبون لە كۆنگرەی نیشتمانی كورد لە سوریا كە بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتو لەژێر ناوی كۆنگرەی "یەكڕیزیی هەڵوێستی كورد لە رۆژاڤا" بەڕێوەبچێت.
رۆژی 22ی ئەم مانگە، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە لە پەیامێكدا لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی ئێكس ئاشكرایكرد، رۆژی شەممە 26ی نیسان، كۆنگرەی "یەكڕیزی هەڵوێستی كورد لە رۆژاڤا" بەڕێوەدەچێت.
مەزڵوم عەبدی وتیشی"یەكێتی كورد پێویستییەكی نەتەوەییە بۆ چارەسەركردنی پرسی گەلی كورد لە سوریا."