وەفدی دەم پارتی ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەیان لەگەڵ وەزیری دادی توركیا ئاشكرادەكات
  2025-04-24       289       

دوای كۆبونەوەیان لەگەڵ وەزیری دادی توركیادا، وەفدی دەم پارتی ناوەڕۆكی كۆبونەوەكە ئاشكرادەكات و دەڵێت، بە وەزیری دادیان وتوە، لەژێر دۆخی گۆشەگیریدا، ئۆجەلان ناتوانێت بەشداری لە پڕۆسەی ئاشتیدا بكات، پێویستە لەوبارەیەوە هەنگاو بنرێت.

ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەفدی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لەگەڵ یڵماز تونج، وەزیری دادی تورکیا، کۆبونەوە. وەفدەكە پێکهاتبون لە هەردو هاوسەرۆكانی فراكسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمان، گوڵستان کلچ کۆچیگەت و سزای تەمەلی و هەروەها ئۆزتورك توركدۆغان، یاریدەدەری هاوسەرۆکانی گشتی دەم پارتی.

دوای تەواوبونی کۆبونەوەکە گوڵستان کلچ کۆچیگێت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کۆبونەوەکە لەسەر ئەو بابەتانەبوە کە وەزارەت دەتوانێت سودبەخش بێت بۆ پرۆسەکە و وتی"دەمەوێت ئەوەبڵێم کە سەرەکیترین بابەتی گفتوگۆکانمان دۆخی کارکردن و تەندروستی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان بو."

وتیشی"بە بانگەوازی 27ـی شوبات قۆناغێکی نوێی لە تورکیا کردەوە، دەرگای چارەسەرکردنی دیموکراسییانەی کێشەی کوردی کردەوە، ئێمە بە بەڕێز وەزیرمان ڕاگەیاند کە لە ژێر دۆخی گۆشەگیریدا، بەڕێز ئۆجەلان ناتوانێت بەشداری لەم پرۆسەیەدا بکات و دۆخی بەڕێز ئۆجەلان گرنگترین بابەتە بۆ پێشکەوتنی پرۆسەکەو ئەم دۆخە دەبێت بەبێ هیچ بیانویەک هەنگاوی بۆ بنرێت. لەم بارەیەوە، لە داهاتودا دەتوانین هەندێک پێشکەوتن ببینین."

گوڵستان کلچ کۆچیگیت وتیشی: "کێشەی زۆر جددی لە سیستەمی دادپەروەری تورکیادا هەیە و ئێمە دەرفەتی ئەوەمان هەبو کە بە شێوەیەکی بەرفراوان باسی بکەین، یەکێک لە گرنگترین بابەتەکان بەندکراوە نەخۆشەکانن، دەزانین کە ئەمە نە مرۆییە و نە یاساییە، بیروڕای خۆمان دەربڕی دەربارەی پێویستی ئەنجامدانی رێوشوێنێكی خێرا بۆ بەندکراوە نەخۆشەکان، بەخێرایی ئازاد بکرێن، ئێمە داواکارییەکانمان بۆ ئەم بابەتە پێشکەش کرد."

گوڵستان کلچ کۆچیگیت وتیشی"یەکێک لە بابەتەکانی تری کۆبونەوەکە لیژنەکانی بەڕێوەبردن و چاودێری بون کە ڕێگردەبن لە ئازادکردنی بەندکراوان، داوامان کرد ئەم لیژنانە سەرلەنوێ هەڵبسەنگێندرێن و دیموکراتیزە بکرێن، لەگەڵ ئەمەشدا؛ وتمان کە پێویستە ئەم لیژنانە بڕیارەکانیان بەپێی پێوەری بابەتی بدەن، ئەم میکانیزمە، وەکو میکانیزمی سزادانی دوەم بەکاردەهێنرێن و داوامان کرد دیموکراتیزە بکرێن و بەم شێوەیە لە پاکێجەکەدا جێگیر بکرێن."

گوڵستان کلچ کۆچیگیت ئاماژەی بەوەش کرد:"باس لە سزا دیسپلینەکان دژی بەندکراوان کرا" و وتیشی"ئەم سزا دیسپلینانە دەبێت بەڕاستی سەرلەنوێ ڕێک بخرێنەوە و ئەو چالاکییانەی بەندکراوان کە بۆ باشترکردنی دۆخی بەندیخانە ئەنجامیان دەدەن، وەک تاوانی دیسپلین هەژمار دەکرێن نابێت قبوڵ بکرێت."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×