كەشناسی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی لەگەڵ خۆڵبارینێكی كەم و پێشبنی نمەبارانێكی كەم لە ناوچە شاخاوییەكان دەكرێت، بەڵام سبەی شەممە لە دوای نیوەڕۆوە باران بارین زۆربەی ناوچەكان دەگرێتەوە.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا وتی، ئەمڕۆ هەینی، ئاسمان لە نێوان نیمچە هەور و هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بونی کەمێک تۆزوخۆڵ لە کەشدا، هەروەها پێشبینی نمە بارانێکی کەم دەکرێت لە ناوچە شاخاوییەکان و پلەكانی گەرماش نزیك دەبن لە تۆماركراوەكانی دوێنێ.
هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، سبەی شەممە، ئاسمان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت، لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ نمە باران و بارانی مامناوەند بەپچڕپچڕی دەبارێت و پاشان ڕێژەی دابارین زیاد دەکات لە هەندێک کات و ناوچە دەگۆڕێت بۆ هەورە تریشقە و تاوە بارانی کورتخایەن بەتایبەت لە سنوری ئیدارەی سۆران و ڕاپەڕین، لە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە کەشەکە ئاسایی دەبێتەوە و کاریگەری باران بارین نامێنێت .
هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە سبەی پلەكانی گەرما 1 تا 2 پلە نزمتر دەبن لە چاو تۆماركراوەكانی ئەمڕۆ.
كەشناسی هەرێم پێشبینی كردوە بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی بەم جۆرە بن: ھەولێر: 30، سلێمانی: 28، دھۆک: 28، کەرکوک: 33، ھەڵەبجە: 28، زاخۆ: 29، حاجی ئۆمەران: 18، سۆران: 26، گەرمیان: 36 پلە.