وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند،ئامانج لە بەردانەوەی نوسراو لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی پەکەکە، بۆ ئەوەیە باوەڕ بەو گەریلایانە بهێنن کە دوودڵن لە چەکدانان و خۆبەدەستەوەدانیان.
ئاوێنە: سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا رۆژى پێنج شەممە ئاماژەى بەوەکرد، ئامانج لە بەردانەوەی نوسراو کە داوا لە گەریلاکانی پەکەکە دەکات چەک دابنێن و خۆیان ڕادەست بکەن، بە مەبەستی هاندانی پەکەکەیە بۆ پرۆسەی چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی، ئەوەش بەپێی رۆژنامەی حورییەتى تورکی .
جەختیشیکردەوە، تورکیا پێداگیرە لە بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە و ئاگادارکردنەوەی گەریلاکان لەوەی تاکە ڕێگای بەردەمیان خۆبەدەستەوەدانە، بۆ ئەو مەبەستەش نوسراوی ئامادەکراویان بە تورکی، کوردی و عەرەبی بەسەر ئەو ناوچانەی باشوری کوردستاندا بەرداونەتەوە کە لەژێر کۆنتڕۆڵی پەکەکەدان.
سەرچاوەکە ئاماژە بەوە دەدات کە لە ڕێگای بەردانەوەی ئەو نوسراوەوە دەیانەوێت باوەڕ بەو گەریلایانە بهێنن کە دوودڵن لە چەکدانان و خۆبەدەستەوەدان.
نوسراوەکەی سوپای تورکیا بۆ گەریلاکان باسی چی دەکات؟
هەفەى رابردوو سوپای تورکیا لە ڕێگای فڕۆکە جەنگییەکانییەوە نوسراوی بەسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەکەکە بەردایەوە و لە ڕێگای ئەو نووسراوانەوە داوای لە گەریلاکان کرد خۆیان بە دەستەوە بدەن.
لە نوسراوەکەدا هاتووە:
*عەبدوڵڵا ئۆجەلان بانگەوازی هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەکەی و چەکدانانی کرد، بەدەم بانگەوازەکەیەوە وەرن!
* سەیرکە هەڤاڵەکانت کە خۆیان بەدەستەوە داوە چی دەڵێن:
"من دەلالم، دەستم لە تۆ بەردا، خۆم بە دەستەوەدا، دەوڵەت منی پاراست. هەموو تەلەفزیۆنەکان دەڵێن کە عەبدوڵا ئۆجالان بە پەکەکە دەڵێت پێویستە خۆی هەڵوەشێنێتەوە. من لێرە تێگەیشتم. لە ئەشکەوت وەرنە دەرەوە. ئێمە چاوەڕوانتانین."
"من جیهادم، پێیان نەدەگوتین کە سەربازە تورکەکان ئەوەندە باشن. من ئاسوودەم، خواردنی گەرمیان پێم دا. زۆر باش ئاگادارمان بوون. دوای چەندین ساڵ، ڕێگەیان دا چاوم بە خێزانەکەم بکەوێت".
"من دەڤریم سەرحەدم، بارودۆخم ئێستا زۆر باشە. قاچم تەداوی دەکرێت. ئێوەش خۆتان بەدەستەوە بدەن و ڕووەو ژیانی ئازاد وەرن".
"من شەڤگەرم، لە پیردۆگان بووم. خۆم بەدەستەوە دا. هەموو شتێکیان بە دڵی من کردووە".
*وەرن! ئەم دەرفەتە لەدەست مەدەن! خۆت بە بەخشندەیی دەوڵەت بسپێرە. باوەڕمان پێبکە! مافی تۆیە وەک مرۆڤ بژی. لە ئەشکەوت وەرە دەرەوە!
*پارچە کوتاڵێک بەرز بکەوە، ئێمە ڕێبەرایەتیت دەکەین.
*بەر لەوەی زۆر درەنگ بێت، وەرەوە و لەگەڵ ئەزیزەکانت لە ئاشتیدا بژی.