بەرپرسێکی ئێرانی ئاگادار لە دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا ڕایگەیاند، ئێران بەرنامەی موشەکی خۆی بە گەورەترین بەربەست لە گفتوگۆکاندا دەزانێت نەک پیتاندنی یۆرانیۆم.
ئاوێنە: لە میانی دانوستانەکانی چەند ڕۆژ لەمەوبەر لە ڕۆما، لایەنی ئێرانی و ئەمریکی ڕێککەوتن لەسەر دەستپێکردنی پەرەپێدانی چوارچێوەیەک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی لەمێژینەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی بۆردومانی ئێرانی کرد ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت.
بەرپرسێکی ئێرانی ئاگادار لە دانوستانە ئەتۆمییەکان ڕایگهیاند، "دانوستانکارانی ئێرانی ڕۆمایان بەجێهێشتوە و قەناعەتیان هەبوە کە ئەمریکا هەڵوێستی تارانی قبوڵ کردوە کە بەتەواوی کۆتایی بە بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم ناهێنێت یان دەستبەرداری هەمو ئەو یۆرانیۆمەی کە پێشتر پیتاندنی کردوە نابێت، بەڵام بەرنامە موشەکییەکەی وەک خاڵێکی سەرەکی مشتومڕ ماوەتەوە".
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەم هەفتەیەدا ڕایگەیاند، "ئێران بە پێی ڕێککەوتنەکە دەبێت پیتاندنی یۆرانیۆم بە تەواوی ڕابگرێت و هەر یۆرانیۆمێکی پیتێنراو کە پێویستی پێیەتی بۆ کارپێکردنی وێستگەی ئەتۆمی بوشێهر کە تاکە دامەزراوەی ئەتۆمی کارپێکراوە، هاوردە بکات".
ئەو بەرپرسە ئێرانییە ئەو لێدوانەی بە "هەڵوێستێکی نوێی میدیایی" وەسف کرد و ئاماژەی بەوەدا کە بەشداری لە پێشکەوتنی دانوستانەکاندا ناکات.
ئەو بەرپرسە ئێرانییه وتی، "تاکە خاڵی چەسپاو لە گفتوگۆی گشتی و لێکتێگەیشتنی هاوبەشدا دەمێنێتەوە، پرسی موشەکییە".
ئەو بەرپرسە جەختی لەسەر هەڵوێستی پتەوی ئێران کردەوە کە هیچ ئیمتیازێکی دیکە سەبارەت به بەرنامەی موشەکییەکەی نادات کە لە ڕێککەوتنێکی پێشودا کە لە ساڵی 2015 ئەنجامدرابو، وتیشی، "توانا بهرگرییهكانی ئێران ناتوانرێت دانوستانی لهسهر بكرێت".
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئامادەنەبو هیچ لێدوانێک بدات، لەکاتێکدا کۆشکی سپی تا ئێستا وەڵامی داواکارییەکانی بۆ لێدوان نەداوەتەوە.
وڵاتانی ڕۆژئاوا ترسیان لەوە هەیە کە پرۆگرامی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە ماددە بەرهەم بهێنرێت کە بتوانێت بۆ دروستکردنی سەری ئەتۆمی بەکاربهێنرێت، هەروەها نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لەوەی تاران هەوڵی پەرەپێدانی موشەکێکی بالیستیکی هەیە کە توانای هەڵگرتنی سەری ئەتۆمی هەبێت.
ئێران دەڵێت، بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنها بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و بەکارهێنانی مەدەنی دیکەیە، هەروەها یۆرانیۆم پیتاندن دەکات بۆ ئەوەی وەک سوتەمەنی بۆ ئەو مەبەستانە بەکاریبهێنێت.
ئێران ڕەتیدەکاتەوە هەوڵی پەرەپێدانی ئەو موشەکیانە بدات کە توانای هەڵگرتنی سەری ئەتۆمی هەبێت و دەشڵێت، توانا بەرگرییەکانی لە هەر دانوستانێک سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا دانوستانیان لەسەر نییە.
میدیاکانی دەوڵەتی ئێران بڵاویانکردەوە، وتوێژەکانی سبهی شەممە لە نێوان عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئێران، لە ڕێگەی بەرپرسێکی عومانییەوە، کە پەیامەکانی نێوانیان لە مەسقەت دەگوازێتەوە.
ئەوە دەبێتە سێیەمین خولی دانوستانەکان، کە سەرەتای ئەم مانگە لە عومان دەستیپێکرد، دواتر بۆ خولی دووم ڕوی لە ڕۆما کرد، پێش ئەوەی سبەی بگەڕێتەوە بۆ عومان.
ئهمڕۆ هەینی ترهمپ ئامادەیی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ عەلی خامنەیی، یان مەسعود پزیشكیان، سەرۆکی کۆماری ئێران دەربڕی و وتی، "دەرفەتێک دەبینم بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن".
ترهمپ لە ماوەی یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا کە لە ساڵی 2017 دەستی پێکرد، کشایەوە لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی پێشووی ئێران کە لە ساڵی 2015 واژۆکرابو، کە سنووردارکردنی بۆ بەرنامەی پیتاندنی ئێران و ڕژێمێکی چاودێری لە بەرامبەر ڕزگارکردنی سزاکاندا سەپاند، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەڵێت، ئێران لەوکاتەوە پیتاندنی یۆرانیۆمی خێراتر کردووە.
هەروەها بڕیارنامەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان کە پشتگیری لە ڕێککەوتننامەی ساڵی 2015 دەکات، سنوردارکردنی بۆ بەرنامەی موشەکی ئێران داناوە.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەکرد، هەڵوێستی ئێران لە پێشێلنەکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتننامەی ساڵی 2015 و مەرجەکانی بڕیارنامەکە بەو مانایەیە کە "تەنها وەک ئاماژەیەکی نیازپاکی خۆی لە دروستکردنی موشەک کە توانای هەڵگرتنی سەری ئەتۆمی هەیە" دەپارێزێت.