ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەبارەی كێشەی غاز وتی، هەمو ساڵێك لە مانگەكانی 12، 1 و 2دا گرفتی غازی ماڵان دروست دەبێت. دەشڵێت، بۆ چارەسەركردنی كێشەكە مانگانە دو بتڵ غاز بە هاوڵاتیان دەدەن.
ئاوێنە: ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەمو ساڵێک لە مانگی 12، 1 و 2ـی ساڵی نوێ، گرفتی گازی ماڵان دروست دەبێت، لەبەرئەوەی بەكارهێنانی غاز لۆدێکی زۆری دەکەوێتە سەر.
ئاماژەی بەوەش دا "بەپێی ئەو بەرنامەیەی هاوین دامانڕشتوە و ئەو غازەی کۆگا کراوە، ئەمساڵ ئەو گرفتە لەهەولێر نەبو، هەروەها بەشێوەیەکی زۆر باش کۆنترۆڵی دۆخەکە کراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ڕێکخستن و چارەکردنی بنەڕەتیی ئەو کێشەیە، سیستەمی کۆبۆن یەکێک دەبێت لە بژاردەکان و دادپەروەریی تێدا هەیە."
پارێزگاری هەولێر گوتیشی "ئێستا میکانیزمێکمان بۆ ئەو چەند مانگە بەکارهێناوە، ئەویش مانگانە دو بتڵ غاز بە هاوڵاتیان دەدرێت، ئەمەش وەکو سەرەتاییەکە تاوەکو لە ئایندەدا جێگیر بکرێت."