هەمواری بڕگەی تایبەت بە نەوتی هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەی فیدراڵی عێراق دەگوازرێتەوە بۆ ناو خشتەكانی بودجەی ٢٠٢٥، خشتەكانیش سەرەتاڵی ساڵی ئایندە دەگەنە پەرلەمان بۆ یەکلاییکردنەوەی.
ئاوێنە: عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند "بەپێی قسەی سەرۆكی حكومەت، خشتەكانی بودجەی ساڵی ٢٠٢٥ لە سەرەتای ساڵی ئایندەدا دەگاتە ئەنجومەنی نوێنەران".
پرسی هەمواری بڕگەی (ج) لە ماددەی ١٢ـی یاسای بودجەی گشتیی عێراق كە رێككەوتنی هەردوو حكومەتی هەولێر و بەغدای لەسەرە سەبارەت بە نرخی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە كوردستان، هێشتا پەسەند نەكراوە. لەوبارەیەوە سەرۆكی لیژنەی دارایی وتی "هەمواری بڕگەكە رەوانەی ناو خشتەكانی بودجەی ٢٠٢٥ دەكرێت".
عەتوانی ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە چارەسەرێكی ریشەیی بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵیی و حكومەتی هەرێم بدۆزرێتەوە، هەروەها وتیشی "ئامانجەكە تەنیا ئەوە نییە بڕگەی نوێ بۆ بودجە زیاد بكرێت، بەڵكو ئەوەیە بڕگەی وا پێشكەش بكرێت كە بتوانرێت جێبەجێ بكرێت".
ناوبراو باسی لەوەشکرد، هەموارەكانی بڕگەی تایبەت بە نەوتی هەرێمی كوردستان خراوەتە بەردەم چاودێریی دارایی فیدراڵ، ئەویش تێبینی خۆی داوە لەبارەی خاڵە كۆنەكانی ناكۆكیی سەبارەت بە پاكتاوی شایستەكانی نەوت و لیژنەی دارایی بەشێوەیەكی جددی چاودێری پرۆسەكە دەكات لە داهاتوودا.
هەمواری ماددەی ١٢/دووەم/ ج لە یاسای بودجەی سێ ساڵەی فیدڕاڵی، تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم، تێیدا لەبری (٦ دۆلار)، بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك لە نەوتی هەرێم بڕی (١٦ دۆلار) دیاریكراوە، ئەمە تا ئەوكاتەی لەماوەی ٦٠ رۆژدا کۆمپانیایەکی پسپۆری نێودەوڵەتی؛ خەمڵاندنێکی راستەقینەو دادپەروەرانە دەکات بۆ تێچووی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم و لەسەر ئەم بنەمایە نرخێكی نوێ دەچەسپێندرێت.
جێی ئاماژەیە، لەسەر بنەمای ئەم رێككەوتنە و هەمواری یاسای بودجە، وەكو كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی کوردستان بە وەكالەت دەڵێت "پێشبینی دەكرێت لەسەرەتای ساڵی ئایندەوە هەناردەی نەوتی هەرێم بە بۆری بۆ بەندەری جەیهانی توركیا دەستپێبكاتەوە".