ئا: هێڤی ئاوات
شوگەردادی، زاراوەیەکە ئەمڕۆ بەهەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوەو ئاماژەیە بۆ جۆرە پەیوەندییەکی سۆزداریی لەسەر بنەمای ماددی بنیاتدەنرێت لەنێوان کچێکی گەنجی جوانو پیاوێکی بەتەمەنی دەوڵەمەنددا، پیرەپیاوەکە هەموو خەرجییەکانی کچەکە لەئەستۆ دەگرێت، توێژەرێکی کۆمەڵایەتی دەڵێت "خەریکە لەکوردستانیش شوگەردادی سەرهەڵدەدات".
رەزییە (ناوێکی خوازراوە) تەمەنی ٣١ ساڵە، پێشبینی نەدەکرد رۆژێک بکەوێتە داوی سۆزدارییەوە لەگەڵ بەختیاری (تەمەن ٦٣ ساڵ)، کاتێک خوێندنی پەیمانگای تەواو کردو بەدوای کارێکدا دەگەڕا، هەلی کاری لەکۆمپانیایەکدا وەک کارمەند دەستکەوت، دوای چەند مانگێک کارکردن، هەستی کرد خاوەنی کۆمپانیاکە، بەختیار (ناوێکی خوازراوە) زۆر بەدەورو خولیدا دێتو نازو بایەخێکی تایبەتی پێدەدات.
ئەوکاتە بەختیار تەمەنی ٥٨ ساڵ بوو، کە خۆشەویستی خۆی بۆ رەزیە دەربڕی، ئەمیش ئەوکات تەمەنی ٢٦ ساڵ بوو، رەزیە سەرەتا دوودڵ بوو، بەڵام لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا پەیوەندییان گەرمو گوڕی تێکەوتو هەفتانە دەچوونە دەرەوەو پێکەوە کاتیان بەسەر دەبرد، دیاریی بەنرخو جلوبەرگی گرانبەهای بۆ دەکڕی، نازی دەدایەو هەموو تێچووی ژیانی لەئەستۆدەگرت، رەزیە وتی "وەختێکم زانی ئاشقی بەختیار بوومو دەستمان بەپەیوەندی خۆشەویستی کرد".
رەزیە وتی "لەسەرەتادا چاوەڕێی ئەوەم نەدەکرد ئاشقی شوگەردادیەکەم بم، بەڵام وایلێکردم بەشێوەیەکی تر سەیری ژیان بکەم، هەموو پێداویستییە سەرەکیەکانی ژیانمی بۆ دابین کردم کە گرنگترینیان ئۆتۆمبێل بوو، ئیتر هەستم دەکرد لەهیچم کەم نییەو هەموو خەرجییەکانمی لەئەستۆ گرتووەو ژیانێکی لۆکس بەسەردەبەم".
رەزیەو بەختیار ئێستا لەپەیوەندی سۆزداریدان، سەرەڕای ئەوەی جیاوازی تەمەنیان ٣٢ ساڵە، رەزیە وتی "لەکاتێکدا کە زۆربەی هاوڕێکانم بێکارن، من لەدوو شوێن دەوام دەکەم، شوگەردادیەکەم بەهۆی پەیوەندییەکانیەوە جگە لەکۆمپانیاکەی، کارێکیشی لەدامەزراوەیەکی نیمچە فەرمیدا بۆ دۆزیومەتەوە، بەیانیان لەو دامەزراوەیەو ئێوارانیش لەکۆمپانیاکەی دەوام دەکەم، هەر بۆخۆم خەریکی بازاڕکردنو گەڕانم".
رەزییە، بەلایەوە ئاساییە کە پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ کەسێک هەبێت تەمەنی لە ٦٠ ساڵ زیاتر بێت، بۆ ئەوەی یارمەتی دارایی بداتو هاوکاریی بکات تا هەست بەسەقامگیریو خۆشبەختی بکات لەژیانییدا، ئەو وتی "هەرچەندە شوگەردادیەکەم تەمەنی ٦٣ ساڵە، بەڵام زۆر چوستو چالاکەو پڕ ئەنێرژییە."
رەزییە، نمونەیەکە لەدەیان کچو تەنانەت ژنی گەنجیش، کە پەیوەندی سۆزداریی لەگەڵ "شوگەردادی" دروستدەکەن، بۆ بەدیهێنانی ژیانێکی ئاسوودە، بەهۆی ئەو بارودۆخە سەختە ئابورییەی کوردستانی تێکەوتووە.
ئازاد (ناوێکی خوازراوە) تەمەنی ٥٩ ساڵەو بازرگانە، پەیوەندی سۆزداریی لەگەڵ کچێکدا هەیە کە تەمەنی ٢٨ ساڵە، وەک بەخۆی دەڵێت "شوگەردادی"یە، بەبڕوای ئەو ئەم جۆرە پەیوەندییە یەکێکە لەهۆکارەکانی تەمەندرێژییو تەندروست باشیو دوورخستنەوەی نەخۆشی جەستەییو دەرونی لەمرۆڤ، ئەو بەدەم پێکەنینەوە وتی "ژیان کردن لەگەڵ کچێک یان ژنێکی زۆر گەنجتر لەخۆت، پرۆسەی پیربوون خاو دەکاتەوەو تەمەن درێژ دەکاتەوە، بۆ ئەم تەمەنەی من دەرمانو مایەی خۆپاراستن لەچەندین نەخۆشییە".
وتیشی "باوەڕم بەوەیە ئەم جۆرە پەیوەندییە کاریگەری لەسەر تەندروستی جەستەییو دەروونی کەسانی بەتەمەن هەیە، ئەو هەستەی لا دروست دەبێت کە هێشتا هەر گەنجەو پیر نەبووە".
بەڵام دەرونناسو توێژەرانی کۆمەڵایەتی ئاماژە بەوە دەکەن شوگەردادی دیاردەیەکی نەگونجاوە لەگەڵ کلتورو دابونەریتی کۆمەڵگەو زیاتر دەچێتە خانەی "پێدانو وەرگرتن"و رەتاندنی گیرفان یا جەستەی یەکترەوە.
بەیان ئەبوبەکر، توێژەری کۆمەڵایەتی ئاماژە بەوە دەکات کە شوگەردادی بەمانای پیرە پیاوێکی دەوڵەمەند دێت کە پارەیەکی زۆر بۆ کچە هاوڕێکەی یان ژنە گەنجە هاوڕێکەی خەرج دەکاتو جیاوازی تەمەنی نێوانیان زۆر زۆرەو پیاوەکە لەتەمەنی باوکی کچەکانداو هەندێجار زیاتریشە، کچەکە تەمەنی لەبیستەکاندایەو پیاوەکەش لەسەروو پەنجا ساڵو زیاتریشە، کچە گەنجەکە لەڕووی داراییەوە سوود لەپیاوە بەتەمەنەکە وەردەگرێت بەناوی پەیوەندی خۆشەویستییەوەو لەبەرامبەریشدا پیرەپیاوەکە سوودو چێژ لەسۆزو خۆشەویستی کچە گەنجەکە دەبینێت، ئەو بەئاوێنەی وت "سۆشیاڵ میدیا یەکێکە لەهۆکارە دیارەکانی بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە پەیوەندییە، لەم ساڵانەی دواییدا زۆر قسە لەسەر شوگەردادی دەکرێت لەئەروپاو ئەمەش کاریگەری لەسەر ئێرەش هەبووە، کە هەندێک کچو ژنی شۆخو شەنگی گەنج بەدوای پیاوێکی دەوڵەمەندی سەروو پەنجا ساڵدا بگەڕێن بۆ ئەوەی ببێتە شوگەردادییان، ئێستا لەسۆشیال میدیادا باس لەم جۆرە پەیوەندییە دەکرێت، کە شوگەردادی دەبێتە کەسێکی خەمخۆری کچە گەنجەکەو قەرەبووی ئەو کەموکوڕییە داراییانەی بۆ دەکات کە تووشی دەبێتو تێجووی ژیانی لەئەستۆ دەگرێت، کچەکەش قەرەبووی ئەو وشکەساڵییە سۆزدارییە دەکات کە پیرە پیاوەکە تووشی بووەو سۆزو نازی دەداتێ".
وتیشی "بەڵام ئەم جۆرە پەیوەندییە زۆرجار ناچێتە پەیوەندی خۆشەویستی راستەقینەوەو پەیوەندییەکی ساختەیە، لەبەرئەوەی کچەکە گیرفانی دەوڵەمەندەکەی خۆشدەوێت نەک خودی پیاوە دەوڵەمەندەکە، بۆیە لەسەر کچان پێویستە بیر لەوجۆرە پەیوەندییە بەهیچ شێوەیەک نەکەنەوە، کە لەسەر کەسایەتیو ناوو ناوبانگیان دەکەوێو دەبێت هەوڵبدەن خۆیان کار بکەنو خاوەنی ئابوری سەربەخۆی خۆیان بن".
ئەم توێژەرە ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا لەکۆمەڵگەدا پێچەوانەکەی "شوگەردادی"یش خەریکە سەرهەڵدەدات، کە ئەویش "شوگەرمامی"یە، ئەو وتی "شوگەرمامی، ژنێکی بەساڵاچووە کە زۆرجار تەمەنی ٤٥ یان ٥٠ ساڵو زیاتریشە، پارە خەرج دەکات بۆ کوڕێک کە تەمەنی ٢٠ بۆ ٣٠ ساڵە یان لەتەمەنی منداڵەکەیایەتی، زۆرجار کوڕان بەدوای ئەم جۆرە ژنانەدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی یاری بەئەقڵیان بکەنو بەناوی پەیوەندی خۆشەویستییەوە فریووییان بدەنو پێیان رابوێرنو کاتیان لەگەڵ بەسەربەرنو بیانخەنە تەڵەوەو پارەیان لێبکێشنەوەو داهاتووی خۆیانی پێ مسۆگەر بکەن، دوایش پێیان پێبکەنن".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.