لەدوای ئەوەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان شەش ئەندامی بێبەش دەکات لە کۆنگرەی نۆیەمی حزبەکەی، بەوتەی ئەبوبەکر هەڵەدنی ئاڵۆزی کەوتووەتە حزبەکە و بووە بە دوو ئاراستە و ئێستاش هێزێکی چوارەمی لاوازە، هەروەها لەسەر هۆکاری بێبەشبونیشیان دەڵێت "هەموو خاڵەکانمان جێبەجێکردووە، تەنیا لە کۆبوونەوەکانی شورای گشتی بەشداریمان نەکردووە، چونکە بە فەرمی هەڵوەشاوەتەوە".
ئاوێنە: ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا سەبارەی بە بێبەشبوونیان لە بەشداریکردن لە کۆنگرەی نۆیەمی حزبەکەی بۆ ئاوێنە وتی "ئێمە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان راستەوخۆ دەبینە ئەندامی کۆنگرە، چونکە هەندێکمان دەستەی دامەزرێنەرین و هەندێکمان ئەندامی شورای گشتین، بەڵام هاتوون کۆمەڵێک رێنماییان دەرکردووە بەناوی ئەوەی کە بەشداری کۆبوونەوەکانی شورامان نەکردووە یاخود ئیلتیزاماتمان نەبوووە یان هەندێکمان ئابوونەمان نەداوە، من بەشەکەی خۆم ئیلتیزاماتی خۆم جێبەجێکردووە و ئابوونەی حزبیشم داوە، تەنیا کۆبوونەوەکانی شورای گشتیە بۆ ئەوە بەشداریمان نەکردووە کە شورای گشتی بە فەرمی هەڵوەشاوەتەوە".
لەسەر هۆکارێکی دیکە هەڵەدنی نەیشاردەوە کە سزادانێکی سیاسییە، ئەو وتیشی "پابەند نەبونمان ئەوە پاساو نییە، چونکە پەیڕە و لە سەرووی رێنماییەوەیە و پەیڕەویش هیچ مەرجێکی دانەناوە بۆ ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری حزب و ئەندامی شورای گشتی کە دەبێت ئەو شتانە بکات ئینجا دەبێت بە ئەندامی کۆنگرە، بۆیە ئەو بڕیارە نا پەیڕەوییە".
سەبارەت بەوەی ئەگەر بێبەشبکرێت چ رێکارێک دەگرنەبەر؟ ئەبوبەکر هەڵەدنی رونیکردەوە "دەنگمان هەڵبڕیوە ئێستا تۆپەکە لە ساحەی سەرکردایەتی و کادیرە ناوەندییەکانی حزبە کە ئەو ستەمە هەڵبگرن لەسەرمان، بەڵام ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەڕۆن سورن لەسەر ئەوەی کە بێبەشبین، ئێمە لەداهاتوودا راوێژ دەکەین کە هەڵوێستمان چیبێت! ئەم چەند رۆژەش چاوەڕوان دەبین بزانین سورن لەسەر بڕیارەکە یاخود نا".
ئاوێنە لە پرسیارێکی دیکەدا ئاماژە بەوە دەدات کە تاچەند راستە هۆکارەکە وەرگرتنی پۆستی سەروو خۆتان بێت؟ ئەندامەکەی یەکگرتووی ئیسلامی رایگەیاند "ئێمە پێشتر پۆستی باڵامان هەبووە، بۆ نمونە ئەبوبەکر کاروانی نزیکەی چوار خول ئەندامی سەرکردایەتی مەکتەب سیاسی بووە، مامۆستا مەولود باوە موراد لە حەوت کۆنگرە مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتی بووە، مامۆستا عەلی و مامۆستا محمەد رەئوف پێنج خول، خۆشم سێ خول سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسی بووم، وە پێشتریش سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو بووم. وە لە کۆنگرەی هەشتەم خۆم پاشگەزبوومەوە وتم با لە تەمەنی ٤٩ ساڵی کورسیەکەم بۆ هاوڕێیانی دیکەم بێت".
لەبارەی سیاسەتی نێو یەکگرتووی ئیسلامی کە ئایا ئاڵۆزی تێکەوتووە؟ هەڵەدنی ئاشکرای دەکات "بەدڵنیاییەوە ئێستا لەناو یەکگرتوو دوو ئاراستەی جیاواز دروستبووە، هەندێکیان ئەو رێکارەی بەرامبەرمان گیراوەتەبەر ئاسایی دەیبینن، بەشێکی زۆریشیان نیگەرانن بەو حاڵەتە، ئێمە هیوادارین بە عاقارێکدا بشکێتەوە خزمەت بە بەرەوپێشچوونی یەکگرتوومان بکات نەک پێچەوانەکەی".
پەیوەست بەوەی دوای بێبەشبوونیان دەست لە حزبیبوون هەڵدەگرن؟ ئەندامەکەی یەکگرتوو وتی "ئێمە نیگەرانین لەکۆی پڕۆسەکە، چونکە سیاسەتی ئەو حزبەمان پێ هەڵەیە لەگەڵ پەیکەرەکەی، ئێمە وتومانە؛ دەبێت گۆڕانکاری لە گوتاری حزب و لە مامەڵەی لەگەڵ کێشە سیاسییەکان بکرێت، چونکە ئێستا یەکگرتوو هێزێکی چوارەمی لاوازە کە رۆژانێک هێزی دووەم بووە. بۆیە ئەو شەشەمان کە بێبەشکراوین هەر یەکگرتوین و راستە پۆست و بەرپرسیارییەتیمان نییە، بەڵام ئەندامی یەکگرتووین".