ئەمریكا و ئەڵمانیا گۆڕانکاری لە سیاسەتی رۆژئاوا دەکەن
  2024-12-21       4897       

بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی (ئەلعەرەب)، لێدوانەكانی ئەمریكاو ئەڵمانیا ئاماژە بەگۆڕانكاری لە سیاسەتی خۆرئاوا دەكەن بەرامبەر بەكوردانی سوریا، ئەو گۆڕانەش پەیوەستە بەو گۆڕانكارییەکانی سوریاو باڵادەستییەی ئێستا توركیا لەسوریا هەیەتی.

ئاوێنە: رۆژنامەی (ئەلعەرەب) بڵاویکردووەتەوە، باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری خۆرهەڵات ناوەڕاست، لەمیانی سەردانەكەی بۆ دیمەشق وتویەتی "توركیا هەژمونێكی گەورەی هەیە لە سوریا و بەرژەوەندی ئەمنیی و بەرژەوەندی زۆریتری هەیە".

وتوشیەتی "ئەو دۆخەی هانی كوردی داوە لە باكور و باكوری سوریا بۆ ئەوەی خۆیان رێكبخەن و بەرگری لەخۆیان بكەن بەشێوەیەكی زۆر گەورە گۆڕانی بەسەردا هاتووە".

لەگەڵ ئەوەی قسەكانی ئەو بەرپرسە ئەمریكیە هیچ وردەكارییەكی لەبارەی ئەو گۆڕانە لەهەڵوێستی ئەمریكا بەرامبەر بە هاوپەیمانە كوردەكانی روون نەكردووەتەوە، بەڵام ئاماژە بەبوونی گۆڕانكارییەكی مەبەستدار دەكات بۆ رازیكردنی ئەنقەرە.

هەروەها دیارنییە قسەكانی باربارا لیف پەیوەیستە بە ئیدارەی بایدن، كە سەرقاڵی خۆكۆكردنەوەو بەجێهێشتنی شوێنەكەیەتی بۆ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ.

هاوکات، دوێنێ‌ هەینی ئەنالینا بیربوك، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دوای دیداری لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا لەوبارەیەوە هەڵوێستی خۆی رونکردووەتەوە و وتی "پێویستە لەسەر گروپە كوردیەكان لە سوریا چەكەكانیان دابنێن و ببنە بەشێك لەهێزە ئەمنیە نوێكان لەوڵاتەكە".
هاوکات بیربوك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتیشی "ئاسایشی كورد لە سوریای ئازاد گرنگە، بەڵام پێویستە چارەسەری مەترسییە ئەمنیەكانی توركیاش بكرێت بۆ زامنكردنی سەقامگیری".

وتەکانی بەرپرسانی ئەمریكا و ئەڵمانیا لەكاتێكدایە، دوێنێ‌ هەینی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، پێشبینیكرد وڵاتانی بیانی پشتیوانییەكانیان بۆ یەكینەكانی پاراستنی گەل بكشێننەوە و لەوبارەیەوە رایگەیاند "هیچ هۆكارێك نەماوە بۆ ئەوەی وڵاتانی بیانی پشتیوانی هێزە كوردییەكان بكەن".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×