ئەردۆغان: پێشبینی دەکەین هاوپەیمانان پشتیوانییەکانیان بۆ کوردەکانی سوریا بکشێننەوە
  2024-12-21       799       

سەرۆکی تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی پێشبینی لە وڵاتانی بیانی دەکات پشتیوانییەکانییان بۆ هێزە کوردییەکانی ناو سوریا بکشێننەوە.

ئاوێنە: رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا وتی "چیتر هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی بیانییەکان پشتیوانی لە هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد بکەن کە سەرکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک دەکات".

هێزەکانی پاراستنی گەلی کورد یاخود یەپەگە، هێزی سەرەکی بوون لە هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەکەی دژ بە داعشدا، بەڵام تورکیا دەڵێت؛ بەشێکن لە پارتی کرێکارانی کوردستان کە دەیان ساڵە لەگەڵیدا شەڕ دەکات.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆک دوای گفتوگۆکانی لەگەڵ هاوتا تورکیاییەکەیدا لە ئەنقەرە وتی "ئاسایشی کوردەکان زۆر گرنگە بۆ سوریایەکی ئازاد، بەڵام نیگەرانییە ئاسایشییەکانی تورکیاش دەبێت مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.

وتیشی "گروپە کوردییەکان دەبێت چەک دابنێن و بچنە نێو پێکهاتەی ئاسایشی نیشتیمانی سوریاوە".

لەلایەکی دیکەشەوە باربەرا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک رۆژی هەینی دوای سەردانەکەی بۆ دیمەشق وتی "ئەمەریکا لەگەڵ تورکیا و هێزەکانی سوریای دیموکراتدا کاردەکات بۆ دۆزینەوەی گۆڕانێکی گونجاو سەبارەت بە رۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەو بەشەی وڵاتەکەدا".

لیف رونیشیکردەوە "ئەو هەلومەرجەی کە بووە هۆی ئەوەی کوردەکان لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا خۆیان رێکبخەنەوە و بەرگری لە خۆیان بکەن وەکو چۆن کردییان، چەند هەلومەرجێک بوون پێکەوە کە بەڕاستی بەشێوەیەکی زۆر دراماتیکی گۆڕان".

هەروەها ئەمەریکا لەم هەفتەیەدا وتی "٢٠٠٠ سەربازیی لە سوریادا هەیە کە شان بە شانی هێزەکانی سوریای دیموکرات کاردەکەن. هێزەکانی سوریای دیموکرات رۆڵێکی گەورەیان هەبوو لە شکستهێنان بە رێکخراوی داعش لە ٢٠١٤-٢٠١٧ دا بە پشتیوانی ئاسمانی ئەمەریکا، هەروەها هێشتا پاسەوانی کامپی زیندانەکان دەکەن کە هەزاران چەکداری داعشییان تێدا زیندانی کراوە".

جێی ئاماژەیە، ئەنقەرە لەگەڵ گروپە چەکدارییەکانی ناو سوریادا چەندینجار هێرشییان کردووەتەسەر هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سەرکردایەتی یەپەگە لە باکوری سوریادا، بەردەوامیش داوای لە ئەمەریکا کردووە پشتیوانییەکان بۆ ئەو هێزانە رابگرێت.

ئەمە لە کاتێکدا، تورکیا هەوڵدەدات ئەو کوردانە پەراوێز بخات کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانییان لێدەکرێت و شان بە شانی ئەمەریکا رۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە لەناوبردنی خەلافەتی داعشدا لە سوریا.

دواتر وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا وتی؛ هێزە کوردییەکان دەبێت چەک دابنێن و بچنە سەر پێکهاتەی ئاسایشی نیشتیمانی سوریا، دیبلۆماتکاری باڵای ئەمەریکاش بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند ئەمەریکا کاردەکات لەسەر "گۆڕانێکی گونجاو" بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات کە ئەمەریکا پشتیوانییان لێدەکات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×