نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی لە سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کرد و لە کۆبونەوەکەدا بارودۆخی عێراق و پرسی پێکهێنانی حکومەتی کوردستانیان تاوتوێکرد.
ئاوێنە: لە راگەیەندراوێکدا نوسینگەی سەرۆک وەزیران رایگەیاند، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ شەممە پێشوازیکرد لە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
نوسینگەکە ئاماژەی بەوەشداوە، کەلە میانەی دیدارەکەدا تاوتوێی بارودۆخی گشتی وڵات و گرنگی پشتیوانی هێزە سیاسییەکان بۆ هەوڵەکانی حکومەت کراوە، بەمەبەستی جێبەجێکردنی ئامانج بەرنامەکەی و بەردەوامبوون لە بەدیهێنانی گەشەپێدانی گشتگیر، بۆ باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزاری و ئابووری.
هەروەها لەبەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، تاوتوێی تێڕوانینی هاوبەش لە سەرجەم دۆسیە و پرسە نیشتمانییەکاندا کرا، و پێویستی پشتیوانیکردن لە دیالۆگی نێوان هێزە نیشتمانییەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم لەدوای سەرکەوتنی رێکخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا، بەمەبەستی پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی نوێی هەرێم، لە پرسە جیاوازەکانی ئەمنی و سیاسی و گەشەپێدان.