ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی شاندەکەی ئەمریکاو ئەحمەد شەرع ئاشکرا دەکرێت
  2024-12-20       841       

بەرپرسێکی سووریا ڕایدەگەیەنێت، کۆبوونەوەی شاندی دیپلۆماسیی ئەمریکا لە دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع ناسراو بە ئەبو محەممەد جۆلانی، فەرمانڕەوای ئێستای سووریا "ئەرێنی بووە".

ئاوێنە: بەرپرسەکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت، بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاندووە: "کۆبوونەوەکە کرا. کۆبوونەوەیەکی ئەرێنی بوو. بە پشتیوانیی خودا، ئەنجامەکەیشی ئەرێنی دەبێت."

بڕیاربوو دوای کۆبوونەوەکە، شاندی ئەمریکا لە هۆتێلێکی پایتەختی سووریا کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی پێشكەش بکات، بەڵام رەنا حەسەن، ئەندامی ستافی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق رایگەیاند، "لەبەر هۆکاری ئەمنی" کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکە هەڵوەشێنراوەتەوە، بێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بخەنەڕوو؛ هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کۆنفرانسەکە کاتژمێر 20:30 بە کاتی دیمەشق (هەمان کاتی هەولێر) بە شێوەی ئۆنلاین دەکرێت.

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاش بە پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی راگەیاندووە، کۆبوونەوەی شاندەکەیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع "باش و بەرهەمدار" بووە.

هەروەها میدیای سووریا ئاماژە بەوە دەکات، لە گفتوگۆکاندا باس لە هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا و دەرهێنانی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) لە لیستی تیرۆر کراوە.

ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، سێ دیپلۆماتی باڵای ئەو وڵاتە لە دیمەشق گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا دەکەن بۆ ئەوەی سۆراخی ئۆستن تایس، رۆژنامەوانی ئەمریکی و هاووڵاتییە بێسەروشوێنبووەکانی دیکەی ئەمریکا بکەن.

ئەمە یەکەمین شاندی ئەمریکییە لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدەوە سەردانی دیمەشقی کردبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×