رۆژنامەیەکی نزیک لە ئاکپارتی بڵاویکردەوە، ئامادەکاریی دەکرێت لە دوو هەفتەی ئایندەدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی دیمەشق بکات و لەگەڵ ئەحمەد شەرع فەرماندەی پرۆسە سەربازییەکانی سووریا کۆببێتەوە.
ئاوێنه: رۆژنامەی "تورکیا" لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردووەتەوە، "لە ماوەی 15 رۆژی ئایندەدا، ئەردۆغان سەردانی دیمەشق دەکات، لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆدەبێتەوە و چاوەڕوانیش دەکرێت لەگەڵ تورکمانەکانی سووریاشدا کۆببێتەوە."
رۆژنامەکە لە درێژەی هەواڵەکەیدا نووسیویەتی، "بۆ پاراستنی ئەردۆغان، بە درێژایی رێگەی حەما، حومس و ئیدلیب بە رێگەی ئاسمانی و وشکانی، قەڵغانی پاراستنی نائاسایی دروستدەکرێت و بە راداری تورکی تەواوی جموجوڵی ئاسمانیی ناوچەکە کۆنترۆڵدەکرێت."
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامادەکاریی دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ سووریا دەستپێبکاتەوە و کونسوڵخانەی تورکیاش لە حەلەب بکرێتەوە.
تاوەکو ئێستا هیچ دامەزراوە و میدیایەکی فەرمی تورکیا هیچ هەواڵێکی لەبارەی ئەگەری سەردانی ئەردۆغان بۆ سووریا بڵاونەکردووەتەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، پاش 12 ساڵ باڵیۆزخانەی تورکیا لە دیمەشق کرایەوە و 12ـی ئەم مانگەش ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا "میت" سەردانی دیمەشقی کرد و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، فەرماندەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی سووریا کۆبووەوە و لە مزگەوتی ئەمەوی لە دیمەشق نوێژی کرد.