مەزڵوم كۆبانێ: لێدوانەكانی ئەحمەد شەرع بەرامبەر بە کورد و گەلی سوریا ئەرێنین
  2024-12-20       340       


مەزڵوم كۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، لێدوانەكانی ئەحمەد شەرع سەرۆكی تەحریر شام بەرامبەر بە کورد و تەواوی گەلی سوریا ئەرێنین، بەڵام شێوازی مامەڵەی ئەوان داهاتوی سوریا دیاریدەكات، دەشڵێت، "هەر هێرشێک بۆ سەر کۆبانێ کاریگەری لەسەر هەمو شتێک دەبێت کە پەیوەستە بە بەرەنگاربونەوەی تیرۆر".

مەزڵوم كۆبانێ، لەمیانی دیدارێكی تەلەفیزیۆنیدا ڕایگەیاند، لێدوانەكانی ئەحمەد شەرع سەرۆكی تەحریر شام بەرامبەر بە کورد و تەواوی گەلی سوریا ئەرێنین و ئامادەیی خۆی بۆ کارکردن لەگەڵیدا دەربڕی بە ئامانجی گەیشتن بە سەقامگیری هەمیشەیی لە سوریا، بەڵام شێوازی مامەڵەکردنی تەحریر شام و لەگەڵ دۆسیە بنەڕەتییەکاندا، داهاتوی سوریا  دیاری دەکات، کە ئایا سوریا بەرەو سەقامگیری دەڕوات یان گرژی و پێكدادان.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئامادەكاری دەكەن بۆ پێكهێنانی شاندێك کە نوێنەرایەتی هەمو پێکهاتەکان و مەزهەبەکان بکات بۆ دیمەشق، بەڵام هێرشەكانی توركیا و گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی ڕێگریان لەو بابەتە كردوە، چونكە هێرشەكان بۆ کۆبانێ و بەنداوی تیشرین و ناوچەکانی دیكە پێویستی بە گرنگیدان و وەڵامدانەوە هەبو.

مەزڵوم كۆبانێ باسی لەوەشكرد، "پێویستە هەمو مەزهەب و پێكهاتەکان بەشداربن لە نوسینەوەی دەستوری نوێی سوریا و كە وڵاتێكی دیموكراسی و لامەركەزی بنیاد بنرێت و  دادپەروەری و یەکسانی تێیدا زاڵبێت، دوربێت لە حوکمڕانیەكی ستەمکارانە و مافی نەتەوەکان لە دەستوری نوێدا پارێزراوبن".

ئەوەشی خستەڕو، "ئێمە هەماهەنگیمان لەگەڵ هاوپەیمانی بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش هەیە و ئامادەین بۆ هەماهەنگی لەگەڵ دیمەشق لە داهاتودا، ترس هەیە لە هێرشی ڕێکخراوە تیرۆریستیەكان بۆ سەر زیندان و کەمپەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەوەش ئاماژەیە بۆ بەردەوامبونی کاری ئاسایی لەگەڵ هاوپەیمانان بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر". 

مەزڵوم كۆبانێ، داوای لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات و تورکیا ڕابگرێت، ئەو فشارانەی هاوپەیمانان دەیكەن وەك پێویست نیە، هەروەها هۆشداریشیدا لەوەی "هەر هێرشێک بۆ سەر کۆبانێ کاریگەری لەسەر هەمو شتێک دەبێت کە پەیوەندی بە مەلەفی بەرەنگاربونەوەی تیرۆرەوە هەیە".

دەشڵێت، "بە نێوەندگیری ئەمریكا ئاگربەستمان لەگەڵ توركیا لە مەنبج ئەنجامدا، بەڵام ئەنقەرە پابەند نیە بەو ڕێككەوتنەوە و بەردەوامە لە هێرشەکانی، بۆیە ڕوبەڕوی فشارێکی گەورەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوەتەوە، هەروەها پێشنیاری ناوچەی داماڵدراو لە چەكمان بۆ کۆبانی كرد، ئەوەش بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بیانوەکانی تورکیا، هەرچەندە لە كۆبانێش ئامادەكاری تەواومان كردوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەر هێرشێك".

مەزلوم عەبدی، داوای لە گەلی سوریا كرد دەستبەرداری توندوتیژی بن و پەنا بۆ زمانی دیالۆگ ببەن، چونکە سوریا بەرگەی شەڕی دیکە ناگرێت، هاوکات داوای لە گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد بە کورد و عەرەب و سریانی و هەمو پێکهاتەکانیەوە دەستکەوتەکان بپارێزن و خۆیان بۆ دانوستان لەگەڵ دیمەشق ئامادە بکەن بۆ بنیاتنانی سوریای داهاتو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×