مێری‌و ئەیاد، هاوسەرگیری کچێکی کریستیان لەگەڵ کوڕێکی موسڵمان لەکوردستان
  2024-12-19       2477       
مێری‌و ئەیاد: هیچ کێشەمان نییە، کەسوکاری هەردوولامان زۆر رێزمان لێدەگرن

ئا: عەمار عەزیز

 

مێری زەید، کچێکی کریستیانە زیاتر لەدوو ساڵە ھاوسەرگیری لەگەڵ کوڕێکی موسڵمان کردوە، ئەوکات دەنگدانەوەیەکی زۆری لەسۆشیاڵ میدیا بەدوای خۆیدا ھێنا، ئەوان دەڵێن "هیچ کێشەمان نییە، کەسوکاری هەردوولامان زۆر رێزمان لێدەگرن وەکو دوو ھاوسەری سەرکەوتوو بێ کێشە".

مێری زەید، تەمەن ٣٠ ساڵ، لەساڵی ٢٠١٧ دەستی بەکاری ڕاگەیاندن کردوەو یەکەم وێستگەی کارکردنی لەتەلەفزیونی داسنیا بووە، کە تیڤیەکی لۆکاڵییە لەدھۆک، دواتر لەساڵی  ٢٠١٩ لەئێن ئارتی کاریکردوەو ئێستاش لەماڵپەری گاڤ تیڤی کاردەکات، ھاوسەرەکەشی ئەیاد سەعدی، کاری پارێزەری دەکات.

 

ئەیاد سەعدی بەئاوێنەی وت "پێش ھاوسەرگیریی، چوار ساڵ پەیوەندی خۆشەویستیمان ھەبوو، دوای ئەوە لەسەر ھەموو شتێک رێککەوتوین‌و ڕازی بووین، لەکەسایەتی‌و مامەڵەو ھەر شتێکی تر، دواتر بڕیاری ھاوسەرگیریمان دا، لە١٩ی ١٠ی ٢٠٢٢ ھاوسەرگیریمان کرد، لەدادگای دھۆک‌و بەپێی رێکارە یاساییەکان گرێبەستی ھاوسەرگیریمان ھەر لەدادگا ئەنجام دا، دواتر بۆ زەماوەندو لەبەر چەند ھۆکارێکی تر ڕویشتین بۆ تورکیا، ماوەیەک ماینەوە دواتر گەڕاینەوە دھۆک".

وتیشی " سەرەتا کە بڕیارماندا پێکەوە ھاوسەرگیری بکەین کەسوکاری من‌و مێری ڕازی نەبوون، ئەوەش لەبەر قسەی کۆمەڵگاو لەترسی چەند کاردانەوەیەک، نەک لەبەر شتێکی تر، دەیانوت چۆن ئێوە تەحەمولی قسەی خەڵک دەکەن، ھەموو کەس باسی ئێوە دەکەن‌و کۆمەڵێک شتی لەم بابەتە، قسەو شت ھەبووە، بەڵام دواتر کە زانیان ئێمە سەرکەوتوو بووین‌و تەحەدایەکی گەورەمان کردو ھیچ کێشەمان نیە، بەپێچەوانەوە ئێستا کەسوکاری من‌و مێری زۆر رێز لەئێمە دەگرن".

لەبارەی ئەوەی چۆن بڕیاری داوە ھاوسەرگیریی لەگەڵ کچێکی کریستیان بکات، ئەیاد وتی "وەکۆ مرۆڤ مێریم خۆشویستووە نەک لەسەر بنەمایەکی تر، تەماشای ئەوەم کردوە وەک کەسایەتییەکی ژن، هەر لەسەرەتاوە ھیچ بیرم لەوە نەکردەوە کە ئەو کریستیانەو من موسڵمانم، ڕاستە ئەو کریستیانە، دەبێت ھەموو مرۆڤێک رێز لەئایینی بەرامبەرەکەی خۆی بگرێت، تاکە ھیوای من ئەوەیە ھەر لەگەڵ ئەو بمێنمەوە بەخۆشی‌و بەختەوەری ی".

 

مێریش باس لەوە دەکات کە لەرێورەسمە ئایینیەکان، ھەردووکیان رێز لەیەکتر دەگرن، ئەوەی بۆ ئەوان گرنگە خۆشەویستی‌و رێزگرتنە لەیەکتر، لەبەر سەرکەوتنی پرۆسەی ھاوسەرگیرییان بوونەتە نموونەیەکی جوان‌و سەرنجڕاکێش .

مێری زەید، ھاوسەری ئەیاد بەئاوێنەی وت "بەبڕوایەکی گەورەو دڵنیابوونی تەواو بڕیاری ھاوسەرگیریم دا، زیاتر لەدوو ساڵە ھاوسەرگیریمان کردوە، سوپاس بۆ خوا ھیچ کێشەمان نیە، زۆر دڵخۆشم‌و ھەمیشە بۆ بابەتە ئایینەکانیش رێز لەیەکتر دەگرین، تا ئێستا ھیچ جارێک لەسەر بۆچوونێکی ئایین یان ھەر پرسێکی تایبەت بەئایینەوە لێک توڕەو عاجز نەبووین، بەپێچەوانەوە ئەو رێز لەمن دەگرێت، منیش بەھەمانشێوە "

مێری لەکاتی ھاتنی مانگی رەمەزان یان ھەر بۆنەیەکی تری ئایینی ئیسلام، رێزێکی زۆر لەو خەڵکە دەگرێت کە بەڕۆژون یان ھەر پەرستنێکی تر دەکەن، مێری وتی "بەردەوام رێز لەئایینی بەرامبەرەکەی خۆم دەگرم، قەد شتێک ناکەم کە ببێتە مایەی نیگەرانی یان پێی دڵتەنگ بێت، لەماڵیشدا رێزێکی زیاتر لەھاوسەرەکەم دەگرم، یەکەم لەبەرئەوەی لەئایینێکی ترە، دووەم ھاوسەری منە ".

 

بەپێی بەندەکانی جاڕنامەی مافی مرۆڤ، ھەر کەسێک ئازادە ھاوسەرگیری لەگەڵ کێ بکات‌و نابێت ھیچ رێگری‌و فشارێک لەسەر کوڕ یان کچ دروست بکرێت بۆ هاوسەرگیریی‌و ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە لەهەرێمی کوردستان دەگمەنەو لەلایەن زۆرێک لەخەڵکی مەدەنییەوە ستایشی مێری‌و ئەیاد دەکرێت.

 

حەمدی بەرواری، بەرپرسی رێکخراوی مافی مرۆڤ لەشاری دھۆک بەئاوێنەی ڕاگەیاند "بەپێی یاسا ھیچ کێشەیەک نیە کچێکی کریستیان شوو بەکوڕێکی موسڵمان بکات، لەکاتی گرێبەستی ھاوسەرگیریش دادوەر بەھیچ کەسێک ناڵێت تۆ موسڵمانی یان کریستیانی یان ھەر ئاینێکی تر، بەڵکو بەپێی مەرج‌و رێنماییەکانی یاسایی گرێبەستی ھاوسەرگیرییان بۆ دەکات، لەڕووی مافی مرۆڤیش بەھەمانشێوە ھەموو کەسێک ئازادە لەھەڵبژاردنی هاوسەریداو نابێت رێگری یاخود ھەر جۆرە فشارێکی تری لەسەر دروستبکرێت ".

"بەرواری وتیشی "لەکاتی بڵاوبوونەوەی هەواڵی ھاوسەرگیری کچێکی کریستیان لەگەڵ کوڕێکی موسڵمان، کاردانەوەی زۆری بەدوای خوێدا ھێنا، بەڵام ئەوە شتێکی ئاساییە، لەڕووی یاساییەوە ئەوان ھیچ ھەڵەیەکیان نەکردوە، ھەروەھا ھەردووکیان ئەھلی کیتابی سەماوین، بۆیە کەس مافی ئەوەی نیە بڵێت نابێت".

ئەمە لەکتیكدایە کە لەڕووی شەرعی ئیسلامەوە، پیاوی موسڵمان مافی ئەوەی ھەیە ھاوسەرگیری لەگەڵ کچێکی کریستیان بکات، بەڵام بەپێچەوانەوە رێگە پێنەدراوە.

ئیبراھیم دربێسانی، کە مامۆستای ئایینییە لەسنوری قەزای ئاکرێ، بەئاوێنەی وت "لەرووی شەرعی ئیسلامەوە پیاوی موسڵمان رێگەپێدراوە ھاوسەرگیری لەگەڵ کچێکی کریستیان بکات".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×