مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە رایگەیاند، ئەگەر رێككەوتن لەگەڵ لایەنی توركی بكرێت لەبارەی جێبەجێكردنی ئاگربەست لە باكوری سوریا، ئەوا ئەو شەڕڤانە كوردانەی كە بۆ پشتیوانی هێزەكانیان لە پارچەكانی دیكەی كوردستانەوە چونەتە رۆژئاوای كوردستان، "بە سەربەرزی" دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان.
ئاوێنە: مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز وتویەتی"ئێستا دۆخێكی جیاواز لە سوریا هەیە، ئێمە خەریكین دەست دەكەین بە قۆناغێكی سیاسی، دەبێت سورییەكان حۆیان كێشەكانی خۆیان چارەسەر بكەن و ئیدارەیەكی نوێ دابمەزرێنن."
بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز یەكێك لە داواكارییەكانی توركیا بۆ گەیشتن بە رێككەوتن ئەوەیە كە ئەو شەڕڤانە كوردانەی خەڵكی سوریا نێن لەنێو هێزەكانی سوریای دیموكرات، سوریا بەجێ بهێڵن.
لەوبارەیەوە مەزڵوم عەبدی وتوشیەتی"لەڕوانگەی ئەو پێشهاتە نوێیانەی لە سوریا هەن، ئێستا كاتی ئەوەیە ئەو شەڕڤانانەی هاوكارییان كردوین لە شەڕی دژی داعش بە سەربەزری بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانیان."
مەزڵوم عەبدی وتوشیەتی، توركیاو میلیشیا هاوبەپەیمانەكانی خەریكی ئامادەكاریین بۆ هێرشكردنە سەر كۆبانێ و جەختیشی كردۆتەوە كە ئەوان ئامادەن بۆ بەرەنگاربونەوەی هەر هێرشێك.
فەرماندەی گشتی هەسەدە وتوشیەتی، چەندین شەڕڤانی كورد لە ئێران و عێراق و توركیاوە هاتون بۆ هاوكاریكردنیان بۆ شەڕی دژ بە داعش كاتێك ئەو رێكخراوە هێرشی كردە سەر كۆبانێ و دوای شەڕی كۆبانێش، بەشێك لەوانە گەڕانەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان لەوانە پێشمەرگەی كوردستانی عێراق.
ئەوەشی خستۆتەڕو"هەندێك لە شەڕڤانانی پارتی كرێكاران ویستیان لەگەڵمان بەردەوام بن لە شەڕەكەدا تاوەكو داعش بەتەواوەتی تێكدەشكێنرێت."
ئاماژەی بەوەشداوە، كاتێكدا داعش لەدوایین پێگەی خۆی لە سوریا لەساڵی 2019 تێكشكێندرا، بەشێك لە كوردانی شەڕڤان كە بۆ هاوكاریمان هاتبون، گەڕانەوە بۆ شوێنەكانی خۆیان، بەڵام بەهۆی ئەوەی شەڕەكە بەردەوام بو و ناوچەكەمان لەبەردەم مەترسیدا بو، هەندێكیان بڕیاریاندا بمێننەوە بۆ هاوكاریكردنمان، بەشێكیان لە دامەزراوە مەدەنییەكاندا دەستبەكاربون و بەشێكیشیان لە دامەزراوە سەربازییەكاندا.
مەزڵوم عەبدی جەختیشی كردۆتەوە "هەر كات ئاگربەست جێبەجێ بكرێت، ئێمەش دەتوانین كاربكەین لەسەر گەڕانەوەی ئەو شەڕڤانە كوردانەی كە سوری نین بۆ ناوچەكانیان."