گۆڕانکاریی لەسوریا، ترس‌و هیوا لەکوردستان‌
  2024-12-18       801       
ئایا ڕوخانی ئەسەد لەبەرژەوەندی ھەرێمی کوردستانە؟

ئا: دیما ئەحمەد

 

روخانی رژێمی بەشار ئەسەد لەسوریا، گۆڕنارییەکی هێندە گەورەیە کە کاریگەری لەسەر سەرتاسەری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت، لەکوردستان‌و عێراقیشدا پێکهاتەو لایەنەکان هەریەکەو بەپێی بەرژەوەندییەکانی قازانج‌و زیانی خۆیانی تێدا دەخوێننەوە، شارەزایانی بواری سیاسی‌و سیاسەتمەدارانی بەترس‌و هیواوە باس لەکاریگەریی ئەم گۆڕنکاراینە لەسەر کوردو هەرێمی کوردستان دەکەن.

 

 

محەمەد ئەمین پێنجوێنی: تورکیا دەیەوێت کوردی ڕۆژئاوا لەگەڵ کوردی باشوور بدات بەیەکدا

محەمەد ئەمین پێنجوێنی ئاماژە بەوە دەکات روخانی رژێمی بەشار ئەسەد گۆڕانکاریی گەورە لەناوچەکەدا دروست دەکات، ئەو دەڵێت "تورکیا دەیەوێت کوردی ڕۆژئاوا لەگەڵ کوردی باشوور بدات بەیەکدا".

نوسەرو سیاسەتمەدار، محەمەد ئەمین پێنجوێنی بەئاوێنەی راگەیاند لە ڕۆژئاوای کوردستان ستاتۆیەکی کورد ھەیە لەبەرەو پێشچوون ناوەستێت، ئەو وتی "دەبێت کورد بیری نەچێت بەھۆی پلانی تورکەکانەوە ستاتۆی کوردی لەڕۆژئاوا مەترسی زۆری لەسەرە لەلایەن تورکەکان‌هو بەکرێگیراوانی‌و ھەموو ئەو کەسانەی نزیک لەسیاسەتی تورکیاو ئەردۆغان، دەیەنەوێت ئەم دەرفەتە بقۆزنەوەو نایانەوێت ستاتۆیی کوردی لەڕۆژئاوا پێشکەوێت‌و خوازیارن تێکیبدەن، کە لەئێستادا نیشانەکانی ئەم هەوڵانە دەرکەوتووە. بەبڕوای ئەم هەوڵانە من دەتوانن زیانێکی زۆر بدەن لەکوردی ڕۆژئاواو قوربانیەکی زۆر بدەن، بەڵام بەھۆی ئەوەی رۆژئاواییەکان‌و ئەمریکا دەیانەوێت سوریا بەرەو چەند ھەرێمێکی دیموکراسی بەرن، ئالەوێدا کورد سەردەکەوێت قازانج دەکات".

وتیشی "بەشێک لەکوردی ڕۆژئاواو باشوریش گرێدراوی سیاسەتی ئێستای تورکیان، سیاسەتی تورکیاش لەئێستاو لەڕابردوو داھاتووشدا ھەموو پلانەکانی دژی سەربەخۆی کوردستانەو ھەوڵ بۆ لەناوبردنی کورد دەدات، ئەوەشی ئێستا دەبینرێت تورکیا دەیەوێت کوردی ڕۆژئاوا لەگەڵ کوردی باشوور بدات بەیەکداو ئەو دەستکەوتانەی ھەیە لە ڕۆژئاوا لەدەست بچێت".

لەبارەی ئەوەی تورکیا وەک براوەی یەکەمی ئێستای رووداوەکانی سوریا دەردەکەوێت، پێنجوێنی وتی "دەکرێت تورکیا لەم دەسپێکەدا براوە بێت‌و ھەوڵیش دەدات براوەی یەکەم بێت، بەڵام بەھیچ شێوەیەک ئەمریکاو ئیسرائیل‌و وڵاتانی ڕۆژئاوا رێگە نادەن دیکتاتۆریەکی مەزھەبی عەلەوی ڕۆشتووە دیکتاتۆریکی مەزھەبی ئیخوانی لەسوریا حوکم بکات، بەتایبەت ئیسرائیل ئەوەی بۆ ئەوە نەکردووە ئیخوان لەسوریا دەسەڵات بگرێتە دەست".

وتیشی "ئەمەریکاو ئیسرئیل نایانەوێت وڵاتانی ئەم ناوچەیە بەگشتی‌و سوریا بەتایبەتی وڵاتێکی یەکپارچەی دیکتاتۆری بێت، بەڵکۆ کار بۆ ئەوە دەکەن بیکەنە چەند ھەرێمێکی دیموکراسی وەک پرۆژەیەکی فیدرالیزمی ناوچەکە کە سوودی کوردی تێدایە، بەمەرجێک کورد یەکدەنگ بن".

 

سەعدی پیرە: بەپارتیمان وت ناردنەوەی چەکدار بۆ سوریا سەرەتای شەڕی ناوخۆیە

سەعدی پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێت "لەدوا کۆبوونەوەی هاوبەشماندا لەپیرمام بەپارتیمان وت ناردنەوەی هەر چەكدارێك بۆ ناوەوەی سوریا بەبێ ڕێكکەوتن لەگەڵ هەسەدە سەرەتای شەڕی ناوخۆیە لەڕۆژئاوای كوردستان".

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەبارەی دۆخی سوریا بەئاوێنەی راگەیاند "عێراق حەوت سەد کیلۆمەتر سنوری ھەیە لەگەڵ سوریاو ھەرێمی کوردستانش سەد کلیۆمەتر سنوری ھەیە، ھەرێمی کوردستان‌و عێراق بەدرێژایی ساڵانی رابردوو پەناگەیەک بووە بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە، گەربێتوو دۆخی سوریا ئاسایی نەکرێتەوە، ئەوە جارێکی دیکە سەدان‌و هەزاران  ئاوارەی خۆرئاوای کوردستان‌و سوریا دێنە عێراق‌و کوردستان‌و کێشەی گەورەمان بۆ دروست دەبێت".

پیرە وتی "ئامانج لەداگیرکرنی سوریا بەو شێوەیەی کە ھەیە ئێستا لەلایەن ئەمریکاو ئیسرائیلەوە، کەمکرنەوەی هەژموونی ئێرانە، ئەوەی تورکیاش دەیکات‌و مەبەستیەتی تۆڵەکردنەوەیەکی دێرینە دەیەوێت بارودۆخێک دروست بکات کورد نەگات بەھیچ مەقسەدێک، ئێمە پێمانوایە لەئێستادا کوردو ھەموو لایەنە سیاسیەکان پێویستمان بەکۆبونەوەیەکی بەپەلە ھەیە تا پشتوانی کوردانی ڕۆژئاوا بکەین، کوردیش لەو وڵاتە ماف‌و ھەقی خۆیەتی ئەو ھەموو ماوەیە لەسوریا بەرگری کردووەو ھەوڵیداوەو دژی تیرۆر وەستاوەتەوەو شەڕیکردوە رێگەی بدرێت‌و مافی ھەبێت".

لەبارەی ئەوەی ئەمریکا لەرۆژئاوا پشت دەکاتە کورد یان نا، ئەو وتی "ئەوە پرسیارێکی قورسە، بەڵام لەھەمان کاتیشدا لەئێستادا لەئەمریکا سەردەمی جۆبایدن کۆتایی هاتووەو سەردەمی دۆناڵدا ترامپە. ئەمریکا ئێستاش ڕەتی نەکردۆتەوە کە پابەندییان دەبێت لەگەڵ هەسەدە بۆ وەستانەوە لەدژی تیرۆرستان‌و لەسەر بەڵێنی خۆیان دەمێنن یان نا؟ ئەوە بەندە بەفاکتەرەکانی دیکەوە، ئەمریکاو ئەورووپا بەتەنیا نین رووسیاش دەتوانێت لەم بابەتەدا ڕۆڵی ھەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا یەکڕیزی کورد لەڕۆژئاواو باشوور بۆخۆی زۆرگرنگە".

وتیشی "وەک یەکێتی نیشتمانی کوردستان تا ئەو جێگەیەی بتوانین لەگەڵ لایەنەکانی دیکە قسە دەکەین تا کارێک نەکەن کێشە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دروست بکەن، لەو ڕۆژانەدا بینیم کوردی سوریا رۆشتبوون بۆ قامیشلوو بۆچی چووبوون ئەوە بابەتێکە، بەڵام لەکەناڵەکانی کوردستان قسەیان دەکرد دژی ڕۆژئاوای کوردستان لەبری ئەوەی بەرنامەیەک دروست بکەن بۆ چارەسەری کێشەکانی کورد لەسوریا، دادەبەزینە سەر مەزلوم عەبدی‌و پەیەدە، دەکرێت لەئێرە ئەو قسانە بکەن، بەڵام لەدیمەشق‌و قامیشلۆ ناکرێت ئەو قسانە بکرێت".

لەبارەی یەکدەنگی کوردو قەسەکردنیان لەگەڵ پارتی سەبارەت بەڕۆژئاوا، پیرە وتی " لەدوا كۆبونەوەی هاوبەشماندا لەپیرمام، هەرچەندە یەکێتی‌و پارتی وەك تیمی دانوستانكاری پێكهێنانی حكومەت كۆبونەوەیان ئەنجامدا، بەڵام یەكێ لەبابەتەكان باسی رۆژئاوای کوردستان‌و سوریا بوو. ئێمە بەپارتیمان وت ناردنەوەی هەر چەكدارێك بۆ ناوەوەی سوریا بەجیاو بەبێ ڕێكکەوتن لەگەڵ هەسەدە سەرەتای شەڕی ناوخۆیە لەڕۆژئاوای كوردستان‌و ئێوە تەحەمولی ئەو دۆخە دەكەن، ئەگەر كێشەو دووبەرەكی روبدات".

وتیشی "پێمانوتون ئێوە لەبری ئەوەی بچن چەکدار بنێرنەوە، وا باشترە بەرگری لەو هێزە بكەن لەڕۆژئاوای كوردستان هەیە، بەڵام ئەوان بۆچونیان جیاوازەو یەك دەنگ‌و یەك نین".

لەبارەی ئەو دەنگۆیانەش کە ماهیر ئەسەدی برای بەشار ئەسەد هاتۆتە سلێمانی، سەعدی پیرە وتی "ماهیر ئەسەد بەچی دەگاتە سلێمانی؟! سلێمانی سنوری بەسوریاوە نیە ئەگەر بەئەرزدا بێت دەبێت بەیەكێك لەبازگەکانی پارتیدا بێت یان ئەگەر بەفڕۆکە هاتبێت دەبێت بەیەكێك لەفڕۆکەکانی ئەوان هاتبێت، رێگەی ئاویشمان نیە تا بێت بۆ سلێمانی، بۆیە ماهیر ئیشی بەهەرێمی كوردستان نیەو نایەتە سلێمانی، بەدڵنیایی نەهاتووەو باسكردنی ئەم بابەتە تەنها بۆ ناوزڕاندنی یەكیەتی‌و نیفاقی سیاسیە بۆ تێكدانی پەیوەندییەکانی یەكیەتییە لەگەڵ وڵاتانی دیكە، لەوەوپێش نیفاقی زۆریان كردووە، ئەمەش نیفاقێكی دیكەیانە".

 

فازڵ بەشارەتی: ئێران‌و روسیا لەسوریا شکۆیان شکاوەو بێدەنگ نابن

فازڵ بەشارەتی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بەئاوێنەی راگەیاند نەمانی بەشار ئەسەدو ڕوخانی  دەوڵەتەکەی کاریگەری لەسەر ھەرێمی کوردستان دەبێت، بەھۆی ئەوەی ڕۆژئاوای کوردستان مەسەلەیەکە کە ڕوون نییە لەهەفتەکانی ئایندەدا چۆن چارەسەر دەکرێت، جگە لوەی پێناچێت سوریا ھەروا بەزووی بێتە ڕاستەو دەوڵەت پێکبھێنرێت، لەئێستاوە جۆرێک لەپاشاگەردانی دەبینرێت لەو وڵاتە چونکە بەشار وڵاتێکی پڕ لەگرفتی بەجێھێشتووە وەک گرفتی مەزھەبی‌و نەتەوەیی‌و تائیفی‌و سیاسی.

بەشارەتی وتی "ھەردوو دەوڵەتی گەورەی ئێرانی‌و ڕوسی لەسوریا شکۆیان شکاوە، ئەوانیش بێدەنگ نابن لەئاست شکاندنی شکۆیان، ڕازی نابن بەھاتنی دەوڵەتێکی سوننە مەزھەبی توندڕەو، لەولاشەوە لایەنە سەرکێشەکانی عێراق ھەرچەندە لەئێستادا بێدەنگن، بەڵام ئەوانیش یەکێکن لەئامانجەکانی ئیسرائیل، لەدوایی ڕوخانی دەوڵەتی سوریاو نەمان‌و لاوازکردنی گروپەکانی بەرەی مقاومە لەلوبنان‌و غەزە، ئەوەی ئێستا بۆ ئیسرائیل بووەتە بەربەست  گروپە شیعیەکانی عێراق‌و دەوڵەتی ئێرانە".

فازل بەشارەتی لەبارەی کاریگەریی رووداوەکانی سوریا لەسەر ھەرێمی کوردستان، بەشارەتی وتی "پێویستە جیاواز لەھەموو حاڵەتەکانی ڕابردوو کورد یەکگرتوو بێت، یەک وتارو یەک لەشکر بێت بەرامبەر ھەموو ڕووداوە نوێیەکان، بەتایبەت ئەگەر نەخوازراو بوو بەرامبەر باشوورو ڕۆژئاوا، پارتی بۆ ئەمە لەسەرەتاوە وەک ڕەشماڵێک بوە بۆ کوردی پارچەکانی دیکە دەورێکی زۆر ئیجابی بینیوەو بەفەرمانی بارزانی چەند جارێک لەگەڵ کوردانی ڕۆژئاوا کۆبونەوە کراوە سەبارەت بەدروستکردنی یەک گوتاریی کورد".

 

ئەبوبەکر عەلی: ڕوخانی ئەسەد لەبەرژەوەندی ھەرێمی کوردستانە

ئەبوبەکر عەلی، نووسەرو سیاسەتمەدار لەبارەی کەوتنی ئەسەدو کاریگەریەکانی لەسەر ھەرێمی کوردستان بەئاوێنەی راگەیاند "یەکێک لەقەڵاکانی ناسیۆنالیستی عەرەب تێکشکاوە، ئەگەر جێگرەوەکەی دیموکراسی بێت‌و کوردی ڕۆژئاوا بەشداربێت لەبونیادنانەوەی ئەو دەوڵەتەدا وەک چۆن لەعێراق کورد بەشدارە، ئیتر ئەو ئابڵوقەو پیلانگێڕیەی بەچوار وڵات بەسەر کوردا دەیانکرد نامێنێت".

ئەبوبەکر عەلی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەر کورد سەرکەوتوو بێت لەدروستکردنی ھەرێمێکی کوردی لەرۆژئاوا ئەوا چیتر ھەرێمی کوردستان بەلاوازی‌و بەتەنیا نامێنێتەوە، بەڵکو دۆزی کورد لەناوچەکەدا دەخرێتەڕوو، قوڵایەکی ستراتیجی بۆ ھەرێمی کوردستان دروست دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لەو ناکۆکیانەی لەنێوان پارتی‌و پەکەکەدا ھەیە لەسەر رۆژئاوا ئەوەش کەم دەبێتەوە، ئەو وتی "بەھەموو جۆرێک لەجۆرەکان ڕووخانی دەوڵەتی سوریاو بەشار ئەسەد لەبەرژەوەندی ھەرێمی کوردستان دەبێت".

لەبارەی زیانەکانی بۆ عێراق، ئەو وتی "بەپێی ئەو دیدە سەیر بکرێت کە بۆ ئەوانەی ئێستا دەسەڵاتدارن لەعێراق‌و نزیکن لەکۆماری ئیسلامی ئێران‌و میلیشیاکان، روخانی ئەسەد وەک شۆکێک دەبینرێت بۆ ئەوان، پێیان وایە ئەم دۆخەی سوریا دێتە عێراقەوە، ڕەنگدانەوەو کاریگەری لەسەر ئەوانیش دەبێت‌و ناتوانن وەک جاران درێژە بەپیادەکردنی دەسەڵاتی خۆیان بدەن".

ئەبوبەکر عەلی باسی ئەوەشی کرد سونەکان لەعێراق ڕووخانی بەشار بەدیدێکی دیکە دەبینن، ئەو وتی "دەرفەتێک دەداتە سونەکان تا زۆرتر بێنەوە سەر گۆڕەپانەکە، بەشێک لەو ناھاوسەنگیەی لەدەسەڵاتی عێراقدا ھەبووەو بەزیانی ئەوان تەواو بووە ڕاستی بکەنەوە، ئەمەش شانسێکی دیکە دەداتەوە سونەکان لەگەڵ ئەوەشدا شیعەکان دەبێت نەرمی بنوێنن لەبەرئەوەی پێویستیان پێیانە ھەم ڕۆژئاوایەکانیش جارێکی دیکە مامەڵە لەگەڵ سوننەکان‌و کورد دەکەنەوە، بەتایبەت لەسەر ناوچە جێناکۆکەکان دەرفەتی نوێ دێتە بەردەستی کورد".

 

فەتحوڵا حوسێنی: کورد لەسوریا بەھێز بێت ئەوا ھەرێمی کوردستانیش بەهێز دەبێت

فەتحوڵا حوسێنی نوێنەری  بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری رۆژئاواو باوری سوریا لەھەرێمی کوردستان، بەئاوێنەی راگەیاند کاریگەریەکانی نەمانی دەوڵەتەکەی ئەسەد لەسەر ھەرێمی کوردستان پەیوەستە بەدەستکەوتەکانی کوردانی ڕۆژئاوا لەسوریا، ئەو وتی "ئەگەر دەوڵەتی نوێی سوریا مافەکانی کورد جێبەجێ بکات، ئەوە بۆ کوردی ڕۆژئاوا باش دەبێت، بەڵام پێچەوانەکەی بوو ئەوا دەبێتە مەترسی لەسەر کوردستانی باشوورو کوردان لەسەرجەم پارچەکانی دیکەش".

وتیشی "وەک کوردانی ڕۆژئاوا چاومان لەسەر بەشداری کوردی ڕۆژئاوایە لەسەر نوسینەوەی دەستووری سوریا، بەشداریمان لەنوسینەوەی دەستووری نوێی سوریا دەستکەوتە بۆ ھەرچوارپارچەی کوردستان، ئەگەر کورد لەسوریا بەھێز بێت ئەوا دۆخی ھەرێمی کوردستانیش باش دەبێت".

فەتحوڵا حوسێنی ئاماژەی بەوەکرد پارتی رێگرە بۆ گفتوگۆکانیان لەگەڵ دیمەشق، ئەو وتی "بڕیاری ئەنەکەسە لەدەستی پارتی دیموکراتی کوردستاندایە، بۆیە داوا دەکەین پارتی یەک ھەڵویستی کوردان لەڕۆژئاوا لەبەرچاو بگرێت‌و پێکەوە وەک کوردان بچینە دیمەشق‌و داوای مافی خۆمان بکەین، دەبێت پارتی بیری نەچێت مەترسی لەسەر کوردان ھەیە، ئەگەر سبەی ئەزمونی رۆژئاوا لەدەست بچێت، مەترسی‌و زیانە بۆ پارتی‌و بۆ ئێمەش‌و بۆ سەرجەم کورد".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×