مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی و نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق، لە كۆبونەوەیەكی نێوانیاندا ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەگەری دزەکردنی تیرۆریستان لە سوریاوە، "مەترسییەکی جددی"یەو "کاریگەری بۆ سەر عێراق و ناوچەکە بە گشتی دەبێت."
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی بارەگای بارزانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە سەڵاحەددین، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی پێشوازی لە دکتۆر محەمەد حەسسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق و شاندی یاوەری کرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لەم دیدارەدا باس لە هەنگاوەکان و دیالۆگی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرا بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و جەخت لەسەر پێویستیی پێکهێنانی کابینەی تازە و دەستبەکاربونی لەم دۆخە سیاسییە هەستیارەی لەئارادایە کرایەوە.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە "هەر لەم دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سوریا و ناوچەکە بە گشتی و باس لە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و بیری توندڕۆیی کرایەوە و ئەگەری دزەکردنی تیرۆرستان لە سوریا بە مەترسییەکی جددی دانرا کە کاریگەری بۆ سەر عێراق و ناوچەکە بە گشتی دەبێت و هەر پەیوەست بەم باسەوە هەماهەنگیی ئەمنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدڕال بە گرنگ زانرا."
بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوەداوە "هەردولاش هیوایان خواست دۆخی سوریا ئارامی و سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێت و کێشە و گۆڕانکارییەکان بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لە بەرژەوەندیی گەلانی سوریا بگات بە چارەسەر."