ئیڤێت كوپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا جەخت لە "بەرەنگاربونەوەی تاوانی رێكخراو و سنورداركردنی كۆچی نایاسایی" دەكەنەوە.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئیڤێت کوپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیاوە پێگەیشت.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، گفتوگۆ لەبارەی چەند بابەتێکی ئەمنی و پرسەکانی جێی بایەخی هاوبەش کرا.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە "هەردو وەزیری ناخۆی کوردستان و بەریتانیا، بیروڕایان لەبارەی پێشهاتە ئەمنییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە، بەتایبەتی گۆڕانکارییەکانی سوریا ئاڵوگۆڕ کرد و جەختیان لە گرنگی پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگیی نێوان هەردولا بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئاڵنگارییەکان کردەوە."
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، هەردولا "پابەندبونی خۆیان بە بەرەنگاربونەوەی تاوانی ڕێکخراو و سنوردارکردنی کۆچی نایاسایی دوپات کردەوە و جەختیان لە پێویستی برەودان بە کارکردنی هاوبەش لەپێناو دەستەبەرکردنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە کردەوە."