ڕاپەڕینی خەڵکی سوریا، شەڕی ناوخۆ و ڕووخاندنی ئەسەد!
  2024-12-18       92       

لە ئینگلیزییەوە: توانا محەمەد نوری

 

خەڵکی سوریا دوای زیاتر لە پێنج دەیە لە دیکتاتۆریەتی خوێناوی و سەرکوتگەرانە، ئاهەنگی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد دەگێڕن.


بەشار ئەلئەسەد لەدوای کۆچی دوایی باوکیەوە لە ساڵی ٢٠٠٠ وڵاتی بەڕێوەبردووە، یەکشەممەی ڕابردوو لە دیمەشقی پایتەخت بەرەو ڕووسیا هەڵهات.
دەستەی ڕزگاری شام (HTS) کە گرووپێکی چەکداری ئیسلامی توندڕەوە، لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا هێرشێکی کتوپڕیان بۆ سەر ڕژێمی ئەسەد دەستپێکرد. دوای ئەوەی شاری حەلەبیان گرت، چەکدارەکانی HTS بەرەو باشوور بەرەو دیمەشق بەڕێکەوتن و پاش ١١ ڕۆژ پایتەختیان گرت.
شەڕی ناوخۆی سوریا، دوای ئەوەی ئەسەد شۆڕشی جەماوەری ساڵی ٢٠١١ی لە خوێندا خنکاند، دەستیپێکرد و لەو کاتەوە سوریا کراوەتە شوێنی ململانێ و یەکلەییکردنەوەی ناکۆکی نێوان زلهێزەکانی ناوچەکە.
دوای ئەوەی HTS دیمەشقی گرت، خەڵک هێرشیان کردە سەر کۆشکی سەرۆکایەتی و هێمای دیکتاتۆریەتی گەندەڵی ئەسەدیان تاڵان کرد.

چەکدارەکان دەستیان بەسەر دامەزراوە میدیاییەکانی دەوڵەتدا گرت بۆ پەخشکردنی سەرکەوتنەکانیان و زیندان و ژوورەکانی ئەشکەنجەدانی ڕژێمیان واڵاکرد.

لە سەرانسەری جیهان، لە واشنتۆن تا بەرلین تا ئەستەنبوڵ، سورییەکان بە خۆشحاڵییەوە ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ دەربڕینی خۆشحاڵی خۆیان بە ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد.
 

ڕژێمی ئەسەد لەکوێوە هاتبوو؟
ژەنەڕاڵ حافز ئەسەد، باوکی بەشار ئەسەد، لە ساڵی ١٩٧١ دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت و دیکتاتۆریەتێکی دڕندە و گەندەڵی دروستکرد.
پارتی ناسیۆنالیستی عەرەبی بەعس لە ساڵی ١٩٦٣دا بە کودەتایەکی سەربازی هاتبووە سەر دەسەڵات و کودەتایەکی دیکە لە ساڵی ١٩٦٦باڵی چەپی حیزبەکە دەسەڵاتی گرتە دەست. ئەم باڵە بەڵێنی گەشەپێدانی سەرمایەداری بە سەرکردایەتی دەوڵەت و چاکسازی کۆمەڵایەتی و ڕووکردنە شورەوی دابوو.
دوای شکستی سوریا لە جەنگی شەش ڕۆژەی ساڵی ١٩٦٧دا، باڵی چەپی حیزبەکە بەرەو لاوازی ڕۆشت و وەزیری بەرگری حافز ئەسەد کودەتایەکی دیکەی ئەنجامدا و دەسەڵاتی گرتە دەست.
ڕژێمێکی نوێی بنیاتنا کە تێکەڵەیەک بوو لە سەرمایەداری دەوڵەتی و بازاڕێکی ئازادی سنووردار کراو.
پۆستە باڵاکانی ڕژێمی ئەسەد زۆرێک لە عەلەوییەکان و کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانی دیکەی لەخۆگرتبوو. بەڵام پشتیوانی بەشی موسوڵمانی سوننەی چینی سەرمایەداریشی هەبوو.
سەرەڕای سوود وەرگرتن لە دەستەواژەی سۆشیالیستی، ڕژێمی حافیز ئەسەد دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری لە دەستی ژمارەیەکی کەم لە بەرپرسانی دەوڵەتدا چڕکردبۆوە.
لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوود ڕژێمی ئەسەد پشتی بە پشتیوانی شورەوی دەبەست کە چەک و قەرز و یارمەتییەکانی دابین دەکرد.  ڕژێمی ئەسەد هەروەکو ڕژێمە ناسیۆنالیستە عەرەبییەکانی دیکە شێوازی سەرمایەداریی دەوڵەتییان گرتبووەبەر.
بەشار ئەسەد لە ساڵی ٢٠٠٠ شوێنی باوکی گرتەوە و پاڵی بە "چاکسازی"ی زیاترەوە نا و بەدوای پەیوەندییەکی نزیکتردا لەگەڵ ڕۆژئاوادا گەڕا. بۆ نموونە لە کاتی شەڕی تیرۆر لەگەڵ ئەمریکا کاری هاوبەشیان کرد.
بەرنامەی ئازادکردنی ئابوورییەکەی بووە هۆی راکێشانی سەرمایەی بیانی لە کەنداوەوە. بەڵام ئەمەش لە بەرامبەردا بوومەلەرزەیەکی موڵک و ماڵی دروستکرد کە چینی ناوەڕاست و کرێکاری بە گرانی نرخەکانەوە چەقاند.

 

ڕاپەڕینی سوریا لە ساڵی ٢٠١١ چۆن بوو؟
ڕاپەرینی خەڵکی سوریا دوای ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانی میسر و تونس وەک بەشێک لە بەهاری عەرەبی هاتە ئاراوە. لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠١١دا پۆلیس هەندێ گەنجی دەستگیرکرد بەهۆی ئەوەی لەسەر دیواری قوتابخانەکەیان نووسیبوویان "خەڵک دەیەوێت ڕژێمەکە بڕوخێنێت".
ئەو ناڕەزایەتیانەی کە بەدوایدا هات، بە خێرایی زەبری زیاتریان بەدەستهێنا. بەشار ئەسەد بە شوێن پێی باوکی هەوڵیدا ڕاپەڕینەکان بە خوێن بخنکێنێت و تەقەی لە خۆپیشاندەران کرد و چالاکوانانی کردە ئامانج و زیندانیکردن.
بەڵام ئەوە ڕوون بووەوە کە ئەوە بەس نابێت. هێزەکانی ئەسەد دەستیان کرد بە گەمارۆدانی شارۆچکە و شارە یاخیبووەکان، بۆردومانکردنی ناوچە نیشتەجێبووەکان بۆ ئەوەی پەیکەری کۆمەڵایەتی شۆڕشەکە لەناوببەن. ئینجا ئەسەد ڕووی کردە پەرەپێدانی دابەشکاری تائیفی لە نێوان جەماوەرە یاخیبووەکاندا.
لە کاتێکدا سەربازانی سوریا دەستیان کرد بە ڕەتکردنەوەی تەقەکردن لە خۆپیشاندەران، هەندێ میلیشیا پێکهێنرا بۆ بەرگریکردن لە گەڕەکەکانیان. ناوی سوپای سوریای ئازاد (FSA) یان وەرگرت، بەڵام ڕێکخراوێکی پارچەپارچە و بێ سەرکردایەتییەکی ناوەندی بوو.
لە ساڵی ٢٠١٢ ئەسەد پشتیوانی ئێرانی ڕاکێشا. ئێران هێزەکانی خۆی نارد و حزبوڵڵای لوبنانیش تێکەڵاوی سەرکوتکردنی خەڵک و شەڕیش بوو لەگەڵ هێزە میلیشیاکانی ڕکابەری ئەسەد. دواییتر ڕووسیاش فڕۆکە جەنگییەکانی خۆی شارۆچکەکانی سوریایان بۆردومان کرد.
لەگەڵ قووڵبوونەوەی شەڕی ناوخۆ، گروپە ئیسلامییە چەکدارەکان گەشەیان کرد.

 

دەستەی ڕزگاری شام (HTS) کێن؟
ئەبو محەمەد جۆلانی سەرەتا جەبهەی نوسرەی وەکو لقێکی ئەلقاعیدە لە سوریا پێکهێنا. ئەو گروپە پەیوەندییان بە ڕێکخراوی قاعیدەوە هەبووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦ لە ڕێکخراوی ئەلقاعیدە جیابوونەوە.
دوای زنجیرەیەک یەکگرتن، دەستەی ڕزگاری شام (HTS) لە ساڵی ٢٠١٧ سەریهەڵدا. بە پێچەوانەی هەندێک جۆری دیکەی جیهادیزم، HTS  ئامانجی ناسیۆنالیستی هەیە و چاوی لە کۆنترۆڵکردنی سوریایە، نەک دامەزراندنی خەلافەتێکی موسڵمانی بێ سنوور. بەڵام تێڕوانینی کۆنەپەرستانەی خۆی و شەریعەی ئیسلامی بەسەر دانیشتوانی ئەدلیب و ئەو ناوچانەی ئەم دەستەیە دەستی بالای تیایدا هەبوو سەپاند. پێش ڕووخاندنی ڕژێمی ئەسەد، HTS  بەشێکی زۆری باکووری ڕۆژئاوای سووریای بەڕێوە دەبرد.

دەستەی ڕزگاری شام، گرووپێکی جیهادی سەلەفییە لە ڕێگەی یەکگرتنەوەی بەرەی فاتح الشام (پێشتر بە بەرەی نوسرە ناسرابوو)، بەرەی ئەنسارولدین، جەیش ئەلسوننە، لیوای ئەلحەق و نور و بزووتنەوەی نورەدین ئەلزێنکی. دوای ماوەیەکی کەم ژمارەیەک گروپی دیکەش پەیوەست بوون بەو ڕێکخراوە، هەروەها ژمارەیەک کەسایەتی و چەکدار لە سوریا و دەرەوەی وڵاتیشەوە. سەرەڕای هەموو ئەم یەکگرتنە، HTS لە سەرکردەکانی بەرەی نوسرە بە تایبەتی پێکدێت، چونکە سەرکردەکانی ئەم بەرەیە دیارترین پێگەکانی HTS کۆنتڕۆڵ دەکەن.

ڕێکخراوی HTS بە سەرۆکایەتی ئەبو محەمەد ئەلجۆلانی لە ساڵی ٢٠١٧ لەلایەن دەوڵەتانی ڕۆژئاواوە قەدەغە کرا. ئەمریکا ١٠ ملیۆن دۆلاری داناوە بۆ دەستگیرکردنی سەرکردەکەی. بەڵام لەگەڵ دامەزراندنی ڕژێمی نوێ لە سوریا، وەزیری بێ وەزارەتی کابینەی بەریتانیا 'پات مەکفادن' ڕایگەیاند، حکومەتەکەی پێداچوونەوە بە قەدەغەکردنی تیرۆر دەکات.

ئێران کە پشتیوانێکی سەرەکی ئەسەد بوو، هەر زوو هەوڵیدا خۆی لە ڕژێمە ڕووخاوەکە دوور بخاتەوە. مەسعوود پزیشکیان سەرۆکی ئێران یەکشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند، "ئەوە گەلی سوریایە کە دەبێت بڕیار لەسەر ئایندەی وڵاتەکەی و سیستمی سیاسی و حکومی وڵاتەکەی بدات." لە کاتێکدا ڕووسیا ئەسەد لە مۆسکۆ داڵدە دەدات، بەپێی زانیارییەکان دەستەی ڕزگاری سووریا HTS گەرەنتی سەلامەتی بنکە سەربازییەکانی ڕووسیای لە سووریا کردووە.

 

ئەی کوردی سووریا بەرەو کوێ؟

ڕژێمی ئەسەد لەسەر پڕۆسەی بەعەرەبکردن ڕۆیشت و جووتیارانی کوردی لە زەویەکانیان دوورخرانەوە بۆ ئەوەی شوێن بۆ عەرەبەکان بکەنەوە.  بەکارهێنانی زمانی کوردی قەدەغە کرد و هەموو جۆرەکانی کولتووری کوردی سەرکوت کرد.

لە هەمان کاتدا حافز ئەسەد پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کە خەباتی بۆ ڕزگاری کورد لە تورکیا دەکرد، وەک موزایەدەیەک لە دژی دراوسێکەی بەکارهێنا.

بەڵام لە ساڵی ١٩٩٨ لەژێر فشاری تورکیا ڕژێمی ئەسەد، عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆکی پەکەکە و پارتەکەی لە سوریا دەرکرد.

لە سەردەمی شۆڕشی سوریا لە ساڵی ٢٠١١، پەیەدە و هێزەکانی یەپەگە شەڕیان کرد بۆ دامەزراندنی ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە بە ڕۆژاڤا ناسراوە لە ساڵی ٢٠١٦.
بەڵام هەوڵەکانی ئازادیخوازی کوردیش مێژوویەکی تێوەگلان لەگەڵ ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا هەیە. لە ساڵی ٢٠١٤، کاتێک شۆڕشی سوریا شکستی هێنا، یەپەگە بوو بە بەشێکی سەرەکی هێزی دیموکراتی سوریا (SDF).

هێزەکانی سوریای دیموکرات SDF)) هاوپەیمانێتییەکی ئەمریکی بوو وە پێکهاتوە لە میلیشیا کوردەکان، عەرەبەکان، ئاشوورییەکان، ئەرمەنییەکان، تورکمان و چەرکس کە دژی داعش و بەرەی ئەلنوسرە شەڕ دەکەن.

ئەمڕۆ لە کاتێکدا کوردەکان چاویان لە بەرگریکردن لە ئۆتۆنۆمی خۆیانە لە ڕۆژاڤا، وا دیار بوو ساڵح موسلیم پشتگیری لە HTS دەکات کاتێک بەرەو دیمەشق پێشڕەوی دەکات.  لەکاتێکدا ئێچ تی ئێس هێرشی خۆی بۆ سەر ڕژێمی ئەسەد دەستپێکرد، هێرشیشیان بۆ سەر ناوچە کوردییەکانیش دەکرد و هێزە کوردییەکان هەوڵدەدەن کۆنترۆڵی ناوچە خۆسەرەکەی خۆیان بپارێزن.

بەڵام ئەمە دەتوانێت گرژی لەگەڵ ڕژێمێکی HTS دروست بکات. وە ئەردۆغان هەوڵ دەدات لەڕێگای  HTS  هێرش بۆ سەرکوتکردنی کوردەکانی سوریا دەستپێبکرێ.
لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ چاوی لەوەیە لە مانگی یەکدا خولی دووەمی خۆی دەستپێبکات، دوودڵە لە دەستوەردان لە سوریا. بەڵام پاڵپشتی ڕژێمی ئەردۆغانیش دەکات و زیاتر خەباتی کورد دەخاتە ناو نادڵنیاییەوە.

 

دەرئەنجام

ڕووخاندنی ئەسەد بە هاوکاری تورکیا و پارەو پولی قەتەر ئەنجامدرا، بەبێ ڕەزامەندی ئیسرائیل مومکین نەبوو.  ئێستا تورکیا و قەتەر وەک داگیرکەری نوێی سوریا جێگەی ئێران و ڕووسیایان گرتووەتەوە، ئەم دوانەش بە تەواوی بێدەنگن بەرامبەر بە ئۆپەراسیۆنی داماڵینی چەکی سوریا لەلایەن ئیسرائیلەوە.

هەمووان بەرەی نوسرە و داعش و ئەلقاعیدە و تاڵیبان دەناسن و دەشزانن کێ دروستیکردوون و بۆچ مەبەستێکیش دروستکراون و گۆڕەپان و ئیمکاناتیشیان خستۆتە بەردەمیان. گۆڕینی ناو و جلوبەرگ ناوەرۆک ناگۆڕێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×