هەسەدە رایگەیاند، شەڕڤانان هێرشەكانی میلیشیاكانی سەربە توركیایان بۆ سەر بەنداوی تشرین تێكشكاندن و 37 چەكداری میلیشیاكان كوژراون لەگەڵ برینداربونی دەیان چەكداری دیكە.
ئاوێنە: ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، شەڕڤانانی ئەنجومەنی سەربازیی منج، توانیان هێرشەكانی میلیشیاكانی سەربە توركیا بۆ سەر بەنداوی تشرین لە باشوری رۆژهەڵاتی منبج تێكبشكێنن كە لەلایەن درۆنی سوپای توركیاوە پاڵپشتی دەكران.
ئەوشەی خستۆتەڕو، لە بەرەنگاربونەوەی ئەو هێرشانەدا لەلایەن شەڕڤانانەوە، 37 چەكداری میلیشیاكانی سەر بە توركیا كوژراون و دەیان چەكداری دیكە برینداربون و ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبێلی سەربازیی ئەو ملیشیانەش تێكشكێندراون.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە هێرشەكانی ملیشیاكان لە سەر لەبەیانی ئەمڕۆوە لە سێ قۆڵەوە بۆ سەر بەنداوەكە دەستیان پێكردو لە ئەنجامی بەرەنگاربونەوەی هێرشەكاندا لەلایەن شەڕڤانانەوە، شەڕێكی سەخت دروست بوبو.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە لەدوای تێكشكاندنی هێرشەكان، هێزەكانی ئەنجومەنی سەربازیی منج دەستیان كردوە بە پڕۆسەی پكشنین و پاككردنەوەی دەوروبەری بەنداوەكەو تا ئێستاش پڕۆسەكە بەردەوامە.