ئەمڕۆ شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی پیرمامی کرد.
ئاوێنە: دوای کۆبوونەوەی نێوانیان، پارتی و یەکێتیی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە، کە تێیدا هاتووە "بارودۆخی ناوچەکە و ئەو گۆڕانکارییانەی کە هاتوونەتە ئاراوە کاریگەرییان لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە، خرانە بەرباس."
لە ڕاگەیەندراوەکەشدا ئاماژە بەوە کراوە "هەردوولا لەسەر تەبایی و هاوهەڵوێستیی لە پارێزگاریکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان لەم قۆناغە هەستیارەدا، کۆک بوون."
هەروەها باس لە هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی پێویست بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیە کرا. هەردوولا هاوڕا بوون کە بەزووترین کات، کار لەسەر ئامادەکردنی بەرنامەیەکی هاوبەش، بۆ ئەو بنەمایانە بکەن کە حوکمڕانی کوردستانیان بۆ قۆناغی ئایندە لەسەر بەڕێوە دەچێت، بەشیوەیەک کە پاریزگاریی لە پێگە و سەقامگیریی کوردستان بکات و ماف و بەرژەوەندییەکانیانی هاووڵاتیان و سەرجەم پێکهاتەکان بکات.
هەروەها بڕیار درا لێژنەیەکی هاوبەش، کار لەسەر ئامادەکردنی ڕەشنووسی ئەو بەرنامەیە بۆ کۆبوونەوەی ئایندە، بکات.