شاندێکی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ مووچە لە هەرێمن
  2024-12-17       253       

شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی عێراق، ماوەی دوو ڕۆژە بەسەردانێکی فەرمی لە هەرێمی کوردستانە و لەوبارەیەوە ئاوات شێخ جەناب دەڵێت "لەپێناو چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە تەکنیکیەکانی تایبەت بە مووچە و داواکارییەکانی بەغدا، بەرپرسانی وەزارەت ڕاسپێردراون لەماوەی کەمتر لەهەفتەیەکدا سەرجەم کارەکان تەواو بکەن".

ئاوێنە: ئەمشەو لەمیانی راگەیەندراوێکدا وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان رایگەیاند "ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لە شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی عێراق کە ماوەی دوو ڕۆژە بەسەردانێکی فەرمی لە هەرێمی کوردستانن".

لەدیدارێکدا وەزیری دارایی پشتیوانی خۆی و وەزارەتی بۆ سەرخستنی کارەکانیان دوپاتکردەوە و وتی "لەپێناو چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە تەکنیکیەکانی تایبەت بە مووچە و جێبەجێکردنی داواکارییە نوێیەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر ڕێکخستنەوەی ڕاپۆرتەکانی تەرازوی پێداچونەوەی مانگانە، بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری و گەنجینەکان و سەرجەم یەکە ژمێریاریەکان ڕاسپێردراون لەماوەی کەمتر لەهەفتەیەکدا سەرجەم کارەکان تەواو بکەن".

ئەوەش هاتووە "تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی عێراق سوپاسی پشتیوانیەکانی وەزیری داراییان کرد و رایانگەیاند؛ وەک یەک تیم لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی کاردەکەن بۆ ئەوەی لەو ماوەی بۆیان دیاری کراوە کارەکان بەسەرکەوتویی تەواو بکەن".
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×