ئیسرائیل لەسەر کوردانی سوریا، دژی تورکیا هاتەدەنگ
  2024-12-17       2109       

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل وەڵامی ڕاگەیاندنێکی وەزارەتی دەرەوەی تورکیای دایەوە سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی چەند ناوچەیەکی سنوری سوریا لەلایەن هێزەکانیانەوە. تورکیا دەڵێت ئەو کارەی ئیسرائیل بە توندی سەرکۆنە دەکات و ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا دەڵێت "دوایین وڵات بۆی هەبێت قسە لەسەر داگیرکاری لە سوریا بکات تورکیایە".

ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، لە راگەیاندنەکەیدا ئاماژە بەوەش دەکات "تورکیا بە بەرنامە دەستدرێژی کردووەتە سەر خاکی سوریا، وە ئەو پرۆسەیە لە ٢٠١٦، ٢٠١٨، ٢٠١٩ دەستپێکردووە و هەتا ئەمڕۆ بەردەوامە. ناوچەی دروستکردووە بۆ گروپە چەکدارەکانی لە بری ئەو کاردەکەن، وەکو لەشکری نیشتمانی سوریا کە لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدایە.

ئەوەش هاتووە "لە ئێستادا نزیکەی %١٥ی خاکی سوریا لەژێر کۆنترۆڵی ئەو هێزانەن کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات. لەو ناوچانە کار بە لیرەی تورکی دەکرێت و بانک و پۆستی تورکی کاردەکەن".

"جگە لەوانە، لەشکری تورکیا بە فڕۆکەی جەنگی و درۆن ژێرخانی ناوچەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆردومان دەکات.
تورکیا پشتیوانی لەو هێزە جیهادیانە دەکات کە لە سوریا لە دژی کورد کاردەکەن.
دوایین وڵات بۆی هەبێت قسە لەسەر داگیرکاری لە سوریا بکات ئەوە تورکیایە، کە ١٥% ی خاکی سوریا لە ژێر دەسەڵاتی گروپەکانی لە بری ئەو کاردەکەن و لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیدان. هیچ پاساوێک نییە بۆ بەردەوامبوونی دەستدرێژی و توندوتیژی لەلایەن تورکیاوە لە دژی کوردەکانی سوریا!". وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل وا دەڵێت

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رۆژی دووشەممە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا وتی "بەتوندی بڕیاری ئیسرائیل بۆ فراوانکردنی نیشتەجێیەکان لە بەرزاییەکانی گۆلانی داگیرکراو لەوەتای ١٩٦٧وە سەرکۆنە دەکەین".

ئەوەشی خستە روو، ئەو کارە بەردەوامانەی ئیسرائیل بەشێوەیەکی زۆر مەترسیدار گرژییەکان لە ناوچەکە زیاتر دەکەن و ئەو هەوڵانە بنکۆڵ دەکەن کە دەدرێن بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە سوریادا.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×