شیرین خێرۆ: باوکم بەدەستی داعش شەھید کراوە، تا ئێستاش خاڵو مامێکم چارەنوسیان نادیارە
ئا: عەمار عەزیز
شیرین خێرۆ، کچێکی رزگاربووی دەستی داعشەو باوکی بەدەستی چەکدارانی داعش کوژراوە، ساڵی رابردوو شیرین توانی بڕوانامەی بەکالوریۆس لەزانکۆی ئەمریکی دھۆک بەدەستبهێنێت، ئێستاش بەنیازی خوێندنی ماستەرە، ئەو کە ئێستا لەگەڵ خۆشکێکی لەکەمپی خانکێ دەژین، دەڵێت "وەک چالاکوانێک بۆ داکۆکیکردن لەرزگاربوانی دەستی داعش کاردەکەم".
شێرین خێرۆ، دانیشتوی کۆمەڵگای حەردانە سەر بەقەزای شنگال، لە٣ی ئابی ٢٠١٤ لەگەڵ خێزانەکەی دەکەوێتە دەست چەکدارانی داعش، دوای زیاتر لە ٢ ساڵ رزگار دەکرێت.
شێرین، کاتێک باس لەو رۆژە دەکات کە چەکدارانی داعش ئێزیدییەکانی جینۆساید کرد، خەمێکی قوڵ دایدەگرێو چاودەنوقێنێو بە"رۆژر رەشەکە" ناویدەبات، ئەو بەئاوێنەی وت "لەئابی ٢٠١٤، ھەموو خێزانەکەمان بەنیاز بووین لەدەست داعش ڕابکەین، بەڵام لە چوارڕیانی حەردان، چەکدارانی داعش ھەموومانی دەستگیرکرد، دوای جیاکردنەوەی ژنو پیاو لەیەکتر، چەکدارانی داعش ھەر ژمارەیەکمانی بۆ شوێنێک گواستەوە، ئەو رۆژەم ھەرگیز لەبیرناچێت، ئەو دیمەنە دڵتەزێنانەی ئەو رۆژە بەقسە ناوترێتو ناگێڕدرێتەوە".
شیرین، لەگەڵ سەدان کچی ئێزیدیدا دوای ئەوەی کە داعش ھەموو کردەوەیەکی نەشیاوی بەرامبەریان ئەنجامدان، هەر بەکەنیزەک کردنو دەستدرێژی سێکسییەوە بگرە تا دەگات بەلێدانو سوکایەتی پێکردن، دوای چەند ساڵێک لەنەهامەتیو چەرمەسەریی، لەژێردەستی ئەوان رزگار کران، ئێستاش ھەر یەکێک لەو کچە ئێزیدییە رزگاربووانە بەپیشەیەک یان کارێکی تایبەتەوە سەرقاڵنو لەگەڵ خزمو کەسوکاری خۆیان دەژین .
ئەو ساڵەی داعش دەستی بەسەر شنگالدا گرت، شیرین خوێندنکاری ١٢ی ئامادەیی بوو، زۆربەی تاقیکردنەوەکانی ١٢ ئامادەیی کردبوو، تەنیا بابەتی عەرەبی مابوو، کە چەکدارانی داعش پەلاماری دانو بەدیل گیرانو بردیانن، بەڵام شیرین ھەر خەمی تەواوکردنی خوێندنکەی بوو، بۆیە کاتێک لە ٢٠١٧ رزگارکرا، یەکەم کاری ئەو گەڕانەوە بوو جارێکی تر بۆ خوێندنگاو توانی ھەر لەساڵی یەکەمدا خوێندنەکەی تەواو بکات .
شیرین خێرو دەڵێت "کە داعش دەستی بەسەر شنگالدا گرت، لەتاقیکردنەوەکانی ١٢ی ئامادەیی بووین، بەڵام داعش ھەموو شتێکی لەئێمە تێکدا، بۆیە بەئاواتی تەواوکردنی خوێندنەوە گەڕامەوە بۆ خوێندنگاو پۆلی ١٢ی ئمادەییم تەواو کرد".
دوای تەواوکردنی قوناغی ١٢ی ئامادەیی، شیرین چانسی ئەوەی دەبێت لەیەکێک لەزانکۆ بەناوبانگەکان بخوێنێت، ئەویش زانکۆی ئەمریکییە لەدھۆک، ئەوەش لەرێگای پێشکەشکردنی دەرفەتو مینحەیەک بۆ دوو خوێندکاری ئێزیدی، شیرین دەبێتە یەکێک لەسوودمەندانی پرۆژەکە.
شیرین وتی "دوای وەرگرتنی ئەو مینحەیە لەبەشی کارگێری کار دەستم بەخوێندن کرد، چوارساڵی پڕ خوێندنو چالاکی جۆراوجۆر، خۆشبەختانە پارساڵ تەواوم کرد، ئەوەی مایەی دڵخۆشی بوو بۆ من سەڕەرای کۆمەڵێک ئاستەنگو ناخۆشییەکانی کاتی داعشو لەدەستدانی دەیان کەسی تر لەکەسوکارم، ھەر کوڵمنەداو بڕیارمدا خوێندن تەواو بکەم".
شیرین لەخولی شەشەمی دەرچووانی زانکۆ کە ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو، جگە لەوەرگرتنی بڕوانامەی زانکۆ، ھاوکات بڕوانامەی "شەرەفی خوڕاگری" لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی لەدھۆک پێبەخشرا، ئەوەش لەبەر ئەو ئازایەتیەی ئەو کە سەڕەرای دەیان ناخۆشیو دەستگیرکردنی لەلایەن داعشەوە، بەڵام هەر کۆڵی نەداو ھەموو ئەو نەهامەتیانەی تێپەڕاند .
شیرین وتی "جگە لەو ھەموو ناخۆشیانەی بەسەر ئێمەی ئێزیدیدا ھاتوون، باوکی خۆم بەدەستی داعش شەھید کراوە، تا ئێستاش خاڵو مامێکم چارەنوسیان نادیارە، دەیان کەسی تر لەخزمو کەسوکارەکەم شەھید کراون، دایکو خوشکو براکانم کۆچیان کردو لەدەرەوەی وڵات دەژین، ئێستا لەماڵەوە ھەر منو خوشکێکم بەتەنیا لەکەمپی خانکێ دەژین، مووچەی رزگاربووانی دەستی داعش لەحکومەتی عێراق وەردەگرینو بەو پارەیە ژیان بەڕێدەکەین".
دوای تەواوکردنی زانکۆ، ئێستا شیرین لەگەڵ چەند چالاکوانێک لەگەڵ چەند رێکخراوێکی تایبەت بەرزگاربووانی دەستی داعش کار دەکات کە ھەندێکیان ناوخۆیینو هەندێکیشیان بیانینو ئامانجیان داکۆکیکردنە لەمافەکانی رزگاربوانی دەستی داعش و چارەسەرکردنی کێشەکانیان.
شیرین وتی "قەد حەزناکەم لەماڵ بێ ئیش دابنیشم، دوای تەواوکردنی زانکۆ وەک چالاکوانێک بۆ داکۆکیکردن لەرزگاربوانی دەستی داعش کاردەکەم"
سەبارەت بەئاواتیشی لەژیاندا، وتی "وەکو چالاکوانێکی ژنان بەردەوام دەبم لەکارەکانم، ھەوڵی جددی دەدەم ماستەریش لەبوارەکەی خۆم بخوێنم".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.