سەعدی پیرە: ئەمڕۆ بەپارتیمان وت ناردنەوەی چەکدار بۆ سوریا سەرەتای شەڕی ناوخۆیە لەڕۆژئاوای کوردستان
  2024-12-17       1905       

سەعدی پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێت "لەکۆبوونەوەی هاوبەشی ئەمڕۆماندا بەپارتیمان وت ناردنەوەی هەر چەكدارێك بۆ ناوەوەی سوریا بەبێ ڕێكکەوتن لەگەڵ هەسەدە سەرەتای شەڕی ناوخۆیە لەڕۆژئاوای كوردستان".

 

ئاوێنە: سەعدی پیرە بەئاوێنەی راگەیاند لەكۆبونەوەی ئەمرۆدا لەپیرمام، هەرچەندە یەکێتی‌و پارتی وەك تیمی دانوستانكاری پێكهێنانی حكومەت كۆبونەوەیان ئەنجامداوە بەڵام یەكێ لەبابەتەكان باسی رۆژئاوای کوردستان‌و سوریا بووە، ئەو وتی "ئێمە بەپارتیمان وت ناردنەوەی هەر چەكدارێك بۆ ناوەوەی سوریا بەجیاو بەبێ ڕێكکەوتن لەگەڵ هەسەدە سەرەتای شەڕی ناوخۆیە لەڕۆژئاوای كوردستان‌و ئێوە تەحەمولی ئەو دۆخە دەكەن، ئەگەر كێشەو دووبەرەكی روبدات".

وتیشی "پێمانوتون ئێوە لەجیاتی ئەوەی بچن چەکدار بنێرنەوە، وا باشترە بەرگری لەو هێزە بكەن لەڕۆژئاوای كوردستان هەیە، بەڵام ئەوان بۆچونیان جیاوازەو یەك دەنگ‌و یەك نین".

 لەبارەی ئەو دەنگۆیانەش کە ماهیر ئەسەدی برای بەشار ئەسەد هاتۆتە سلێمانی، سەعدی پیرە وتی "ماهیر ئەسەد بەچی دەگاتە سلێمانی؟! سلێمانی سنوری بەسوریاوە نیە ئەگەر بەئەرزدا بێت دەبێت بەیەكێك لەبازگەکانی پارتیدا بێت یان ئەگەر بەفڕۆکە هاتبێت دەبێت بەیەكێك لەفڕۆکەکانی ئەوان هاتبێت، رێگەی ئاویشمان نیە تا بێت بۆ سلێمانی، بۆیە ماهیر ئیشی بەهەرێمی كوردستان نیەو نایەتە سلێمانی، بەدڵنیایی نەهاتووەو باسكردنی ئەم بابەتە تەنها بۆ ناوزڕاندنی یەكیەتی‌و نیفاقی سیاسیە بۆ تێكدانی پەیوەندییەکانی یەكیەتییە لەگەڵ وڵاتانی دیكە، لەوەوپێش نیفاقی زۆریان كردووە، ئەمەش نیفاقێكی دیكەیانە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×