هۆکاری ئابوری رۆڵی سەرەکی هەیە لەم ئارەزووەی کچاندا کە هاوسەرگیریی لەگەڵ کوڕانی لەتەمەنی خۆیان زۆر گەورەتر بکەن
ئا: پەیام نەجمەدین
کچان بەویستی خۆیان هاوسەرگیری لەگەل ئەو کوڕو پیاوانەدا دەکەن کە تەمەنیان لەخۆیان زۆر گەورەترە، لێکۆڵەرێکی دادوەری دەڵێت "پێشتر کچان شوویان دەکرد بەو کوڕانەی لەئەوروپانو ئارەزوی ئەوروپا وایکردبوو کە کچان شوو بە گەورەتر لەخۆیان بکەن، بەڵام لەئێستادا لەکوردستان پەرەیسەندووەو بەتەمەنی زۆر لەخۆیان گەورەتر شوو دەکەن".
خەیاڵ، کچێکی تەمەن ٣٥ ساڵەو هێشتا هاوسەرگیری نەکردووەو ئامادەیە لەگەڵ کوڕێک تەمەنی زۆر لەخۆی گەورەتر بێت هاوسەرگیری بکات، ئەو پێیوایە سروشتی کچان وایە کە حەزدەکەن هاوسەری ژیانیان لەخۆیان گەورەتر بێت، خەیاڵ وتی "تا ١٠ ساڵو زیاتریش ئاساییە کوڕان لەکچان گەورەتر بن، چونکە ئافرەت پیاو بەپاڵپشتی سەرەکی دەبینێ لەژیانی خۆیدا، هەموو ئافرەتێ پێیوایە پیاو بەهێزترەو کاریگەرترە بۆ ڕوداوەکانی ژیان، ئەرکو بەرپرسیارێتی زیاتر دەکەوێتە ئەستوی پیاوو ئەتوانێ ئەو بەرپرسیارێتیەی لەسەر شانیەتی بەباشی هەڵیبگرێ".
وتیشی "کوڕو پیاوی بەتەمەن کەسێکە لەهەموو شتیک بووەتەوەو بەنیەتی پێکهێنانی خێزان یان خستنەوەی منداڵ دەیەوێت هاوسەرگیری بکات، توانای بەر پرسیارێتی هەیەو دەتپارێزێت، گرنگی باشت پێ دەداتو سەرکەوتویشە لەڕوی ئابورییەوە چونکە ئەزمونی ئابورییان هەیە".
بەشێک لەکچان پێیانوایە هۆکاری ئابوری رۆڵی سەرەکی هەیە لەم ئارەزووەی کچانداو لەبەرامبەریشدا کوڕانی بەتەمەن پێیانوایە کچی کەم تەمەن جوانترەو هۆکارێکیشی پەیوەستە بەلاسایی کردنەوە لەدراماو فلیمەکان کە جۆرێک لەڕەوایەتی بەو پرۆسەی هاوسەرگیرییە دەدرێت.
ژینۆ، ژنێکی تەمەن ٣٦ ساڵە، ئەو هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێک کردووە کە ١٥ ساڵ لەخۆی گەورەترە، ئەو وتی "یەکێک لەهۆکارەکانی ئەم دیاردەیە، بوونی سەروەتو سامانە، کە جیاوازی تەمەن کاڵو ئاسایی دەکاتەوە، هەندێ جاریش هۆکارەکەی ترسی ئافرەتانە لەبەکارهێنانی وشەی قەیرەییو لەترسی قسەو قسەڵۆکی خەڵکی، خراپی باری ئابوری بەگشتیو ژن نەهێنانی کوڕانیش هۆکارێکی دیکەیە کە کچان پەنا دەبەنە بەر شووکردن بەسەر بەهەوێ یاخود بەکوڕێ کە زۆر لەخۆیان گەورەترە".
وتیشی "کوڕانی بەتەمەنیش زیاتر ئارەزووی ئەو جۆرە لەهاوسەرگیریین کە کچی زۆر کەمتر لەتەمەنی خۆیان بهێنن، کە جوانترەو کاتێکی زۆری دەوێ تا لەشولاریان دادەکەوێو روخساریان چرچو لۆچی تێدەکەوێو زیاتر خۆشی لێدەبینن، ئێستا بەشێک لەدراماو فیلمەکانیش بڕەو بەم جۆرە هاوسەرگیرییە دەدەن".
چالاکوانانی بواری ژنان پێییانوایە ئەم جۆرە هاوسەرگیریە یەکیکە لەجۆرەکانی هاوسەرگیری ناتەندروست، کە هۆکاری سەرەکی ئابورییە.
هانا شوان، چالاکەوانی بواری ژنان بەئاوێنەی وت "ئەم هاوسەرگیرییە دەرهاویشتەی زۆری هەیە وەک بوونی توندوتیژی، نەگونجاندن، نائارامی لەژیاندا، ئەمانەش کۆدەبنەوە سەرئەنجام جیابونەوەی لێدەکەوێتەوە"
وتیشی "هۆشیاری بەس نییە بۆ کەمکردنەوەو چارەسەرکردنی ئەم هاوسەرگیرییە، بەڵکو دەبێت کچان خوێندن تەواو بکەنو هەلی کاری گونجاویان بۆ بڕەخسێت کە لەگەڵ کەسایەتیاندا بگونجێت، پشتگیری تەواویان بکرێت بۆ بەدیهینانی خەونەکانیان، ئەمانە هەمووی هۆکارن بۆ ئەوەی ژنانو کچان دوور بکەونەوە لەم هاوسەرگیرییە، ئەوەش ئەرکی هەموو لایەکە، کۆمەڵگە، میدیاو ڕێکخراوەکان بەهەموو لایەک ئەو کارە بکرێت".
ئەوانەشی لەدادگا کار دەکەن ئاماژە بەوە دەکەن پێشتر ئەم جۆرە هاوسەرگیرییەی کچان لەگەڵ کوڕانی گەورەتر لەتەمەنی خۆیان زیاتر بەمەبەستی گەشتن بەئەوروپا بوو، بەڵام ئێستا زیاتر لەکوردستاندا ئەنجام دەدرێت.
یادگار جالال ئەحمەد، لێکۆڵەری دادوەری ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە پێشتر هەبووە بەتایبەت کە کچان شوویان دەکرد بەو کوڕانەی تەمەنیان لەخۆیان زیاترەو لەئەوروپانو ئارەزووی گەیشتن بەئەوروپا وایکردبوو کچان شوو بەگەورەتر لەخۆیان بکەن، ئەو وتی "بەڵام لەئێستادا ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە پەرەیسەندووەو پەرەی پێدراوەو کچان لەکوردستاندا بەتەمەنی زۆر لەخۆیان گەورەتر شوو دەکەن".
وتیشی "سۆشیاڵ میدیا یەکێکە لەهۆکارە دیارەکانی هاوسەرگیری لەم جۆرە، چونکە هەمیشە شتەکان دەبنە ترێندو باوو باسدەکرێت، کاتێک کچەکان لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبینن خەڵک بەخۆشی دەژین، ئەمانیش بیر لەوە دەکەنەوە بەئاسانترین ڕێگە داهاتێکیان هەبێتو شوو بەپیاوێکی دەوڵەمەند بکەنو بتوانن ببنە خاوەنی ئۆتۆمبێلو بەکەشخەیی دەربکەونو لەگەڕانو گەشتدا بن".
یادگار باس لەوە دەکات کە خراپی باری ئابوری هۆکارێکی دیکەی ئەم هاوسەرگیرییەیە، گەنجەکان کاریان نییەو ناتوانن هاوسەرگیری بکەن بۆیە بەرامبەر بەمە ئەو کەسانەی کە پێشتر کاریان دەستکەوتووەو تەمەنێکیان هەیە، هاوسەرگیری بۆ ئەوان ئاسانترە، بۆیە کچەکان ئارەزوو دەکەن هاوسەرگیری بکەنو ماڵی خۆیان هەبێت، ئەو وتی "ئەگەر ئافرەتەکە بەئارەزوومەندانەی خۆی هاوسەرگیری کردو نییەتێکی باشی لەپشت بوو بێگومان دەکرێت درێژە بەژیانی هاوسەرگیریی بداتو هاوسەرگیرییەکەیان سەرکەوتوو بێت، ئەگەر نیەت باشی نەبێت، ئەوا سەرەنجامی خێر نابێو بێ کێشە نابێت".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.