ئا: هێڤی ئاوات
زۆربەی ئەو کچو ژنانەی قوربانی لاقەکردنو توندوتیژی سێکسین، ناتوانن چیرۆکەکانیان بگێڕنەوە، کچێک دەڵێت "کە دەستدرێژیم کرایە سەر لەبەر کاردانەوەی کۆمەڵگاو کەسوکار هیچم نەدرکاند، چونکە هەر من تاوانبار دەکرام، بۆیە بێدەنگیم هەڵبژارد".
سێوە (ناوێکی خوازراوە)، تەمەنی ١٤ ساڵ بوو، کاتێک خزمێکی خێزانەکەی هەوڵیدا دەستدرێژی بکاتەسەر. ئەو کە ئێستا تەمەنی ٢٧ ساڵە، باس لەوە دەکات کە ئەگەر دایکی لەگێچەڵی زاواکەی ئاگادار نەکردایەتەوە، وازی لێنەدەهێناو دەستدرێژیی دەکردەسەر، سێوە وتی "ساڵی ٢٠١١، لەئاهەنگێکی بووک گواستنەوە دەگەڕاینەوە ماڵەوە، لەناو ئۆتۆمبێلەکەی مامدا بووین، منو دایکمو پورمو مێردی پوورەکەم کە خاوەنی ژنو دوو منداڵەو لەپاڵما دانیشتبوو، پێش ئەوەی بگەینە ماڵەوە هێواش هێواش دەستیکرد بەدەستهێنان بەشانو پشتما، سەرەتا پێموابوو کە وەک منداڵێک نازم دەداتێ، بەڵام هەستمکرد نیازی خراپەو زۆر ترسامو هیچم نەووت".
وتیشی "کە گەیشتینە ماڵەوەو لەگەڵمان دابەزی، هەر چاوی لەسەرم بوو، دەمێک بوو هەستم پێکردبوو سەیرکردنو هەڵسوکەوتی لەگەڵم ئاسایی نەبوو، ئەو شەوە کاتێک دایکمو پوورم چوونە مەتبەخەکەوەو خەریکی ئامادەکردنی خواردنو قسەکردن بوون، هەستاو ویستی لێم نزیک بێتەوە، لەتاوا رامکرد بۆ نهۆمی دووەم، کە چوومە ژوورەکەی خۆم، گوێم لەدەنگی پێی بوو بەسەر پلیکانەکان سەردەکەوت، لەبەردەرگاکەدا هەڕەشەم لێکرد هەموو شتێک بۆ دایکمو پورم دەگێڕمەوە، کەوام وت ترساو ڕایکرد".
سێوە باس لەوە دەکات کە سەڕەرای ئەوەش دوای ئەوە هەموو شتێکی بەدایکی وتووە، هەرچەندە یەکەمجار ترساوە باوەڕی پێنەکەن، چونکە ئەو کەسەی دەیویست دەستدرێژی بکاتەسەری زاواو خزمو کەسی نزیکیان بووە، ئەو وتی "هیچ شتێکم لەدایکم نەشاردەوە، خۆشبەختانە ئەندامانی خێزانەکەم باوەڕیان بەمن کرد نەک بەئەو، چاکم کرد، دەمزانی ئەگەر بەدایکم نەڵێم، جارێکی دیکە ئەو مامەڵە نەشیاوانە بەرامبەرم دەکاتو منیش دەبم بەقوربانی".
زۆرجار قوربانیانی لاقەکردنو توندوتیژی سێکسی ناتوانن باسی چیرۆکەکانیان بکەن، ئەوان بێدەنگی هەڵدەبژێرنو یەکێک لەهۆکارە سەرەکییەکانی ئەمەش کاردانەوەی کۆمەڵگایە، زۆرجار گوێمان لەدەستەواژەیەک بووە کە بووەتە نۆرم: "ژنەکە خەتای خۆیەتی"، بەشێک لەکۆمەڵگا پێیوایە هۆکاری دەستدرێژیکردنە سەر ژنان "بێباکی" قوربانییەکەیە.
شەوبۆ تەمەنی ٢٣ ساڵ بوو کاتێک کوڕێک چوار ساڵ بوو پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ دروستکردبوو، فێڵی لێکردو دەستدرێژی کردە سەری.
"ئەو ئێوارەیە تازە دنیا تاریکی کردبوو، لەئاهەنگی لەدایکبوونی هاوڕێیەکم بووم، تەلەفۆنی بۆ کردمو وتی با بتبینم، منیش ڕازی بووم، هات بەشوێنما، لەئوتومبێلەکەدا وتی دەمەوێت بێمە خوازبێنیتو با بچین لەپێشدا بەخوشکەکەمت بناسێنم، بیرم لەوە نەکردەوە فێڵم لێدەکات، چونکە زۆرم خۆشئەویستو پێش ئەوە چەندین جار باسی ئەوەمان دەکرد کە من بەهیچ جۆرێک ئامادە نیم بۆ سێکس تا هاوسەرگیری نەکەین".
ئەمە وتەی "شەوبۆ"یە (ناوێکی خوازراوە)، دەربارەی ئەو شەوەی هاوڕێکەی بردویەتی بۆ ماڵێک دەستدرێژیی کردوەتەسەریو لەرووی جەستەییو دەرونیەوە ئازاری داوە.
شەوبۆ وتی "هەر جارێک کە یەکترمان دەبینی پێمدەوت نامەوێت تا کاتی هاوسەرگیریی پەیوەندییەکی لەو شێوەیەم هەبێت، وەک ئەوەی هەوڵی پاراستنی خۆم بدەم بۆ ئەوەی ئەو شتە ڕوونەدات، بەڵام کە بردمیە ماڵەوەو دەرگاکانی لەسەر داخستم، چەند هاوارم کرد، وازی نەهێناو بەچەقۆو توندوتیژییو لێدان بێدەنگی کردمو دەستدرێژیی کردەسەرم".
شەوبۆ ئاماژە بەوە دەکات کە تاکە شتێک لەبیری ناچێتەوە بۆنی ئەو کەسە ئازاردەرە بووە، ئەو وتی "هەرکاتێک بۆنی شتێکی لەو جۆرەم لێدێت، هەست بەهێڵنجدانو سکچوون دەکەم، کاتێک ئازاری دەدام، بیرم لەوە دەکردەوە کە چۆن بتوانم بەهەمان ئەندازە کە من هەستی پێدەکەم ئازاری بدەمەوە، ئازارێکی جەستەییو دەرونی کە سەختە بەوشە دەریببڕم".
شەوبۆ وەک زۆرێک لەژنەکانی تر پێیوابوو کە ناتوانێت ئەم دەستدرێژییە بدرکێنێ، چونکە لەناو خەڵکدا حەیای دەچێت، ئەو وتی "دڵنیابووم ئەگەر ئەم کوڕە دەستگیریش بکرایە، پارەی هەبوو، ناسیاوی دەستڕۆشتووی هەبوو، هەر دەهاتە دەرەوەو سەرەنجام لەناو دەرودراوسێو کەسوکاریشدا هەر من تاوانبارو تۆمەتبار دەکرام، بۆیە بێدەنگ بووم".
بەشێک لەکچانو ژنان کە روبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی دەبنەوە، سکاڵا تۆمار ناکەن لەلای پۆلیس، لەکاتێکدا ئەوان تاوانێکیان ئەنجام نەداوە، بەڵام ئەستەمە بتوانن باسی بکەن، بۆیە زۆرجار قوربانییەکانیان بەهۆی هەستیاری بابەتەکەوە لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە سكاڵا لەسەر دەستدریژکار تۆمار ناکەن لای پۆلیسو تەنانەت جورئەت ناکەن بۆ خێزانەکانیشیان بگێڕنەوە.
نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات بەدەگمەن ژنان سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەن لەسەر دەستدرێژیی سێکسی، ئەو بەئاوێنەی راگەیاند "بەدەگمەن سكاڵا لەسەر حاڵەتی دەستدرێژیی سێکسی تۆمار دەکرێت".
وتیشی "لەدوو ساڵی رابردوودا، بەهۆی بەکارهێنانی سۆشیال میدیاو ئینتەرنێتەوە حاڵەتی فریوودانی کچان هەبووە کە ئاسانکاریی بۆ دەستدرێژیی سێکسی کردووە، وەک ئەوەی لەساڵی رابردوودا پۆلیس پێنج گەنجیان دەستگیر کرد کە بەکۆمەڵ دەستدرێژیی سێکسییان کردبووە سەر کچێکی ١٤ ساڵ".
بەگوێرەی دوا ئاماری بڵاوکراوەی بەڕێوبەرایەتی گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بەخێزانو ئافرەتانیش لەساڵی ٢٠٢٢دا، ١٢٥ سکاڵای دەستدرێژی سێکسی لەنوسینەگەکانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی تۆمارکراوە.
رائید راز فریا عوسمان، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزانو ژنان لەسلێمانی، سەبارەت بەوەی ئەم رێژەیە لەساڵی ٢٠٢٤دا زیادی کردووە بەراورد بەساڵانی رابردوو یاخود نا، ئەو وتی "ناتوانین بڵێین رێژەکە زیادی کردووە یان نا، تەنها دەتوانین بڵێین توندوتیژیی بەهەموو جۆرەکانیەوە بەردەوامە".
راز ئاماژە بەوە دەکات کە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان هەڵمەتێکی هوشیاری راگەیەندووە لەپێناو هوشیار کردنەوەی کۆمەڵگەو ئاشناکردنی خەڵک بە بەڕێوەبەرایەتیەکەیان، تاوەکو ژنان بێدەنگ نەبن بەرامبەر بەهەر جۆرە توندوتیژییەک دژیان دەکرێت، ئەو وتی "بۆ ئەو مەبەستە هێڵی گەرمی ١١٩مان هەیە کە رۆژانە ١٥ بۆ ٢٠ کەس پەیوەندی پێوەدەکەن، بەمەبەستی وەرگرتنی راوێژی دەرونی یان یاساییو کۆمەڵایەتی".
توێژەرانی دەرونیش باس لەکاریگەریی خراپو درێژخایەنی دەستدرێژی سێکسی دەکەن بۆ سەر کچانو ژنان، کە هۆکاری سەرهەڵدانی چەندین نەخۆشی دەرونییە.
شەرمن عەبدوڵا، توێژەری دەرونییەو باس لەوە دەکات دەستدرێژی سێکسی چەندین لێکەوتەی دەرونی لەسەر قوربانیەکە جێدەهێڵێت، ئەو بەئاوێنەی وت "زۆربەی ئەوانەی رووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی دەبنەوە، تووشی خەمۆکی، تەنگەژەی دەرونی، دڵەڕاوکێ دەبنەوەو هەندێکجار قوربانییەکە رقی بەرامبەر بەهەموو پیاوێک لەلادروست دەبێو ناتوانی ژیانێکی ئاسایی بژی".
وتیشی "باسترین رێگاچارە ئەوەیە ئەو کچو ژنانەی رووبەڕوی دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە، لەسەنتەری تایبەت بەو حاڵەتانەدا یاخود لەلای پزیشکی پسپۆڕ چارەسەری دەرونی وەربگرن، بۆ ئەوەی لەسایەی ئەو مۆتەکەیە بێنەدەرو جارێکیتر ژیانێکی ئاسایی بەسەربەرن".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.