سەعد موتەڵبی، سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات پێی وایە توركیا دەیەوێت نەخشەی سەردەمی عوسمانی زیندوبكاەوەو دەشڵێت، نەخشەكە هەرێمی كوردستان و كەركوكیشی تێدایە.
ئاوێنە: سەعد موتەڵبی، سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"پەلهاویشتی تورکیاو جوڵەی ئەو وڵاتە ئاماژەیە بۆ پەلهاویشتنی زیاترو زیندوکردنەوەی نەخشەی سەردەمی عوسمانی."
وتیشی"مانەوەی دەسەڵاتی کورد لە سوریاو هەرێمی کوردستانیش گرێدراوە بە پلانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە، ئەگینا تورکیا دەیەوێت نەخشەی سەردەمی عوسمانی زیندوبکاتەوە، نەخشەکە هەرێم و کەرکوکیشی تێدایە."
ئەوەش لەكاتێكدایە كە دوێنێ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لە میانەی وتارێکدا لە ئەکادیمیای زانستەکانی تورکیا ڕایگەیاند،"ئەوە ڕاستییە کە هەر ڕوداوێک لە ناوچەکەمان ڕودەدات بە تایبەتی لە سوریا، ئەوە وەبیر ئێمە دەهێنێتەوە کە تورکیا لەوەی هەیە گەورەترو بەهێزترە."