ئەنجومەنی سەربازی منبجی سەربە (هەسەدە) رایگەیاند، لە پێکدادان و رووبەڕووبوونەوەکانی نزیک بەنداوی تشرین و ناوچەکانی دەوروبەری ٣٥ ئەندامی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا کوژران.
ئاوێنە: لەمیانی راگەیەندراوێکدا ئەنجومەنی سەربازی منبجی سەربە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئاشکراکرد "ئەمڕۆ شەممە، ٢١ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، لە نزیک بەنداوی تشرین و ناوچەکانی دەوروبەری بەرەنگاری چەند هێرشێکی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا بوونەوە".
ئاماژەی بەوەشداوە، هێرشی گروپە چەکدارەکان بە تانک و زرێپۆش و پشتیوانی هێزی ئاسمانی تورکیا بووە، "هێزەکانمان توانیویانە ٣٥ چەکدرایان لێبکوژن و دەیانی دیکە بریندار بکەن".
هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، توانیویانە تانکێک و دوو زرێپۆشی گروپە چەکدارەکان تێکبشکێنن، هەروەها دەستیانگرتووە بەسەر ئۆتۆمبێلێکی سەربازی و بڕێک چەک و جبەخانە.