حزبوڵای لوبنان ئەمڕۆ بە مووشەكێكی بەهێز چەند ئۆتۆمبێل و سەربازێكی ئیسرائیلی لە شاری سەعسا كردە ئامانج، تا ئێستا ژمارەی زیانە گیانی و ماددییەكان دیار نییە.
ئاوێنە: میدیا عەرەبییەكانی لەبارەی هێرشێكی نوێی حزبوڵای لوبنان بۆ سەر سوپای ئیسرائیل و كردنە ئامانجی چەند ئۆتۆمبێل و سەربازێك زانیاری نوێ دەخەنەڕوو.
میدیاكان بڵاویان كردووەتەوە، لە چوارچێوەی پشتیوانی لە گەلی فەڵەستینی لە غەزە و لوبنان هەروەها بۆ وەڵامدانەوەی لەشكركێشی ئیسرائیل بۆ سەر خەڵكی مەدەنی، ئەمڕۆ چەند ئۆتۆمبێل و سەربازێكی ئیسرائیلیان لە شاری سەعسا كردە ئامانج.
ئاماژە بەوەشكراوە، هێرشەكە لە ڕێگەی مووشكێكی بەهێزەوە ئەنجامدراوە و توانیوێتی ئامانجەكە بپێكێت، بەڵام تا ئێستا ژمارەی زیانە گیانی و ماددییەكان دیار نییە.
ئیسرائیل جیا لەوەی ڕۆژانە لە ڕێگەی فڕۆكەوە خاكی لوبنان بۆردوومان دەكات، ماوەی چەند ڕۆژێكیشە لە ڕێگەی هێزی زەمینیەوە چووەتە ناو خاكی لوبنانەوە و هێرشی دەستپێكردووە، بەهۆیەوە سەدان كەس كوژراوە و بریندار بوون، هەروەها ١٠٠ هەززار هاوڵاتیش ئاوارە بوون.