وتەبێژی یەكێتی خانەنشینانی كوردستان ئاماژە بەوەدەكات، ئەمڕۆ لەگەڵ دابەشكردنی مووچەی خانەنشینی شارستانی، مووچەی بەشێك لە خانەنشینان بەراورد بە مانگی حەوت كەمتریان بۆ خەرجكراوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەو لیستەی مانگی حەوت ئامادەكرابوو هەندێك هەڵەی تێدا بوو، بۆیە ئەو خانەنشینانەی مووچەی زیادیان وەرگرتبوو لێیان بڕاوە و ئەوانەشی كەمتریان وەرگرتووە لەمانگی 10 بۆیان قەرەبوو دەكرێتەوە.
ئاوێنە: سادق عوسمان، وتەبێژی یەكێتی خانەنشینانی كوردستان ڕاگەیاند: ئەمڕۆ لەگەڵ دابەشكردنی مووچەی خانەنشینی شارستانی مووچەی ژمارەیەك لە خانەنشینان كەمی كردووە بە راورد بەو مووچەیەی كە لەمانگی حەوت وەریان گرتبوو، ئەو كەمبوونەوەیەش دوو جۆر بووە، هەندێكیان 100 هەزار و هەندێكی دیكەشیان 500 هەزاریان كەمتر وەرگرتووە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو خانەنشینانەی كە لەم مانگەدا مووچەیان بە كەمكراوەیی وەرگرتووە، ئەوە مووچە تەواوەكەیە كە شایستەی خۆیانە وەریبگرن، چونكە پێشتر بەهۆی نەبوونی كات و خێرا ئامادەكردنی لیست هەندێك هەڵەكراوە لە ئامادەكردنی لیستەكاندا بەجۆرێك هەندێك خانەنشین لە مافی خۆیان زیاتریان وەرگرتووە و هەندێكی دیكەشیان لەمافی خۆیان كەمتریان بۆ خەرجكراوە.
وتەبێژەكەی یەكێتی خانەنشینانی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو، ئەو خانەنشینانەی كە لە مافی خۆیان كەمتریان بۆ خەرجكراوە مافەكەیان دەگەڕێندرێتەوە، بەڵام بۆ مانگی نۆ ناتوانن ئەو مافەیان وەربگرنەوە چونكە ئەو لیستەی بۆ مانگی نۆ ئامادەكراوە بەهەمان شێوەی ئەم لیستەی مانگی هەشتە، بەڵام بەدڵنیایی لەمانگی 10 لەگەڵ دابەشكردنی مووچە ئەو بڕەی كە لێیان بڕدراوە بۆیان دەگێڕدرێتەوە و مووچەكانیشیان زیاد دەكات، ئەوەش بەگوێرەی بڕوانامە و ساڵانی خزمەت گۆڕانكاری بەسەردا دێت.