2024-10-05   255     
وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدهگهیهنێت كه تا ئەمڕۆ 22 سەرپێچی لەبانگەشەی هەڵبژاردن تۆمارکراونو لەچەند رۆژی داهاتوشدا سەرپێچیکاران سزا دەدرێن.
ئاوێنه: جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئهمڕۆ شهممه رایگەیاند، "کۆی ئەو سکاڵایانەی کە تا ئەمڕۆ لەئۆفیسی کۆمیسیۆن لەپارێزگاکانەوە رەوانەی ئەنجومەنی کۆمیسیاران کراون 22 سکاڵان و لێکۆڵینەوە لێیان بەردەوامە."
وتیشی، "زۆرینەی سەرپێچییەکانی بانگەشە لەپارێزگای دهۆک بون، بەڵام بەشێکی زۆری سەرپێچییەکانی ئەو پارێزگایە پێش تەواوبوونی مۆڵەتەکەیان لادراون، بۆیە لەئەنجومەنی کۆمیسیاران ئەوانە بەسەرپێچی هەژمار ناکرێن."
وتەبێژی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەشکرد، "تائێستا لەلایەن ئەنجومەنی کۆمیسیارانەوە سزای هیچ كاندیدو لایەنێک نەدراوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە سزا دەدرێن و جۆری سزاکەش رادەگەیهندرێت."
بڕیاره 20ی ئهم مانگه ههڵبژاردنی خولی شهشهمی پهرلهمانی كوردستان بهڕێوهبچێت.