میدیای رەسمی یەكێتی دەڵێت: عەتا سەراوی لەسەر "تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەكەی خۆی" دەستگیركراوە
  2024-07-05       2393       

دوای ئەوەی ئەمڕۆ هەینی، عەتا سەراوی، ئەندامی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی رایگەیاند، لە فڕۆكەخانەی سلێمانی لەلایەن ھێزێكی زۆری سواتەوە دەستگیركراوە. میدیای رەسمی یەكێتی دەڵێت، ناوبراو لەسەر "تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەكەی خۆی" دەستگیركراوە.

ئاوێنە: كەناڵی گەلی كوردستان، میدیای رەسمی یەكێتی، ئەمڕۆ هەینی لە هەواڵێكدا لەبارەی هۆكاری دەستگیركردنی عەتا سەراوی، ئەندامی پێشوی سەركردایەتی حزبەكەیان لە زاری سەرچاوەیەكی ئەمنییەوە بڵاویكردۆتەوە "عەتا سەراوی داواكراوبوە بە ماددەكانی 456 لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی و بە ماددەی 2 لە یاسای ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر لە دەزگای ئاسایشی هەرێم."

كەناڵی گەلی كوردستان لە زاری سەرچاوە ئەمنییەكەوە وتویەتی"ناوبراو تۆمەتبارە بە تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەكەی خۆی، بەمەبەستی نانەوەی پشێوی و دروستكردنی ترس و دڵەڕاوكێ لای هاوڵاتیان."

نیوەڕۆی رۆژی 19ی 4ی 2024، لەگەڕەکی شەهیدانی سەرچنار، ئۆتۆمبێلەكەی عەتا سەراوی تەقیەوەو هیچ زیانێكی گیانی لێ نەكەوتەوە.

ئەمڕۆ هەینی، عەتا سەراوی، ئەندامی پێشوی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە ئێستا لە ئاسایشی گشتی سلێمانی راگیراوە، لە رونكردنەوەیەكدا بۆ رایگشتی وتی"بەندە عەتا سەراوی لە 16/6 لەفڕۆکەخانەی سلێمانی سەفەری سویدم کرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ 5/7 لە چواری بەیانی بەگەیشتنم، ھێزێکی زۆرت سوات ھاتن و داوایان لێ کردم کە فەرمان یان پێکراوە لەگەڵیان تا ئاسایشی گشتی بچم."

ئەو سەركردەیەی پێشوی یەكێتی وتیشی"من لەکاتێکدا کۆی دەزگا ئەمنییەکان و ئاسایش و پێشمەرگە بەبراو کوڕی خۆم دەزانم، بەبێ کێشە لەکاتێکدا دو سەیارە پێشمەرگەم لەگەڵ بوە بەڕێزەوە ھاوکاریان بوم و پاسەوانەكانم ئیزن داوەو خۆم بێ ئەوەی بزانم بۆ و  لەپای چی و بەفەرمانی کێ؟ و چ سیناریۆو گەمەیەکی قێزەونیان بۆ ئامادەکردوم، لەئاسایشی گشتی ڕاگیرام."

عەتا سەراوی ئەوەشی خشتەڕو"دەمەوێ چاک بزانن  یەكێتی ھی ئێمەیەو ئەو کۆنە سیخوڕو جاش و تابوری پێنجانەی دەیانەوێ لەیەکێتی دەرمانپەڕێنن زۆر سەھون وەک مێخ لەسەر دڵیان دەچەقین!"

ئاماژەی بەوەشدا"بکەری ئەم گەمە سەخیفە دڵنیابن دەیەوێ لەم سەروبەندی ھەڵبژاردنە بەخەڵک بڵێ ئەوە وەفای یەكێتییە بۆ کەس و بنەماڵەو عەشرەتێک کە دەیان شەھیدیان ھەیە، ئیتر خەڵک چاوەڕوانی چی لەمانە بکات؟"

عەتا سەراوی هێمای بۆ ئەوەش كرد"بۆیە بەم ڕونکردنەوەیەم داوا لەبەڕێزان کاک بافڵ تاڵەبانی و کاک قوباد دەکەم تکایە من ئامادەیی ڕوبەڕوبونەوەی ھەر تۆمەتێکی داتاشراو دەبم کە بۆم حازرکراوە و بۆم دادەتاشن، بۆیە تکایە ئەوە ئێمەو مێژوی خوێناویمان و ئەوەش ئێوەو ئەو ئەڵقەلەگوێیانەی لەپشتی ئێوە پەلاماری ئێمە ئەدەن."

جەختیشی كردەەوە"تکایە ئەمە ڕانەگرن، دەرئەنجام کێ لەپشت ئەم بێڕێزییەبێ، بێ باج نابێ لێی دەربچێ، دەشمەوێ بزانم ئەگەر بڕیارێکی سیاسیتان لەپشت ئەم شانۆگەرییەتانە دڵنیابن پلاندانەر خۆی دەسوتێنێ!"

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×