ئەنجامى هەڵبژاردنى پەرلەمانى فەڕەنسا ئاشکرا کرا
  2024-07-08       238       


وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەیانى بڵاو كردەوە، بەپێی ئەنجامەکان هیچ كام لە هاوپەیمانێتیەكان نەیانتوانی ٥٠+١ی كورسییەكان بەدەستبهێنن، دەشڵین، هاوپەیمانی بەرەی جەماوەریی نوێی چەپڕەو بە بەدەستهێنانی ١٨٢ كورسی پەرلەمانی بوون بە براوەی هەڵبژاردنەكان.

وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا لە بارەی ئەنجامى كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەكەی ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا هاوپەیمانی “پیكەوە”ی ناوەندگەرایی بەسەرۆكایەتی ئیمانوێل ماكرۆن ١٦٣ كورسی بەدەستهێنا، گردبوونەوەی نیشتمانی ڕاستڕەوی توندڕەو، كە لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنەكاندا براوەی یەكەم بوو، لەم خولەدا بوو بە سێهەم و توانیان تەنها ١٤٣ كورسیی بەدەستبهێنن.

ئاماژە بەوەشكراوە، هاوپەیمانی بەرەی جەماوەریی نوێی چەپڕەو بە بەدەستهێنانی ١٨٢ كورسی پەرلەمانی بوون بە براوەی هەڵبژاردنەكان.

ئەوەش خراوەتەڕوو، هیچكام لە هاوپەیمانێتیەكان نەیانتوانی ٥٠+١ـی كورسییەكان بەدەستبهێنن، كە دەكاتە ٢٨٩ كورسی پەرلەمانی، کە ئەو ژمارەیە پێویستە بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت.

جێگای ئاماژەیە، ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەكەدا ٦٦.٦٣% بوو، ئەم ڕێژەیەش لەدوای ساڵی ١٩٨١ و ئەو هەڵبژاردنەی كە تیایدا فرانسوا میتەران، بە سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرا تۆمار نەكراوە و لەو کارتەوە بە زۆرترین ڕێژەى بەشداریکردن دیاریکراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×