بۆ یەکەمجار مەسیحییەک لەسلێمانییەوە دەچێتە پەرلەمانی کوردستانەوە
  2024-10-05       423       
نزیكەی ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ خێزانی مەسیحی لەسلێمانی نیشتەجێیە

ئا: دیما ئەحمەد


لەساڵی 1992ەوە تا ئێستا، ئەو مەسیحیانەی لەهەموو خولەکاندا چونەتە پەرلەمانەوە هیچ كامیان خەڵكی سلێمانی نەبون، لەم هەڵبژاردنەدا بۆ یەکەمینجار مەسیحییەک لەبازنەی سلێمانی هەڵدەبژێردرێت‌‌و دەچێتە پەرلەمانی کوردستانەوە، کاندیدێکی مەسیحی دەڵێت "من بۆ خۆم کوڕی سلێمانی‌و ئەم شارەم، نوێنەری ڕاستەقینەی مەسیحیەکانم".

 

دانا ئامانج، کاندیدی بزوتنەوەی بابیلۆنە لەسلێمانی‌، شانازی بەپەیوەندی نزیکی خۆی بەرەیان کلدانی سەرۆکی بزوتنەوەی بابلیۆنەوە دەکات‌، بەوتەی خۆی هەر لەسەر خواستی ئەو بزوتنەوەیەش بووە بە کاندید، ئەو بەئاوێنەی وت "بابیلۆن لەرێگەی دکتۆر دورێد، کە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە لەسەر فراکسیۆنی بابیلۆن پەیوەندیی پێوەکردم‌و داوای کرد وەک بابلیۆن خۆم کاندید بکەم، منیش ڕەتم نەکردەوە، کاندیدی ئەوانم بەپێی ئەو رێکەوتنەکەی لەنێوانماندا ھەیە".

دانا نکوڵی لەوە دەکات کە پەسەندکراوی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش بێت‌ یاخود نزیک بێت لەیەکێتیەوە، ئەو وتی "ھیچ پەیوەندییەکی نزیکم لەگەڵ یەکێتیدا نیە، ھیچ بەرپرسێکی یەکێتیشم نەبینوە، پەیوەندی ڕاستەوخۆم بەشێخ ڕەیان کلدانیەوەیە، ئەو سەرپەرشتی کارەکان دەکات‌و ڕاستەوخۆ لەگەڵ خۆی قسە دەکەم، نازانم یەکێتی‌و شێخ ڕەیان پێشتر چۆن ڕێککەوتوون، هەرچەندە ھەموومان دەزانین بزوتنەوەی بابلیۆن‌و شێخ ڕەیان کلدانی پەیوەندیەکی زۆر بەھێزیان ھەیە لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی پافڵ تاڵەبانی‌، ئاشکرایە لەموسڵ‌و کەرکوک پێکەوە کار دەکەن‌و هاوپەیمانی ستراتیجین".

رەیان کلدانی کە سەرۆکایەتی بابلیۆن دەکات‌و هێزێکی چەکداریی لەچوارچێوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی هەیە، لەساڵی ٢٠١٩وە لەلایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکاوە سزای بەسەردا سەپێنراوەو لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا لەسلێمانییەوە لیستی بابلیۆنی بۆ بەدەستهێنانی کورسییەکی کۆتای مەسیحییەکان راگەیاند.  دانا ئەوە رەتدەکاتەوە کە ڕەیان کلدانی لەکاتی راگەیاندنی لیستەکەیاندا بەمەبەست ئاڵای کوردستانی دانەناوە، ئەو وتی "ئەو ڕۆژە شێخ رەیان کتوپڕ ھاتبووە سلێمانی‌و فریای دانانی ئاڵای کوردستان نەکەوتووە، ئەگینا من لەئۆفیسەکەی خۆم ئاڵای عێراق‌و کوردستانم داناوەو بڵاوم کردۆتەوە، ئەوەی باس دەکرێت چەواشەکاریی ڕاگەیانەکانی پارتییە".

 دانا سەبارەت بەوەی یەکەمجارە مەسیحیەکان لەسلێمانی کاندیدیان دەبێت، وتی "ماوەی دوو ساڵ دەبێت لەرێگەی باوکمەوە  کە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاری سلێمانییە، سکاڵا لەداداگای فیدراِڵی عێراق تۆمار کردووە پێداوچونەوە بەھەمواری یاسای پەرلەمانی کوردستان بکرێتەوە، کە ھی ساڵی ١٩٩٢ی تایبەت بەپێکهاتەکانە، بۆ ئەوەی کۆتای مەسیحییەکان سلێمانیش بگرێتەوە، ئەمە خواستی مەسیحیەکانی سلێمانی بووەو زۆرمان پێخۆش بووە".

دانا ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕاستە دەنگدەرەکانی مەسیحین، بەڵام ھەموو کەسێک دەتوانێت دەنگی پێبدات، ئەو وتی "هاوڕێ موسڵمانەکانم کە ژمارەیان لەمەسیحیەکان زیاترە بەڵێنیان پێداوم دەنگم پێبدەن، خزمانیشم چاوەڕێم دەنگم پێبدەن، منیش کە چومە پەرلەمان بەبێ جیاوازی خزمەتی ھەموو پێکھاتەکانی سلێمانی دەکەم نەک بەتەنیا مەسیحیەکان، دروشمی بانگەشەم پێکەوە ژیانە".

دانا باس لەوە دەکات کە بچێتە پەرلەمان ھەوڵدەدات مەسیحییەکان لەسلیمانی قوتابخانەیان ھەبێت، ھۆڵی بۆنەیان ھەبێت، سەنتەری رۆشنبیرییان ھەبێت، ھۆڵی وەرزشیان هەبێت، ئەو وتی "بەداخەوە ئەوەی ھەمانە  تەنیا کەنیسەکانمانەو ھیچی دیکە، بەڵام لەھەمووی گرنگتر کار بۆ گەنجان دەکەم بەتایبەت ئەو گەنجانەی لەکەرتی تایبەت کاردەکەن، ھەروەھا بۆ ژینگە کاردەکەم کە دۆخی ژینگەی کوردستان زۆر خراپە".

 

ئەمە لەکاتێکدایە کە تەنها کچە کاندیدی سەربەخۆی مەسیحییەکان لەپارێزگای سلێمانی لەبەرژەوەندی دانا ئامانج، کاندیدی لیستی بابلیون کە رەیان کلدانی سەرۆکایەتی دەکات چەند رۆژێک لەمەوبەر کشایەوە، ئەمەش دوای ئەوەی کە رەیان کلدانی گەیشتە سلیمانی‌و لەگەڵ هێلین ئەکرەم دنخا، کاندیدی سەربەخۆی مەسیحییەکان کۆبووەوەو رایگەیاند کاندیدە سەربەخۆکە لە کاندیدبوون کشاوەتەوە.

 

هێلین ئەکرەم دنخا، لەگفتوگۆی لەگەڵ پەیامنێری ئاوێنە، بەتوندی ئەوەی رەتکردەوە کە کشانەوەی لەکێبڕکێی هەڵبژاردن لەژێر گوشاری جوڵانەوەی بابیلۆن‌و رەیان کلدانیدا بووبێت، ئەو وتی "بەھیچ شێوەیەک لەژێر گوشاردا دەستم لەکاندید بوون نەکێشاوەتەوە، بەڵکو بەویستی خۆم بووە، تەنانەت لەدوای کشانەوەم شێخ ڕەیان کلدانی ھاتە سلێمانی‌و داوایکرد چاوم پێیبکەوێت، منیش چووم‌و سوپاسی کردم‌و کشانەوەمی بە"بڕیارێکی مێژوویی" ناوبرد "لەپێناو "بەرژەوەندی گشتی"و ھیوای خواست لەداھاتوودا لەگەڵ جوڵانەوەی بابیلۆن کاربکەم‌".

وتیشی "من بەھۆی ئەوەی خزمی نزیکی دانا ئامانج بووم‌و ژمارەی مەسیحییەکانیش ھێندە زۆر نیە لەسلێمانی، تا چیتر دەنگەکانمان پەرت نەبێت، دەستم لەکاندید بوونی خۆم کێشایەوە".

 

پەرلەمانی کوردستان لە خولی شەشەمیدا 100 کورسیی دەبێت، پێنجیان بۆ پێکهاتەکانی تورکمان‌و مەسیحییەکانە، لەپارێزگای هەولێر کورسییەک بۆ هەریەک لەو دوو پێکهاتەیەو لە پارێزگای سلێمانیش بەهەمان شێوە تەرخانکراوە، لەپارێزگای دهۆکیش مەسیحییەکان کورسییەکان دەبێت. لەشاری سلێمانیشدا كە بەشاری لێبوردەیی‌و پێكەوە ژیانی ئاشتیانە ناسراوە‌، نزیكەی ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ خێزانی مەسیحی تیا نیشتەجێیە کە زۆربەیان سەر بەکنیسەی کلدانین، ٣ کاندید کێبڕکێیانە بۆ بردنەوەی کورسییەکە، کە دوانیان کاندیدی بابلیۆنەو یەکێکیشیان سەربەخۆیە.

 

سامان جەمیل بۆیا، کاندیدی سەربەخۆی مەسیحیییەکانە لەشاری سلێمانی، ئەو خۆی بەکوڕی شار دەزانێ‌و سەر بەیەکێک لەخێزانە مەسیحییە دیارو ناسراوەکانی سلێمانییە، کە هەوڵیانداوە کارو چالاکییان تەنها لەچوارچێوەی کلدانی‌و مەسیحی بووندا قەتیس نەمێنێت، بەڵکو لەبازنەیەکی فراوانتردا چالاک بون‌‌.و

سامان کە خوشکەزای قەشە "یوسف پەری" ناودارترین قەشەی مەسیحییەکانی سلێمانییە، بەپەیامنێری ئاوێنەی وت "من کوڕی سلێمانی‌و ئەم شارەم، مێژوویەکی ناسراومان ھەیە، نوێنەری ڕاستەقینەی مەسیحیەکانم، وەک کەسانێک نیم کە پاشکۆن‌و نامەوێت ناویان بھێنم، من پاشکۆی ھیچ حیزبێک ولایەنێک نیم".

وتیشی "ھەر کە چومە پەرلەمان، یەکەم کارم مافی ھاوڵاتی بوونی مەسیحی لەکوردستان دەچەسپێنم کە تائێستا نەکراوە، بەداخەوە وەک ھاوڵاتی پلە دوو حسابمان بۆ دەکرێت، کە لەڕاستیدا خاوەنی مێژوویەکی زۆر دێرینین لەم وڵاتەدا، ئێمە نەوەی قەشە یوسف پەرین، کەس نیە خەڵکی رەسەن لەم شارەدا ئێمە نەناسێت".

سامان ئاماژە بەوە دەکات کە چەندین ساڵە لەگەڵ موسڵمان دەژی لەسلێمانی‌و دەیەوێت نوێنەری ئەوانیش بێت لەپەرلەمانی کوردستان، ئەو وتی "دەمەوێ نوێنەری پێکەوەژیانی ئایینەکان بم، زۆر ئومێدم بەبرا موسڵمانەکانیش ھەیە دەنگم پێبدەن‌و هەروەها خزم‌و کەسوکارو کەسانی بێلایەنیش تەنھا لەبەرئەوەی من نوێنەری ڕاستەقینەی ئەوان دەبم لەپەرلەمان".

سامان کە چەند ساڵێکە لەوڵاتی فەرەنسا دەژی‌و هەڵگری رەگەزنامەی ئەو وڵاتەیە، باس لەپشتیوانی بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەکات بۆ ئەوەی لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوتوو بێت، ئەو وتی "داوای ھاوکاریم لەهیچ وڵات‌و لایەنێک نەکردووەو ھاوکاریش نەکراوم، بەڵام بەحکومی ئەوەی من رەگەزنامەی فەرەنسیم ھەیەو حکومەتی فەرەنسا ئاگادارە من کاندیدم جەنابی باڵوێزو کونسوڵی فەرەنسا زۆر پێخۆشحاڵ بوون وەک ھاوڵاتیەکی فەرەنسی کاندیدم، بەڵام ئەوان دەستوەردان لەم بابەتەدا ناکەن، پێیانوتم  سەرکەوتنی تۆ ھەم بۆ کوردستانە، ھەم بۆ فەرەنسا".

وتیشی "چەند ڕۆژێک پێش ئەوەی بێمەوە کوردستان، کۆنفرانسێکی ئاشتی ھەبوو لەفەرنسا، لەو کۆنفرانسەدا دەرفەت ھەبوو بەڕێز ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا ببینم‌و زیاتر لەحەوت خولەک قسەمان کرد، ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواستم‌و زۆر سوپاسیان کردم بۆ ئەم هەنگاوەو وتیان لەھەموو ڕویەکەوە پشتیوانی مەعنەویت دەکەن".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×