دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە میانی کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ فراکسیۆن و لایەنگرانی حزبەکەی، رایگەیاند دەچنەوە بەرەی خەڵک و دەبنەوە بە ئۆپۆزسیۆن.
ئاوێنه: رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، گۆڕان بەرچاوی ڕوونە بۆ قۆناغی داهاتووی سیاسیی هەرێمی کوردستان، وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن دەچنەناو خەڵک و نوێنەرایەتی داخوازییەکانی هاونیشتمانیان دەکەن.
راشیگەیاند دەبینە ئۆپۆزسیۆنێک، کە لە ئاست چاوەڕوانی کۆمەڵگەی کوردستان و داخوازییەکانی گۆڕانخوازان بێت
هەروەها رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان گەشبینیی خۆی بۆ تێپەڕاندنی سەختیەکان و سەرکەوتنی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کە وابڕیارە 20ی ئەم مانگە ئەنجام بدرێت.
لەمانگی رابردوو، لەسەر دیاریکردنی رێکخەری گشتی، گرژی کەوتەناو بەرپرسان و لایەنگرانی گۆڕانەوە بەجۆرێک بۆ دوو بەشی سەرەکیی دابەشبوون، عومەری سەید عەلی رێکخەری پێشووی بزوتنەوەکە لە رێگەی وەکالەتێکەوە، دانا ئەحمەد مەجیدی کردە رێکخەری گشتی و بۆماوەی شەش مانگ دەسەڵاتەکانی پێسپارد.