جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراو: پشتیوانی لە كاندیدەكانی لیستی بزوتنەوەی گۆڕان دەكەین
  2024-10-05       290       

جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراوی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان گردی زەرگەتەیە، دەشڵێت: سەرەڕای ئەوەی بزوتنەوەكەیان بڕیاری بەشداریكردن یان بەشداری نەگردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نەداوە، بەڵام ئەوان پشتیوان و هاوكاری كاندیدەكانی لیستی بزوتنەوەی گۆڕان دەبن بۆ سەركەوتنیان.

ئاوێنە: ‏‎ئەمڕۆ شەممە، 5ی 10ی 2024، جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراوی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبونەوەی نائاسایی لە گردی زەرگەتە، مەکۆی سەرەکی، ئەنجامداوەو لە كۆبونەوەكەدا ژمارەیەك بڕیاری دەركردون.

بەپێی راگەیەندراوێكی جڤاتەكە، پێشێلكردنی دەستوری ناوخۆی بزوتنەوی گۆڕان رەتكراوەیەو هەمو ڕێکارێکی یاسایی و سیاسی دەگرنەبەر بۆ جێبەجێکردنی دەستور.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"ژوری هەڵبژاردن بەرپرسیارە لە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن کە دەستوری ناوخۆی دیاری کردوە، لە یەک کاتداو بە یەک پاکێج ئەنجام ئەدرێت، هەر هەڵبژاردنێک لە ژێر هەر ناوێکدا ئەنجام بدرێت سەرلەبەری نادەستوری و ناقانونی و نادیموکراتییە."

جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراوی گۆڕان جەختی كردۆتەوە كە "مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان گردی زەرگەتەیە، دەرگای دڵ و ماڵی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەمو گۆڕانخوازان کراوەیە بۆ کاری پێکەوەیی پاڵپشت بە دەستوری ناوخۆ."

ئاماژەی بەوەشداوە"سەرەڕای ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاری بەشداریکردن یان بەشداری نەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەداوە، جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراو بەرپرسیارێتی ئەمری واقیع هەڵناگرێ، ئاشکرایە کاندیدەکانی لیستی (114)ی بزوتنەوەی گۆڕان هاوڕێ و هاوسەنگەرو هەڵسوڕاوی دیاری ئێمەن، بۆیە پشتیوان و هاوکاریان ئەبین بۆ سەرکەوتنیان."

دەقی راگەیەندراوی جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراو:

‏‎ئەمڕۆ شەممە، 5ی 10ی 2024، جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراوی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبونەوەی نائاسایی لە گردی زەرگەتە، مەکۆی سەرەکی، ئەنجامدا. ئەم بڕیارانە دران:

1.دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان بنەمای کاری یاسایی و ڕێکخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕانە، ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا دایناوە، پێشێلکردنی دەستور رەتکراوەیە، هەمو ڕێکارێکی یاسایی و سیاسی دەگرینەبەر بۆ جێبەجێکردنی دەستور.

2.ژوری هەڵبژاردن بەرپرسیارە لە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن کە دەستوری ناوخۆی دیاری کردوە، لە یەک کاتداو بە یەک پاکێج ئەنجام ئەدرێت، هەر هەڵبژاردنێک لە ژێر هەر ناوێکدا ئەنجام بدرێت سەرلەبەری نادەستوری و ناقانونی و نادیموکراتییە.

3.کارکردنی جڤاتی نیشتیمانی لەسەر بنەمای دەستور و بەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕانە، مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان گردی زەرگەتەیە، دەرگای دڵ و ماڵی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەمو گۆڕانخوازان کراوەیە بۆ کاری پێکەوەیی پاڵپشت بە دەستوری ناوخۆ.

4.سەرەڕای ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاری بەشداریکردن یان بەشداری نەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەداوە، جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراو بەرپرسیارێتی ئەمری واقیع هەڵناگرێ، ئاشکرایە کاندیدەکانی لیستی (114)ی بزوتنەوەی گۆڕان هاوڕێ و هاوسەنگەرو هەڵسوڕاوی دیاری ئێمەن، بۆیە پشتیوان و هاوکاریان ئەبین بۆ سەرکەوتنیان.

جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراو

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×