ئەمریکا و بەریتانیا گورزێکی بەهێزیان لە حوسییەکان وەشاند
  2024-10-04       324       

ئێوارەی ڕۆژی هەینی، چەندین تەقینەوە سەنعای پایتەختی یەمەنی هەژاند کە لەژێر کۆنترۆڵی حوسییەکاندایە، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا، هاوکات لەگەڵ هەڵمەتە هاوشێوەکان کە پارێزگاکانی حودەیدە و زماریان لە باشووری یەمەن کردە ئامانج.

ئاوێنە:  خەڵکی ناوچەکە دەڵێن، گوێیان لە چوار تەقینەوەی یەک لە دوای یەک لە سەرتاسەری سەنعا بووە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانەوە.

 میدیاکانی حوسی پشتڕاستیان کردەوە کە بۆردومانێکی ئەمریکی و بەریتانی هەبووە کە باکووری شاری سەنعای کردە ئامانج.

 ئەوەشیان خستووەتەڕوو، 7 هێرش فڕۆکەخانەی حودەیدە و کەمپێکی هێزی دەریایی حوسییەکانیان کردۆتە ئامانج لە ڕۆژئاوای یەمەن، کە پێشتر لە مانگی تەمموز و ئەیلولی ڕابردوودا لەلایەن ئیسرائیلەوە کرابوونە ئامانج.

 بەگوێرەی میدیاکانی حوسی، هەڵمەتێکی دیکە شاری زماری باشووری سەنعای پایتەختی کردە ئامانج.

 میدیاکانی حوسییەکان وردەکاریی زیاتریان سەبارەت بەم هەڵمەتانە نەخستەڕوو.

 ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، گرووپی حوسییەکان ڕایگەیاند فڕۆکەکانی هاوپەیمانی ئەمریکا و بەریتانیا دوو هەڵمەتیان بۆ سەر شاری حودەیدە لە ڕۆژئاوای یەمەن دەستپێکردووە.

 هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە، عەبدولمەلیک حوسی، سەرۆکی گروپەکە ڕایگەیاند کە ئیسرائیل و ئەمریکا لەم هەفتەیەدا ٣٩ هەڵمەتیان بۆ سەر شوێنەکانی گروپەکە ئەنجامداوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×