بەڕێوەبەری‌ خانەنشینیی‌: ئاماده‌كردنی‌ لیستی‌ هاوتاکردنی‌ موچەی‌ خانەنشینان له‌گه‌ڵ به‌غدا كۆتاییهات
  2024-07-07       1086       

بەڕێوەبەری‌ ژمێریاری‌ لەبەڕێوەبەرایەتی‌ خانەنشینی‌ سلێمانی‌ رایگەیاند، لیستی‌ هاوتاکردنی‌ موچەی‌ خانەنشینانی‌ هەرێمی‌ کوردستان له‌گه‌ڵ حکومەتی‌ فیدراڵ ئامادەکراوەو ئەمشەو لیستەکان ئاراستەی‌ وەزارەتی‌ دارایی هەرێمی‌ کوردستان دەکرێن.

ئاوێنه‌: سارا حەمەنەجیب، بەڕێوەبەری‌ ژمێریاری‌ لەبەڕێوەبەرایەتی‌ خانەنشینی‌ سلێمانی‌ بەمیدیاكانی‌ یه‌كێتی‌ راگەیاندووه‌، لەهاوتاکردنی‌ موچەی‌ خانەنشینانی‌ هەرێمی‌ کوردستان لەگەڵ حکومەتی‌ فیدراڵ سەرجەم خانەنشینان سودمەنددەبن بەجۆرێک ئەوانەی‌ لەدوای‌ ساڵی‌ 2014ـەوە خانەنشین بوون دەرماڵەی‌ ساڵانی‌ خزمەت و بڕوانامەیان بۆ ئەژماردەکرێت.

وتیشی، هەرخانەنشینێک موچەی‌ لە یەک ملیۆن دینار کەمتربێت لەگەڵ موچەی‌ خانەشینی‌ مانگانە بڕی‌ 100هەزار دیناری‌ پێدەدرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو خانەنشینانەی‌ بەر لەساڵی‌ 2014 خانەنشین بوون و مووچەکانیان لە 500 هەزاردینار کەمترە مووچەکانیان دەکرێتە 500 هەزاردینار و بڕی‌ 100هەزار دیناری‌ مانگانەی‌ باشترکردنی‌ بژێوی‌ ژیانیان بۆخەرج دەکرێت.

بەڕێوەبەری‌ ژمێریاری‌ لە بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ خانەنشینیی سلێمانی‌ باسیلەوەشکرد، ئەو خانەنشینانەی‌ کۆچی‌ دواییانکردووە 100 هەزاردینار لەگەڵ مووچەی‌ خانەنشینی‌ دەدرێتە واریسەکانیان و کۆی‌ گشتی‌ ئەو بڕە پارەیەی‌ خانەنشینان کە زیاد دەبێت لەسنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ زیاتر لە 28 ملیار دینارە و لیستەکان تەواوبووە و ئەمشەو ئاراستەی‌ وەزارەتی‌ دارایی دەکەن.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×