ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك کۆماری تورکیا دهڵێت، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری نوێی ئێران تورکێکی بەڕەچەڵەک ئازەرییەو لەمەودوا پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئێران باشتر دەبێت.
ئاوێنه: لەدوای سەردانهكهی بۆ ئەڵمانیا بۆ ئامادەبونی لەیاری چارەکی کۆتایی نێوان تورکیاو هۆڵەندا لەچوارچێوەی پاڵەوانێتی ئەوروپا 2024، ئەردۆغان لهبارهی ههڵبژاردنی مەسعود پزیشکیان، وهك سهرۆك كۆماری نوێی ئێران وتی، "پزیشكیان تورکێکی بەڕەچەڵەک ئازەرییە. ئەو کە دەچێتە تەورێز بەتورکیو لەناوچە کوردنشینەکانیش بەکوردی قسە دەکات. فارسییەکی زۆر باشیش دەزانێت".
وتیشی، "کە گەڕامەوە پیرۆزبایی لێدەکەم، پشت بەخوا لەمەودوا پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئێران باشتر دەبێت، تورکیا باشترین پەیوەندیی لەبارەی پرسەکانی ناوچەکە لەگەڵ ئێران هەیە".
مەسعود پزیشکیان، پزیشکی نەشتەرگەری دڵو سیاسەتمەداری ڕیفۆڕمخوازی ئێران، لەخولی دووهمی ههڵبژاردنه سهرۆكایهتییهكهی وڵاتهكهیدا زیاتر له 16 ملیۆن دەنگی بەدەستهێناو بەنۆیەمین سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵبژێردرا.
پزیشکیان لە 29ی 9ی 1954 لەشاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبوە. بەهۆی ئەوەی لەمهاباد لەدایکبووەو کوردییەکی باش قسە دەکات، دەوترێت دایکی پزیشکیان کوردەو باوكی ئازهرییه، بەڵام سهرچاوه ناڕهسمییهكان دهڵێن، دایکیو باوکی ئازەرینو تەنیا لەمهاباد لەدایکبووە.