کە یەکگرتوو دەبێت بەداعش
  2024-07-07       1027       
"یەكگرتوو دەستی لەوە شۆردووە كە دەسەڵات بگرێتە دەست، ئاراستەكەی بۆ كۆمەڵگە گۆڕیوەو كەوتۆتە گیانی‌ ئازادیخوازان"

عەزیز ڕەئووف

چ عەیبەیەكی گەورەیە لەكۆی سەعاتێك  قسەكردن نیو دەقیقە لە قسەكانم دەربێنی وا لە هەوادارە دەمپیسەكانت بكەی سەدان جنێوی پیس و ناشیرین بە خۆم و خێزانەكەم بدەن و لە وڵامی كۆمێنتەكانیش كاكی كاندیدی پارلەمان بۆ هەوادارە دەمپیسەكانت بنوسی: " زۆر سوپاس بۆ بەرێزتان".

من چیم وت؟ بۆ كۆی قسەكانم دانابەزێنن؟ من وتم  "ئێوە هەناسەی ئەوەتان تێدابوو دەسەڵات بگرنە دەست بەڵام چاوتان لە ئەنقەرە و محەمەد مورسی بوو"، من وتم "ئێوە كۆمەڵگەی كوردیتان نەناسیوە"، من وتم "یەك خۆپیشاندانتان كردووە ئەویش لە هەولێر بۆ لەكارخستنی محەمەد مورسی بوو" بۆ كۆی قسەكانم دانابەزێنن؟ من  وتم "تۆ دەسەڵات بگریتە دەست دەبێ كۆی خەڵك بە حیجاب و بێ حیجابەوە قبوڵ بكەی"،  من وتم " لەجیاتی ئەوەی ئاهەنگی تاجی زێڕین بۆخانمان بكەیت، پەروەردەیان بكە لەسەر پای  خۆیان بوەستن تا بەرگری لە خۆیان و كەرامەتیان بكەن" ئەم قسانە چ كێشەیەكی تیایە لە سیاقی قسەكان دەریدەهێنن و ڕەش و ڕووت و خەڵتەی ئەم وڵاتە كە نە ئاوی هەیە بیخواتەوە نە كارەبای هەیە نە دادەمەزرێت، لە منت هار كردووە كە قسە بە خۆم و خانەوادەكەم  بڵێن. من چیم وت هێشتا هیچ نەبووە لێم بوون بە پۆلیسی ئەخلاق و لە ئێستاوە ئەخلاق دابەش دەكەن و ناشرینی و پۆخڵی خۆتانی تێدا دەشارنەوە.

چەندین ساڵە یەك  غەدر  لە یەكگرتوو كرابێت ئێمە یەكەم  كەس بووین كە بەرگریمان لێدەكردن و ئیمزامان كۆدەكردەوە و بەیاننامەی پشتگیریمان بڵاو دەكردەوە. بیرمە لەگەڵ یەكەم لێدانی بارەگای یەكگرتوو لە بادینان، من لە ڕۆژنامەی (هاووڵاتی) وەك  بەرگری لە یەكگرتوو ،نوسیم " من یەكگرتووی ئیسلامیم" ئەوەش مۆراڵی ئێوەیە لەسەر ڕایەكی سادە كە نە دژایەتی دینم كردووە و نە دژایەتی حیجابی ژنەكەی ئاردۆگان، پاداشتی من ئەم هەموو جنێوە ناشرینەیە، ماڵتان ئاوا بێت. كە لە دەسەڵاتی خۆجێیی بادینان كشانەوە من بووم وتم " هەربژی یەكگرتوو" ئەی بۆ نوسینەكەی منتان برد و لە پەیجەكانی خۆتانەوە بڵاوتان كردەوە و دەسخۆشیتان لێ دەكردم؟ برایانی ئیخوان ئەمە چ مۆراڵێكە ئێوە هەتانە؟

ڕۆژ تا ئێوارە بە پارتی و یەكێتی دەڵێین مافیا، خۆپشاندان دژیان دەكەین و بە خائین و خۆفرۆش وەسفیان دەكەین، كەچی یەك كادری یەكێتی و پارتی لانی كەم لێمان نەبوون بە پۆلیسی ئەخلاق، كەچی ئیسلامیەكانی كوردستان لە ڕابردوودا و یەكگرتووی ئیسلامیش چەند ساڵێكە كەوتۆتە بەشكردنی ئەخلاق و دابەشكردنی كۆمەڵگە بۆ ئیماندار و بێ  ئیمان و مۆراڵ و بێ مۆراڵ.

لەوماوەیەدا سور دەمانزانی پارلەمانتارەكانی یەكگرتوو لەنێوان یەكێتی و پارتیدا دابەش بوون دەسەڵاتیان لەخۆیان توڕە ناكرد، هێشتا خاترمان دەگرتن و دەمان وت دەكرێ بگۆڕێن، بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ كوڕە چاكەكانیان و ڕاگەیاندنكارە نازدارەكانیان لەداخی ئەم فۆرمە لە سەركردایەتی یەكگرتوو كە هەموویان خانەنشینی حكومەتن، سەریان هەڵگرت و ئێستاش كەناڵێكی حزبەكان نیە گەنجێكی خوێنشیرینی یەكگرتووی تیانەبێت كە لەداخی ئەم مەخلوقە عەجیبانەی یەكگرتوو سەری خۆیان هەڵگرتووە.

لە كۆڕێدا لە ساڵی 2018 لەهەڵەبجە وتم ئەم هەڵبژاردنە زەرەرمەندترین لیست یەكگرتووی ئیسلامیە ئەمەش لەبەرئەوەی زمانی یەكگرتوو گۆڕاوە و زمانێكی زبرو  ناشرینی هەیە ئەمەش لەگەڵ ئەو پەیڕەوەی نوسیویانە یان بۆیان نوسراوە یەك  ناگرێتەوە.

یەكگرتوو دەستی لەوە شۆردووە كە دەسەڵات بگرێتە دەست، ئاراستەكەی بۆ كۆمەڵگە گۆڕیوە و كەوتۆتە گیان ئازادیخوازان و هەر كەس ڕای یەك تۆز لە بەرنامە و ستراتیژی ئیخوان جیاواز بێت خەڵتەی كۆمەڵگەی تێبەردەدەن و هەزار و یەك  جنێو بە خۆی و خانەوادەكەی دەدەن.

ساڵی پار دكتۆر مەریوان وریا قانع لەگەڵ برادەرێكی یەكگرتوو سیمینارێكیان كرد، پێم وت هاوڕێ تۆ گفتوگۆ لەگەڵ كێ دەكەی؟ ئەمشەو سەیركە سایتەكانی یەكگرتوو چیت پێدەكەن. هەر بەبەرنامەی پێشوەخت كۆڕەكەیان پڕ كرد  لەهەواداری خۆیان و مداخەلەیان كرد، بۆ شەو قسەكانی خۆیان دەردەهێناو نوسیبویان: "لەوڵامی دەمكوتكردنی مەریواندا"، "لەوڵامی بوختانەكانی مەریواندا". ڕێك دوای ساڵێك، قسەكانی من لە سیاق دەردێنن و دەیانەوێت بە جنێوی هەوادارەكانیان  كەسێكی تریان بنێرنە پارلەمان و دەوڵەمەندی بكەن و ئەویش وەك بەشێك  لە هاوڕێ پارلەمانتارە ئیسلامیەكانیان هەر دوو عانە شك ببەن ژنی یەكەمیان جێدەهێڵن و ژنێكی ناسكۆڵە بەناوی شەریعەت و جێبەجێكردنی فەرمانی خوداوە لەخۆیان مارە دەكەن. یان لە ناو حكومەتیشدا پێشناری نیوە موچە و چارەكە موچە بۆ فەرمانبەران دەكەن و وەك زۆرێك بەرپرسانی پارتەكەیان پارەی موفتی خانەنشینی دەخۆن و كۆمەڵگەش بۆ گەنجی داماوی خێرلەخۆنەدیو جێدەهێڵن، ئەوانیش هیچیان نیە بەس دەمیان نەبێت دەكەونە جنێو بە خۆمان و خانەوادەكانمان.

ماڵتان ئاوابێ یەكگرتوو،لە ئێستاوە بوون بەداعش.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×