سه‌باره‌ت به‌پێدانى زه‌وى به‌مامۆستایان زانیاریى ئاشكراده‌كرێت
  2024-07-07       301       


یه‌كێتى مامۆستایانى كوردستان ئاشكرایده‌كات، فۆڕمى وه‌رگرتنى زه‌وى به‌سه‌ر مامۆستایانیشدا دابه‌شده‌كرێت هاوشێوه‌ى فه‌رمانبه‌رانى دیكه‌ى حكومه‌ت، ده‌شڵێت:"چەند بنەمایەك بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمەكان دادەنرێت".

️عەبدولواحید محەمەد سەرۆكی ڕێكخراوی یەكێتیی مامۆستایانى كوردستان ئاشكرایكردوه‌، هاوشێوەی فەرمانبەرانى دیكه‌ى حكومه‌ت، فۆڕمی دابەشكردنی زەوی بەمامۆستایانیش دەدرێت‌و چەند بنەمایەكیش بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمەكان دادەنرێن.

وتوشیه‌تى:"به‌گوێره‌ى ڕێنماییەكانی حكومەت، بۆ دابەشكردنی زەوی سەرجەم فەرمانبەران‌و مامۆستایان وەك یەك‌و لەیه‌ك كاتدا ڕاده‌گەیەندرێت‌و جیاوازیی نییە كە چەند بنەمایەك دانراوە لەوانە خێزان، ساڵانی خزمەت‌و پێشتر سودمەندنەبوبێت، بەڵام لەبەشێك لەفەرمانگەكاندا پێشتر ڕێوشوێنەكان دەستپێكراوە، لەپەروەردە دەبێت سەرەتا لەوەزارەتەوە ئاراستەی پەروەردەكان بكرێت‌و دواتر بۆ ناوەندەكانی خوێندن".

ئه‌وه‌شى وتوه‌، "چاوەڕواندەكرێت زانیارییەكان لەڕێگه‌ی فۆڕمێكەوە بەمامۆستایان پڕبكرێتەوە یاخود ئەپڵیكەیشنێك دابنرێت‌و زانیارییەكانی تێدا تۆماربكرێت".

ڕۆژى 27ى 3ى 2024  مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاشكرایكرد، بڕیاریانداوە وەزارەتی شارەوانی‌و گەشتوگوزار دەستبکات بەتەرخانکردن‌و دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی کە تائێستا لەحکومەت سودمەندنەبون.

له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌  د.عەبدولحەكیم خەسرەو سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی‌و بەدواداچون لەئەنجومەنی وەزیرانی هه‌رێم ئاشكرایكردوه‌، "بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ پێدانی زەوی، هەموو فەرمانبەران دەگرێتەوە، بەفەرمانبەرانی هەمیشەیی‌و گرێبەستەوە کە لەڕابردودا سودمەندنەبونە، ئەوەش وەکو مافێکەو حکومەتیش ئەو مافە دەدات".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×