وتەبێژی كەجەكە: بەشێک لەو هێزەی تورکیا کە هاتوەتە هەرێم، ئەندامی داعش و گروپە جیهادییەکانی سوریان
  2024-07-05       572       

وتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان ( کەجەکە) ڕایدەگەیەنێت، تورکیا هاوشانی سوپاکەی ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی "گروپە تیرۆریستی و جیهادیەکان"ی هێناوەتە هەرێمی کوردستان بۆ بەکارهێنانیان لە شەڕی دژ بە پەکەکە و دەڵێت، هێزەکە مەترسی بۆ سەر خەڵکی هەرێمی کوردستانیش دروستدەکەن.

ئاوێنە: زاگرۆس هیوا، وتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان(کەجەکە)، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "تورکیا لەگەڵ هێزەکانی خۆی ژمارەیەکی زۆر لە گروپە جیهادیەکانی هێناوەتە هەرێمی کوردستان، ئەو هێزە رادیکاڵانەی کە لە ئیدلیب و عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپی جێگیر کراون و هەمویان پێشینەی داعش و بەرەی نوسرەیان هەیە."

وتیشی، "وێڕای هەبونی زانیاریمان لەناو ئەو هێزانەوە بۆ پشتڕاستکردنەدوەی ئەم بابەتە، سەرەتای ئەمساڵ بەرپرسی ئەم مورتەزەقانە عەبدولرەحمان مستەفا بۆ خۆی لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند کە لە شەڕی باکوری عێراقدا هاوکاری تورکیا دەکەن، گەرچی کاتێک کە بینییان کاردانەوە هەیە و ئەم پۆستە لەسەریان دەکەوێت، پاش کاتژمێرێک سڕیانەوە."

ئاماژە بەوەش دا، "چاودێری گەریلاکانی بەشداربو لەو شەڕانەدا ئەوەیە کە زۆری سەربازەکان لە گەرماوگەرمی شەڕدا بە عەرەبی هات و هاوار دەکەن، مورتەزەقەی جیهادیی خۆکوژ کە تی ئێن تی بە خۆیانەوە گرێ دەدەن، بە ئەڵاهو ئەکبەر ولا ئیلاهە ئیلا ئەڵا دێنە ناو تۆنێلەکان و خۆیان دەتەقێننەوە و ڕێگە بۆ سەربازانی سوپای داگیرکەری تورک دەکەنەوە."

دەنگی ئەمەریکا کۆپییەکی ئەو "بەڵگە" نوسراوەی دەستکەوتوە کە گوایە عەبدولڕەحمان مستەفا، سەرکردەی تورکمانی سوریا و سەرۆکی "حکومەتی کاتی سوریا" نزیک لە تورکیا بڵاویکردۆتەوە. نوسراوەکە، کە دەوترێت لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسەوە بڵاوکراوەتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ 24ی چواری 2024 و تێیدا گوایە عەبدولڕەحمان مستەفا دەڵێت "ئەوپەڕی ئامادە دەبین بۆ دیاریکردنی کات و شوێنی چالاکییەکانی تورکیا لە باکوری عێراق."

بەڵام نوسینەکە ئێستا لەسەر پەڕەی تایبەتی ئەو سەرکردە تورکمانە سورییە نییە و چەند ڕۆژنامەنوسێک بە دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاند کە دوای کاردانەوەکان سڕاوەتەوە.

لە کاتێکدا هەواڵەکان باس لە هاتنی تورکیا بە قوڵایی نزیکەی 40 کیلۆمەتر بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەڵام هەتا ئێستا حکومەتی هەرێم هێچ لێدوانێکی ڕەسمی لەمبارەوە نەداوە.

وێڕای لێدوانەکەی وتەبێژی کەجەکە بۆ دەنگی ئەمەریکا، دو ڕۆژ بەر لە ئێستاش سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە میانی وەڵامدانەوەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بە تۆمەتبارکردنی چەند ئەندامێکی دژە تیرۆر و هێزەکانی 70ی حزبەکەی بە سوتاندنی بازاڕەکانی هەولێر و دهۆک و کەرکوک، ئەم بابەتەی پشتڕاستکردەوە.

سەعدی پیرە وتی، "لەو هێزانەی ئەمڕۆ دێنە هەرێمی کوردستان سەرو 300 کۆنە ئیرهابی سەردەمی داعشیان تێدایە؛ بە وێنە و بە ناو لەبەردەستمدایە."

هەرچەندە حکومەتی تورکیا لەسەر ئەم پرسە ڕونکردنەوە نادات، بەڵام لە ماوەی ساڵانی ڕابردودا دەزگا هەواڵییە نێودەوڵەتییەکان چەندین جار ئاماژەیان کردوە بە ناردنی هێزەکانی سوری لە لایەن تورکیاوە بۆ و وڵاتانی ئەفریقا وەکو لیبیا و ناوچەی ناگۆرنۆ کەرەباخ.

بە پێی ئاماری ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریكی، تورکیا لە مانگی 12ی ساڵی 2017ەوە هەتا مانگی چواری 2022 نزیکەی 64 بنکەو بارەگای سەربازی لە خاکی هەرێمدا لە قوڵایی 40 کیلۆمەتر بۆ 12 کیلۆمەتر دروستکردوە، سەرەڕای بونی ئەو بارەگایانەش بەردەوام هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان.

ڕێکخراوەکە ئاماژە بەوە دەکات هێزەکەی ئەمجارەی تورکیاش کە لە چەند ڕۆژی ڕابردودا هاتونەتە هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەزار سەرباز دەبێت و چەکی قورسییان پێیە.

بە پێی وتەی میدیاکان دوێنێش نزیکەی کاتژمێر 2:30 خولەکی بەرەبەیان، 45 تانک و زریپۆشی سوپای تورکیا لە ڕێگەی "ناحیەی بامەرنێ"وە بە قەزای ئامێدیدا تێپەڕبون و چونە ناو گوندی سەرگەلێ لە قەزای ئامێدی.

 

هاتنی ئەم هێزانە ترس و دڵەراوکێی لای هاوڵاتیان و گوند نشینان دروست کردوە.

هاشم عومەر موختاری گوندی کەشان، یەکێک لەو گوندانەی سوپای تورکیا لێی نیشتەجێبوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "تورکیا نەهاتوە بۆ بەرژەوەندی ئێمە ئەوانە دوژمنن، خەڵکی گوندەکان ناتوانن لە ترسی ئەو هێزانە ئیشەکانی خۆیان بەڕێبکەن و هەر دەقەیەک ئێمە موعەرەزین بۆ کوشتن و پەلاماردان."

وتیشی، "ئێمە لە ڕیگەی کەسوکارمانەوە لەسەر سنوری تورکیا و تورکیاش بۆمان دەرکەوتوە، لەگەڵ هێزەکانی تورکیا چەتەیان لەگەڵدان و هاوشانی ئەوان شەڕ دەکەن و هەندێک جاریش حەرەسیات دەگرن، جگە لەوەش جاشیشیان لەگەڵدان کە کوردن و بە کوردی قسە دەکەن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×