مەسرور بارزانی: نامەوێت کات دابنێم، بەڵام ئومێدم زۆرە لەماوەیەکی نزیکدا کارەبای 24 کاتژمێریی دابینبکەین
  2024-07-07       267       
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان


مەسرور بارزانی له‌باره‌ی‌ خراپی‌ دۆخی‌ كاره‌باوه‌ ڕایگه‌یاند، "نامەوێت کات دابنێم، بەڵام ئومێدم زۆرە لەماوەیەکی نزیکدا کارەبای 24 کاتژمێریی بۆ هاوڵاتیان دابینبکەین." سه‌باره‌ت به‌موچه‌ش وتی‌، لەگەڵ حکومەتی عێراق لەبارەی موچە گەیشتونەتە تێگەیشتنێکی هاوبەش‌و "ئینشائەڵڵا چی دیکە بابەتی موچە نابێتە هەواڵی رۆژنامەو میدیا."

ئاوێنه‌: مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگفتوگۆیەکی تایبەتدا لەگەڵ بەشێک لەهاوڵاتیانی‌ سنوری پارێزگای‌ سلێمانی باسی لەچه‌ند پرسێكی‌ جیاواز كرد.

له‌وه‌ڵامی‌ هاوڵاتییه‌كی‌ قەزای دەربەندیخاندا كه‌ وتی، خاوەنی دوو دەریاچەن، بەڵام ئاوەکەیان تام و بۆن و رەنگیشی هەیە و بۆ بەکارهێنان نابێت‌و خاوەنی وێستگەی کارەبای کارۆئاوین، بەڵام خەڵکی شارەکە کەمترین کارەبایان هەیە، مەسرور بارزانی ڕایگه‌یاند، "کێشەی کارەبا لەتەواوی هەرێمی کوردستان هەیەو هۆکاریشی زۆرە، لەوانە هەبوونی خواستی زۆر لەسەر کارەبا.. وەکو پێویست نەمانتوانیوە سود لەو سەرچاوە سروشتیانە وەربگرین بۆ دابینکردنی کارەبا، بەڵام بەرنامەمان هەیە، نامەوێت کات دابنێم، بەڵام ئومێدم زۆرە لەماوەیەکی نزیکدا بتوانین کارەبا بۆ هەموو کوردستان بە 24 کاتژمێری دابینبکەین نەوەکو تەنیا دەربەندیخان، بەڵام بەڵێنی کاتەکە نادەم. بەدڵنیاییش بەدواداچوون بۆ کێشەی ئاویش دەکەین".

هاوڵاتییه‌كی‌ دیکە له‌مه‌سرور بارزانی‌ پرسی‌، ئەمڕۆ بابەتی موچە زۆرترین باس و خواسی‌ له‌سه‌ره‌، حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی بۆ چارەسەکردنی بنەڕەتی موچە چییە؟ سەرۆکی حکومەتی هەرێم وتی، لەهەرێمی کوردستان ملیۆنێک‌و 200 هەزار موچەخۆر هەن؛ هەموویان فەرمانبەر نین، کەسوکاری شەهیدان، زیندانی سیاسی، پەککەوتەشن، لەکاتێکدا دانیشتووانی هەرێمی کوردستان نزیکبووەتەوە لە 7 ملیۆن کەس، کەواتە خەڵکیش هەن خاوەنی کاری خۆیانن یان لەکەرتی تایبەتدان.
 
مەسرور بارزانی وتیشی‌، "گەیشتوینەتە تێگەیشتنێکی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق، کە هاتنی‌ موچە بەردەوام بێت، پێموایە وردە وردە دەکەوێتە سه‌ر رێچکەی خۆی، کە ئینشائەڵڵا لەمەودوا بابەتی موچە چیتر نابێتە هەواڵی رۆژنامەو میدیا".

سه‌باره‌ت به‌پرۆژه‌ی‌ "هه‌ژماری‌ من" مەسرور بارزانی ڕونیكرده‌وه‌، "پڕۆژەی هەژماری من بۆ خزمەتی هاوڵاتیان دروستکراوە، ئەوانەی دژایەتی دەکەن یان تێبینیان لەسەری هەیە، یان لێی نازانن یان بۆ مەرامی سیاسیی دژایەتی دەکەن..پڕۆژەکە نە کەسییەو نه‌حیزبییە، تەنیا شتێکە کە توانای دارایی بۆ هاوڵاتی دەگەڕێنێتەوە، ئەو فەرمانبەرەی کە موچە وەردەگرێت تەنیا ئەمجارە لەحکومەت وەری دەگرێت، نەلەبەرپرسێکی سیاسیی نەلەبەرپرسێکی سەربازیی وەردەگریت؛ نەلەکەسێک کە خۆی بەگەورەتر بزانێت".

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×